یەکشەممە, تشرینی دووه‌م 24, 2024

چۆن مامەڵە لەگەڵ کەسانی نابینادا بکەین؟

ئەو کەسانەی نابینان، زۆر مەبەستیانە کە بەهەمان شێوەی کەسانی ئاسایی بەڕێزەوە مامەڵەیان لەگەڵ بکرێت و تووشی دۆخی شەرمەزارکەر نەبن و پێویستە لەسەر هەموو تاکێک ڕێز لە کەسی نابینا بگرێت و بەهایان بپارێزێت.
ئامانج بایز، توێژەرێکی کۆمەڵایەتییە، دەربارەی مامەڵەکردن لەگەڵ کەسانی نابینا دەڵێ: ئەگەر زانیت کەسێکی نابینا پێویستی بە یارمەتییە، ڕاستەوخۆ یارمەتیی مەدە، بەڵکوو سەرەتا پرسی پێبکە، بەم شێوەیە دەزانیت یارمەتییەکەتی دەوێت یان ڕەتی دەکاتەوە. هەروەها ئەگەر بینیت کەسێکی نابینا لە مەترسیدایە یان شتێک لە پێشیەتی یان دەیەوێت بە شتێک بگات، بە وریایی وشەکانت بەکاربهێنە کە ئاگاداری دەکەیتەوە، بۆ نموونە لەبری ئەوەی بڵێیت، پەرداخەکە لەوێیە، بڵێ، لای ڕاست، یان چەپ، یان ڕێک لە بەردەمت. کاتێک قسە لەگەڵ کەسێکی نابینا دەکەیت بۆ کارێک، خۆتی پێبناسێنە، تەنانەت ئەگەر پێشتریش بینیبێتت هەر خۆت بناسێنە، چوونکە ڕەنگە دەنگت نەناسێتەوە. بۆ ئەو خێزانانەی کەسێکی نابینایان هەیە پێویستە لە کاتی گۆڕینی شوێنی کەلوپەلێک لە ماڵەکە ئاگاداری بکەنەوە، چونکە ئەو بەو وێنایانەی مێشکی خۆی شتەکان دەدۆزێتەوە و پێویستی بەوەیە وێنای بکات لە کوێن. بە هیچ شێوەیە دەستیان لێمەدە لە کاتی قسەکردن یان کاتێک یارمەتییان دەدەیت، تەنیا ئەو کاتە نەبێت کە پێشتر ڕووخسەت بخوازیت”.
ئەو توێژەرە دەشڵێت: کەسانی نابینا یان نابینایی بەو کەسانە دەگوترێت نابیناکە یان لە زکماکییەوە هەستی بینینیان لەدەستداوە یان بەهۆی ڕووداوێکەوە بینایی چاویان لەدەست داوە. وێناکردنی دەورووبەر و کەسەکان جیاوازی هەیە لەو کەسەی کە نابینایی زکماکی هەیە لەگەل ئەو کەسەی کە نابیناییەکەی بەهۆی ڕووداوێک دروست بووە. کەسی نابینا بەهۆی لەدەستدانی هەستی بینینەوە، چوار هەستەکەی تری بەهێزن و بۆیە سەرەنجی بۆ شتەکانی دەوروبەری زۆر بەهێز دەبێت، زۆرجار بەهۆی دەنگدانەوە سەرنجی شتەکانی دەورووبەر دەدات، زۆرێک لە نابینایان ئاستی زیرەکیان بەرزە و بە زوویی شتەکان لەبەر دەکەن و یادەوەرییان بەهێزە. بەپێی توێژینەوە پزیشکییەکان دەرکەوتووە کە بەشێک لە کەسانی نابینا دەتوانن ڕووناکی و تاریکی لەیەک جیابکەنەوە، واتا ئەگەر ڕووناکییەکی زۆر هەبێت هەستی پێدەکەن و بەشێکیان هەست بە تاریکیش دەکەن، بۆ نموونە هەندێک لە نابینایان هەست