شاندێکی هەرێم لەبارەی وەرگرتنی گەنمی جووتیاران سەردانی بەغدا دەکات

ڕائیب جادر – هە‌ولێر

سبەی لە ھەرێمی کوردستان وەرزی دروێنەی گەنم دەستپێدەکات، شاندێکی ھەرێم لەبارەی وەرگرتنی گەنمی ئەمساڵی جووتیاران سەردانی بەغدا دەکات. گوتەبێژی وەزارەتی کشتوکاڵ، دەڵێت: ھەروەکو چۆن گەنمی جووتیاران لە ناوەڕاست و خوارووی عێراق ھەمووی وەردەگیرێت، داوامان کردووە ھەموو گەنمی جووتیارانی کوردستانیش وەربگیرێت.

بەگوێرەی ئاماری وەزارەتی کشتوکاڵی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان، ئەمساڵ دوو ملیۆن و نۆ سەد ھەزار دۆنم زەوی بە گەنم چێندراوە و پێشبینی دەکرێت بەرھەمی گەنم زیاتر لە دوو ملیۆن تۆن بێت.
عێراق لە ڕێگەی وەزارەتی بازرگانییەوە ساڵانە گەنمی جووتیاران دەکڕێتەوە، ساڵی ڕابردوو وەزارەتی بازرگانیی عێراق نزیکەی پێنج ملیۆن و دوو سەد ھەزار تۆن گەنمی لە جووتیاران وەرگرت، کە پێنج سەد ھەزار تۆن گەنمی جووتیارانی ھەرێمی کوردستان بوو، بۆ ھەر تۆنێک بڕی ھەشت سەد و پەنجا ھەزار دینار دیاریکرابوو، بۆ ئەمساڵیش گەنم بە یەک نرخ وەردەگیرێت، دوای دەرچوونی لە پشکنین، ھەر تۆنێکی بە ھەشت سەد و پەنجا ھەزار دینار لە جووتیاران وەردەگیرێت.
ئەسیر غرێری، وەزیری بازرگانیی عێراق، بڕی ئەو گەنمەی کە ئەم ساڵ وڵاتەکەی بەرھەمی دەھێنێت بە زیاتر لە شەش ملیۆن تۆن دیاریکردووە، بە قسەی ئەو، لە مێژوویدا عێراق ئەوەندە گەنمی بەرھەم نەھێناوە.
ھیوا عەلی، گوتەبێژی وەزارەتی کشتوکاڵی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان، دەڵێت: سبەی لە ناوچە گەرمەسێرەکانەوە دەست بە دروێنە دەکرێت و تا کۆتایی مانگی پێنج بەردەوام دەبێت.
گوتەبێژی وەزارەتی کشتوکاڵی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان، گوتیشی: بڕیارە ناوەڕاستی ئەم ھەفتەیە وەزیری کشتوکاڵ لە بەغدا لەگەڵ بەرپرسان کۆببێتەوە بەمەبەستی دیاریکردنی ئەو بڕە گەنمەی ئەمساڵ لە جووتیارانی ھەرێمی کوردستان وەردەگیرێت.
ھیوا عەلی، گوتەبێژی وەزارەتی کشتوکاڵی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان، ئاشکراشی کرد: ھەروەکو چۆن گەنمی جووتیاران لە ناوەڕاست و خوارووی عێراق ھەمووی وەردەگیرێت، ئێمەش داوامان کردووە ھەموو گەنمی جووتیارانمان وەربگیرێت.

ھەواڵی زیاتر