گەرمیان گلی – ههولێر
بەگوژمەی دوو ملیار و نیو لە سنووری قەزای ڕواندز بەردی بناغەی پێنج پڕۆژەی خزمەتگوزاریی گرنگ دانران. یەکێک لەو پڕۆژانە، پڕۆژەی ئاوی دۆڵی ئاکۆیانە بەگوژمەی زیاتر لە پێنج سەد ملیۆن دینار.
بەڕێوبەری ڕاگەیاندنی ئیدارەی سەربەخۆی سۆران، ڕایگەیاند: بەردی بناغەی پێنج پڕۆژەی گرنگ لە قەزای رواندز دانران. پڕۆژەکان بریتی بوون لە دانانی بەردی بناغەی پڕۆژەیەکی ئاوی بۆ دوڵی ئاکۆین، پڕۆژەی چاککردنەوە و نۆژەنکردنەوەی کۆڵانەکانی سەنتەری قەزای رواندز و نۆژەنکردنەوەی یاریگای ١٢ یاریزانی قەزای رواندز، پڕۆژەی کۆنکرێتکردنی کۆڵانەکانی بەرزێوە لەسنووری قەزای ڕواندز. هەروەها کۆی پڕۆژەکانیش بەگوژمەی دوو ملیار و پێنج سەد ملیۆن دینار جێبەجێ دەكرێن و دەكەونە خزمەت هاووڵاتییان.
ھەڵگورد شێخ نەجیب، سەرپەرشتیاری ئیدارەی سەربەخۆی سۆران، ڕایگەیاند، لەسەر بڕیاری مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان، بەردی بناغەی چەند پڕۆژەیەکمان دانا، لە ئایندەیەکی نزیکدا ھەوڵ دەدەین ئەو پڕۆژانەی دیکەش کە پێویستییان بە جێبەجێ کردن ھەیە، بیانخەینە بواری جێبەجێکردنەوە.
سەرپەرشتیاری ئیدارەی سۆران، گوتیشی: دۆڵی ئاکۆیان لە شۆڕشەکانی مێژووی کورد گرنگییەکی تایبەتی ھەبووە، بۆیە مافی خۆیانە ناز بەسەر حکوومەتدا بکەن، بۆ ئەوەی ئێمە بتوانین زیاتر خزمەتییان بکەین، ئەنجوومەنی وەزیران بۆ بە ناحیەبوونی دۆڵی ئاکۆیان ڕەزامەندیی داوە و وەک مژدەیەک ڕایدەگەینین، ھەروەھا دەستی پڕۆژە خزمەتگوزارییەکانی ئیدارەی سەربەخۆی سۆران لەم ناوچەیەش زیاتر دەبن.
ھەڵگورد شێخ نەجیب، سەرپەرشتیاری ئیدارەی سەربەخۆی سۆران، سەبارەت بە پڕۆژەی ئاوی دۆڵی ئاکۆیان، ئاشکرای کرد: ئەم پڕۆژەیە ماوەیەکی زۆرە ھەوڵی بۆ دەدرێت، ھەموو ئەوانەی لەم دەڤەرەن بە گەنج و پیر و پیاوماقوڵ، لەگەڵ بەرپرسانی حیزبی داواکارییەکی زۆریان بۆ ئێمە ھێنابوو، پڕۆژەی ئاوی دۆڵی ئاکۆیان کە دەبوو زووتر جێبەجێ کرابایە، بەڵام بەھۆی ھەندێک ھۆکار و کێشەی تەکنیکی کارەکانی تۆزێک دواکەوت، بەڵام لە قۆناغی یەکەم بەردی بناغەی ئەو پڕۆژەیە دانراو و لە ئایندەیەکی نزیکیشدا قۆناغەکانی دیکە دەستپێدەکات.
ھەڵگورد شێخ نەجیب، زیاتر دەڵێ: وێرای پڕۆژەی دۆڵی ئاکۆیان، چەند پڕۆژەیەکی دیکەش بەردی بناغەیان بۆ دانرا، پڕۆژەکانیش بریتین لە پڕۆژەی ئاوی دۆڵی ئاکۆیان بە گوژمەی نزیکەی شەش سەد ملیۆن دینار، قیڕتاوکردن و کۆنکرێتکردنی ڕێگای گوندەکانی سەران، گەرەوانی خواروو، ئاکۆیان، فەقیان، ئاوی کەون، گەرەوانی سەروو، گوژمەی تەرخانکراو نزیکەی حەوت سەد و شەست و نۆ ملیۆن دینار، چاککردنەوە و نۆژەنکردنەوەی کۆڵانەکانی سەنتەری قەزای ڕواندز گوژمەی تەرخانکراو زیاتر لە چوار سەد و ھەشتا ملیۆن دینار، نۆژەنکردنەوەی یاریگای ١١ یاریزانی ڕواندز گوژمەی تەرخانکراو نزیکەی دوو سەد و نەوەد ملیۆن دینار، کۆنکرێتکردنی کۆڵانەکانی بەرزێوە، ماولیان و جوندیان گوژمەی تەرخانکراو نزیکەی دوو سەد و حەفتا ملیۆن دینار.