بە تین و ڕووناکی تیشکی خۆر دەکەن، هەندێکی تریان هەست بە بڕانی کارەبا و هاتنەوە و هەڵکردنی ڕووناکی دەکەن، هۆکاری ئەمە دەگەڕێتەوە بۆ بوونی تۆڕێک لە هەستە دەمارە خانەی هەستیار بۆ ڕووناکی لە چاوی کەسی نابینا، بەڵام ئەم تۆڕە بەهۆی کێشەیەک یان هۆکارێکی نادیار یان بەهۆی نەخۆشییەک زانیارییەکە ناگوازێتەوە بۆ ئەو بەشەی مێشک کە بەرپرسە لە دروستکردنی وێنە بۆیە بینین دروست نابێت و تەنها هەستەکە دروست دەبێت. ئەو نابینایەی کە لە زکماکییەوە توانای بینینی نییە ئەگەری بینینی خەون و مۆتەکەیان زیاترە بەراورد بە کەسی ئاسایی، خەونی کەسانی نابینای زکماک لەگەڵ وێناکردنەکانیان پەیوەستە بە هەستەکانی وەک دەنگ، چێژ، بۆن و دەستلێدان و بەرکەوتن و ئەوان لە خەوندا توانای بینینیان نییە، بەڵام ئەو کەسانەی بە ڕووداو بیناییان لەدەستداوە لە خەونی بەشێکیان خەیاڵی بینین دەکەن یان وێنای ژیانی ڕابردوویان دەکەن، یان بریسکانەوەی ڕووناکی دەبینن یاخود هەست دەکەن لەنێو تاریکییەکی قووڵدان. بۆیە بەشێوەیەکی گشتی نابینایی کەسێک لە کەسێکی تر جیاوازە و هەروەها هە نابینایەک خەون بینینی جیاوازە لە نابینایەکی تر.
ئەو توێژەرە باسی ئەتەکێتی مامەڵەکردن لەگەڵ کەسانی نابینا دەکات و دەڵێ: کەسی نزیک و خێزانی کەسی نابینا پێویستە لە مامەڵەکردن لەگەڵیدا زۆر ئاگادار و هەستیار بن، داواکارییەکانی بۆ دەستەبەر و جێبەجێ بکەن و گرنگی بە وردەکارییەکان بدەن لەوەی کە شوێن و جێگەی کەسەکە لە ماڵەکەی گونجاو و ئاسوودە بێت، پێویستە گرنگی بە لایەنی سۆزداری کەسەکە بدرێت و هیچ کات کەسی نابینا هەستی کەمی یان هەستی بێ بەهایی لەلا دروست نەبێت و بە جۆرێک تەماشا نەکرێت کە بارە لەسەر دەورووبەر. یارمەتی بدەن لەوەی کە خۆی کارەکانی جێبەجێ بکات و پێویستە هەر لە منداڵییەوە گرنگی بە دابینکردنی پێداوێستییەکانی بدەن و هەوڵ بدرێت تێکەڵی کۆمەڵگای بکرێت و هاوڕێی هەبێت.
غەفور عەلی کەسێکی نابینایە، دەربارەی مامەڵەکردنی دەورووبەر لەگەڵی دەڵێ: زۆرجار ئازار دەکێشم و زۆر خەم دەخۆم بە مامەڵەکردنی هەندێک کەس، هەندێکجار توانجمان لێ دەدرێ، بەڵام هەموو خەڵکیش وانییە، زۆر خەڵک هەیە یارمەتیمان دەدات کە دەزانێت نابیناین، داواکاری من ئەوەیە کە خەڵک یارمەتیمان بداتلە جادە و شەقامەکاندا، بۆ ئەوەی تووشی هیچ کێشە و ڕووداوێک نەبین، هیوادارم ڕێزمان لێ بگیرێت و بەکەم سەیری ئێمەی نابینا نەکرێت.