سێشەممە, تشرینی دووه‌م 26, 2024

نێچیرڤان بارزانی: هيواى ئاسووده‌يى و خۆشگوزه‌رانى و سه‌رفرازيی بۆ كرێكارانی كوردستان ده‌خوازم

نێچيرڤان بارزانى، سه‌رۆكی هه‌رێمی كوردستان په‌یامێكی له‌ ڕۆژی جیهانی كرێكاران بڵاوكرده‌وه‌.

له‌ په‌یامه‌كه‌ی سه‌رۆكی هه‌رێمی كوردستاندا هاتووه‌، يه‌كى ئايار، له‌ ڕۆژى جيهانيى كرێكاراندا، گه‌رمترين پيرۆزبايى له‌ هه‌موو كرێكارانى كوردستان، عێراق و جيهان ده‌كه‌م، ده‌ستى كار و ماندووبوونيان ده‌گوشم و هيواى ئاسووده‌يى و خۆشگوزه‌رانى و سه‌رفرازييان بۆ ده‌خوازم.

نێچیرڤان بارزانی ده‌شڵێت، له‌ كاتێكدا به‌ ڕێز و پێزانينه‌وه‌ له‌ ئه‌رك و ڕه‌نجى كرێكاران و ڕۆڵى كارايان له‌ پرۆسه‌ى ئاوه‌دانكردنه‌وه‌ و بنياتناندا ده‌ڕوانم، جه‌خت له‌ به‌رده‌واميى پشتگيرى له‌ هه‌موو ماف و داوا ڕه‌واكانيان و پێويستيى هه‌بوونى ياسايه‌كى پێشكه‌وتووى سه‌رده‌ميانه‌ ده‌كه‌مه‌وه‌ كه‌ زه‌مينه و ژينگه‌‌ى له‌بارى كاركردن و ژيانێكى باشتر بۆ چينى زه‌حمه‌تكێشى كرێكاران و خێزانه‌كانيان بێنێته‌ ئاراوه‌‌.

سه‌رۆكی هه‌رێمی كوردستان ئاماژه‌ی به‌وه‌ش داوه‌، هه‌ر له‌م ياده‌دا هانى سه‌نديكا و ڕێكخراوه‌كانى كرێكاران ده‌ده‌م كارى باشتر بكه‌ن و هه‌وڵى زياتر بده‌ن بۆ دابينكردن و پاراستنى مافه‌كانى كرێكاران و ڕه‌خساندنى يه‌كسانى له‌ ده‌رفه‌ته‌كانى كاردا، هه‌روه‌ها ده‌بێ لايه‌نه‌ په‌يوه‌نديداره‌كان چاودێريى خێزانى ئه‌و كرێكارانه‌ بكه‌ن كه‌ له‌ كاردا ژيانيان له‌ ده‌ست داوه‌ و بايه‌خ و گرنگى به‌ باشتركردنى دۆخى ژيان و گوزه‌رانيان بدرێت.

له‌ كۆتاییدا رایده‌گه‌ێنێت، يه‌كى ئايار له‌ هه‌موو لايه‌ك پيرۆز بێت و هيواى پشوويه‌كى ئارام بۆ كرێكاران ده‌خوازم.