دووشەممە, تشرینی دووه‌م 25, 2024

ئومێد خۆشناو: له‌ توركیا باسمان له‌ كردنه‌وه‌ی گه‌شتی ئاسمانی دیاربه‌كر و هه‌ولێر كردووه‌

پارێزگاری هه‌ولێر زانیاری دا کە سه‌ردانی ژووری بازرگانی دیاربه‌كریان كردووه‌ و كۆمه‌ڵێك بابه‌تیان باسكردووە، وه‌ك ئاسانكاری بۆ بابه‌تی بازرگانی هه‌ولێر و توركیا و لێکتێگەیشتنی زیاتر.

ئومێد خۆشناو، پارێزگاری هه‌ولێر بۆ ماڵپه‌ڕی فه‌رمیی پارتی دەڵێت، ئه‌مڕۆ كۆبوونه‌وه‌مان له‌گه‌ڵ ژووری بازرگانی دیاربه‌كر هه‌بوو، له‌ كۆبوونه‌وه‌كه‌دا ئه‌م ته‌وه‌رانه‌م باسكردن:

یه‌كه‌م: هیوادارین ئه‌و په‌یوه‌ندییه‌ی ژووری بازرگانی دیاربه‌كر له‌گه‌ڵ هه‌ولێر، دهۆك و سلێمانی دروستكراوه‌ زیاتر په‌ره‌ی پێبدرێت، زیاتر به‌ره‌و پێشه‌وه‌ بڕوات، ئێمه‌ وه‌ك حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستان پشتیوانی له‌و جۆره‌ په‌یوه‌ندییانه‌ ده‌كه‌ین.

دووه‌م: زۆر بازرگان و كۆمپانیا و سه‌رمایه‌داری توركیا له‌ كوردستان به‌تایبه‌ت له‌ هه‌ولێر و دهۆك زه‌مینه‌ی كاركردنیان بۆ ڕه‌خساوه‌، حكوومه‌تی هه‌رێم ئاسانكاری بۆ كۆمپانیاكان ده‌كات، وڵاتی توركیا بۆ ئێمە گرینگە، ئه‌م زه‌مینه‌سازییه‌ش بۆ توركیا و وه‌به‌رهێنه‌ر و بازرگانانی توركیا گرینگە.

پارێزگاری ھەولێر ئاماژیەشی دا، ده‌مانه‌وێت په‌یوه‌ندی ژووره‌ بازرگانی و پیشه‌سازییه‌كانیان له‌گه‌ڵ ئێمه‌ زیاتر په‌ره‌ی پێبدرێت، له‌ كۆبوونه‌وه‌كه‌ سه‌رۆكی ژووری بازرگانی دیاربه‌كر محه‌مه‌د كایا، چه‌ند تێبینییه‌كی هه‌بوو، له‌وانه‌ گه‌رموگوڕكردنه‌وه‌ی په‌یوه‌ندی هه‌ولێر و توركیا وه‌ك ساڵانی 2013 تا 2015، سه‌رۆكی ژووری بازرگانی دیاربكر خۆشحاڵ بوو به‌ په‌یوه‌ندی پته‌وی هه‌ولێر و توركیا به‌تایبه‌ت ئومێدی خواست دوای سه‌ردانی سه‌رۆككۆماری توركیا ئه‌و په‌یوه‌ندییانه‌ گه‌رمتر ببنه‌وه‌ و پرسی ئاڵوگۆڕی بازرگانی باشتر به‌ڕێوه‌بچێت، پێویسته‌ ئاسته‌نگ  له‌به‌رده‌م بازرگانی هه‌ردوولا نه‌مێنن.

ڕایشیگه‌یاند: له‌ كۆبوونه‌وه‌كه‌ باسمان له‌ پرسی كردنه‌وه‌ی هێڵی ئاسمانی دیاربه‌كر و هه‌ولێر كردووه‌ و له‌ماوه‌ی ڕابردوو له‌باره‌ی هه‌ڵگرتنی ڤیزه‌ و ئاسانكاری هاتوچۆ قسه‌كراوه‌، هه‌موومان چاوه‌ڕوانی ئه‌نجامی ئەرێنین له‌باره‌ی كردنه‌وه‌ی گەشتی ئاسمانی دیاربه‌كر و هه‌ولێر.