محەممەد شوکری سەرۆکی دەستەی وەبەرهێنانی هەرێمی کوردستان ڕێزلێنانی پێشکەشی ئەو وەبەرهێنانە کرد کە هاوکاربوون لە یارمەتیدان و قەرەبووکردنەوەی هاووڵاتییانی زیان پێگەیشتووی لافاوەکەی دهۆک.
سەرۆکی دەستەی وەبەرهێنانی هەرێمی کوردستان بۆ ڕۆژنامەنووسانی گوتی: ئەو هاوکارییە ماددییەی وەبەرهێنەران پێشکەشیان کرد بۆ یارمەتیدانی لێقەوماوانی لافاوەکەی دهۆک کاریگەریی و بایەخێکی زۆری هەبووە لە قەرەبووکردنەوەی ئەو هاووڵاتییانەی بەهۆی لافاوەکە زیانیان پێگەیشت بوو.
گوتیشی: حکوومەتی هەرێمی کوردستان کاری باشتر و زیاتری کردووە بۆ ئەوەی ڕێگری لە دروستبوونی لافاو بکرێت، بە تایبەت بەو پلان و کارانەی لە هەولێر گیرانەبەر لەگەڵ ئەوەی بارانی زۆر و بەخووڕ باری، بەڵام کارەساتی لێ نەکەوتەوە، بۆیە هەوڵدەدرێت پلان و پرۆژەی هاوشێوە لە سلێمانی، زاخۆ و گەرمیان و ناوچەکانی دیکەش بگیرێتەبەر بۆ ئەوەی کاریگەرییەکانی باران کەم بکرێتەوە و کارەساتی دیکە لە ناوچەکان ڕوو نەدات.
ڕاشیگەیاند جێگەی دڵخۆشییە وەبەرهێنەران لە سلێمانی، هەڵەبجە، گەرمیان، هەولێر و دهۆک و لە هەموو ناوچەکانی هەرێمی کوردستان بەشداریان لە هەڵمەتی کۆکردنەوەی هاوکاری بۆ لێقەوماوانی دهۆک و زاخۆ کرد، ئومێدەوارین ئەو تەبایی و گیانی هاوکارییەی لە نێوان ناوچەکانی هەرێمی کوردستان هەیە لەگەڵ ئەو پشتیوانییەی وەبەرهێنەران بۆ حکوومەتی هەرێمی کوردستان هەر بەردەوام بێت.
لە 19ی ئاداری ئەمساڵ بەهۆی ئەو بارانە بەخووڕەی سنووری پارێزگای دهۆک و ئیدارەی سەربەخۆی زاخۆی گرتەوە بووە هەی هەستانی لافاو، بە گوێرەی ئامارەکانی بەرگری شارستانیی دهۆک سێ هاووڵاتیی خنکان کە دوونیان بە رەچەڵەک عەرەب بوون.
هەروەها دەیان خانوو و ئۆتۆمبێلی هاووڵاتییان زیادیان پێگەیشت.