لە سلێمانی هەڕەشە لە چەند دەزگایەکی ڕۆژنامەوانی دەکرێت

لیژنەی داکۆکی لە ئازادی ڕۆژنامەگەری و مافی ڕۆژنامەنووسان لە سەندیکای ڕۆژنامەنووسانی کوردستان، سەبارەت بە هەڕەشەی سەر چەند دەزگایەکی ڕۆژنامەوانی لە سنووری سلێمانی هاتە دەنگ و هۆشداریی لە پەرەسەندنەکانی پێشێلکردنی مافی ڕۆژنامەنووسان لەو سنوورە دەدات.

لیژنەکە ڕایگەیاندووە : دوێنێ ڕۆژنامەنووس بەشدار بازیانی لە دەزگای دیپلۆماتیک لەشاری سلێمانی، پەیوەندی بەلیژنەی داکۆکیەوە کرد لەسەندیکای رۆژنامەنووسانی کوردستان و سکاڵای تۆمارکردووە.
دەشڵێن: ئەو ڕۆژنامەنووسە ئاماژەی بەوەکرد کەهەڕەشەیەکی توند لەسەر دەزگاکەیان و خۆی بەتایبەتی هەیە، جگە لەهاک کردن و هێرشی ئەلەکترۆنی بۆسەر سایتەکەیان، هەڕەشەی توند لەخۆی و ئەندامانی دەزگاکەی کراوە بەوەی شاربەدەردەکرێن و تۆڵەیان لێ دەکرێتەوە.
لە ڕاگەیەندراوەکەی سەندیکادا ئەوەش هاتووە: لەهەمان کات چەند دەزگایەکی تری ڕاگەیاندنیش هەر ئەمڕۆ لەسایت وپەیجی خۆیان ئاماژەیان بەم جۆرە هەڕەشانە کردووە .
دەشڵێن: ئەمە لەکاتێکدا کە چەند ڕۆژێ لەمەوبەر لەیادی ڕۆژنامەگەری کوردی هەموو لایەنە پەیوەندیدار و بەرپرسان و سەندیکا و ڕێکخراوەکانی تایبەت بە ڕۆژنامەنووسان و ڕۆژنامەگەری، داوای فەراهەم کردنی ژینگەیەکی ئارامی دوور لەترس و تۆقاندن بۆ ڕۆژنامەنووس و ڕۆژنامەگەری لەهەرێمی کوردستاندا کرد.
ئەوەشیان خستووەتەڕوو: ئێمە لەلیژنەی داکۆکی داوا لەلایەنە بەرپرسەکانی ئیداری شاری سلێمانی دەکەین پشتیوانی رۆژنامەنووسانی ئەم دەڤەرە بن ، چیتر نەهێڵن کەس ولایەنێک هەڕەشە لە رۆژنامەنووس بکات و هێرش بکاتە سەر دەزگاکانی راگەیاندن. داوای سەلامەتی گیانی بۆ ئەم رۆژنامەنووسە و هەموو ئەو ڕۆژنامەنووسانە دەکەین کە هانایان بۆ سەندیکا هێناوە.

ھەواڵی زیاتر