ئەمڕۆ پێنجشەممە 2024.5.2، ئومێد خۆشناو، پارێزگاری هەولێر، بە یاوەری شوان زراری، پەرلەمنتاری پێشووی پارتی و کارزان عبدولهادی، سەرۆکی شارەوانی هەولێر و هێمن موراد، بەڕێوەبەری گشتی کشتوکاڵی هەولێر و شاندى یاوەرى، لە چوارچێوەی سەردانەکەیدا بۆ شارى دیار بەکر، سەردانی سەردانی لقی دیاربەکری پارتی داد و گەشەپێدان AKPـی کرد و لەلایەن ڕەشید ئۆجاق، بەرپرسی لقی دیاربەکری پارتی داد و گەشەپێدانی تورکیا و محمد سەعید یاس، پەرلەمانتاری پارتی ناوبراو و بەرپرسی پەیوەندییەکان، پێشوازى لێکرا.
لە دیدارەکەدا، پارێزگارى هەولێر، وێڕای جەختکردنەوە لە سەر پتەوکردن و بەرەوپێشبردنی پەیوەندییەکانی نێوان هەرێمی کوردستان و وڵاتی تورکیا، باسی لە سەردانەکەی سەرۆککۆماری تورکیا بۆ عێراق و هەرێمی کوردستان و دیدار و کۆبوونەوەی لەگەڵ سەرۆک مەسعود بارزانی و سەرۆکی هەرێم و سەرۆکی حکومەتی هەرێم کرد و بەسەردانێکی سەرکەوتوو و گرنگی لەقەڵەمدا، لەوبارەیەشەوە ئومێدی خواست سەردانەکەی سەرۆککۆماری تورکیا بۆ عێراق و هەرێمی کوردستان ببێتە ماییە سوود گەیاندن بە هەموولایەک.
دواتر پارێزگاری هەولێر، ئاماژەی بە پەیوەندییەکانی نێوان وڵاتی تورکیا و هەرێمی کوردستاندا کە لەئێستادا لە ئاستێکی باش دایە، بەتایبەتی پەیوەندییە بازرگانییەکان، لەوبارەیەشەوە گوتی، لە هەرێمی کوردستان، بە تایبەتی لە هەولێری پایتەخت دەرفەتی باش بۆ وەبەرهێنەر و کۆمپانیا بازرگانییەکان ڕەخساوە.
لەتەوەرێکی تری دیدارەکەدا، پارێزگاری هەولێر، سەبارەت بەسەردانی شاندی پارێزگای هەولێر بۆ دیاربەکر و دیدار و کۆبوونەوەیان لەگەڵ پارت و لایەنە سیاسیەکان، ڕایگەیاند: ” لە کۆبوونەوە و دیدارەمان لەگەڵ پارت و لایەنە سیاسیەکان، جەختمان لە دەستپێکردنەوەی پڕۆسەی ئاشتی کردۆتەوە، کە تاکە ڕێگەی چارەسەری کێشەکانە، ئەوەی درکمان پێی کردووە هەموو لایەنەکانیش ئەو خواستەیان هەیە، ئێمەش وەک هەرێمی کوردستان، هیوای خوازین پڕۆسەی ئاشتی لە تورکیا دەست پێبکاتەوە، کە سەرۆك بارزانی هەمیشە جەختی لێ کردۆتەوە و حكومەتی هەرێمی كوردستانیش بەردەوام وەكو فاكتەرێكی سەقامگیری و بەشێك لە چارەسەر لەو بارەدا رەفتاری كردووە.
لەلایەن خۆیانەوە، بەرپرسی لقی دیاربەکری پارتی داد و گەشەپێدانی تورکیا، سوپاسی هەرێمی کوردستانی کرد، لە پێشوازی کردنی سەرۆککۆماری تورکیا و ئاماژەی بەوەدا نەک ئێمە تەنانەت خودی سەرۆککۆمار لەسەردانەکەی بۆ هەرێمی کوردستان زۆر ئاسودە و خۆشحاڵ بوو، هیواشی خواست پەیوەندییەکانی نێوان وڵاتی تورکیا و هەرێمی کوردستان لە سەر هەمووئاستەکان بەرەوپێشچوونی زیاتر بەخۆیەوە ببینێ.