دیمانە: هێمن خەلیل – ههولێر
شاهۆ جەنگی نوری مامۆستا لە بەشی زمانی کوردی کۆلێژی زمانی زانکۆی سەڵاحەددین، ماستەرنامەکەی بەناونیشانی “بنیاتا وەسفێ د رۆمانێن جان دۆست”دا، پێشکەشی بە بەشی کوردی زانکۆی “یوزینجۆیڵ”ی باژاری وان لە باکوری کوردستان کردوە. هاوکات ئێستا قوتابی دکتۆرایە لە بەشی زمانی کوردی کۆلێژی زمانی زانکۆی سەڵاحەددین. تایبەت بە ماستەرنامەکەی دیدارێکمان لەگەڵی ساز کرد.
لە سەرەتادا مامۆستا شاهۆ دەربارەی وەسف گوتی:”وەسف یەکێکە لەو تێگە و ئامرازە گرنگەی کە مرۆڤ بە درێژایی شاقوڵی دیرۆکییەوە وەک بوونەوەرێكی جڤاکی سوودی لێ بینیوە. هاوکات مرۆڤ لە ژینگەو بارودۆخی جیاوازدا ژیاوە، ئەم ژینگەو بارودۆخەش مرۆڤ ناچار دەكات كە پەنا بباتە بەر وەسف، بۆ ئەوەی وەك ئەڵقەیەكی پەیوەندی لە نێوان خویان و تەنانەت بۆ شت و شوێنەكانی دەورووبەری بەكاری بهێنن. هاوکات لە بواری ئەدەبیشدا ئامرازێکی گرنگە بەدەستی رۆماننووسەوە کە لە رێی زمانەوە سازی دەکات. وەک “عەبدولمەلیک مرتاچ” دەڵێت :”وەسف كوڕی زمانە و هەروەها دەربڕینی جوانیش كچیەتی، بەرهەمێكی نایابی ئەندێشە و زمانیشە” ئەمەش بەو مانایە دێت كە وەسفەكان لە هەناوی زمانەوە لە دایك دەبن و لە ڕێی زمانەوە وەسفەكان پیشان دەدرێن. چونكە زمان بریتییە لە وشە، وشەیش بریتییە لە سەرچاوەی هۆشیاری بۆ تێگەیشتن لە هەموو ئەو شتانەی لە ژیانی ڕۆژانەی مرۆڤ ڕوودەدەن.”
لەم سۆنگەیەوە “وەسف برتییە لەو پارچە پەڕەگراف و بڕگە وەسفیانەی كە لەنێو دەقی ڕۆماندا بەشێوەی كورت و درێژ دەردەكەون بۆ پیشاندانی ڕووی دەرەوە و ناوەوەی كارەكتەر و شوێنەكان، بۆ ئەوەی دواتر ڕۆماننووس خوێنەریان پێی ئاشنا بكات.”
ئەو مامۆستایەی زانکۆ دەربارەی گرنگی وەسف لە رۆماندا رای وایە: ڕۆماننووس لەرێی لا کردنەوە و سەرداگرتنی بەسەر رەهەندە پەنهان و شاراوەکانی ژیانی كارەكتەرەكانەوە ئەوەمان بۆ ڕوون دەکاتەوە کە دەشێ لە ڕێی تەکنیکی وەسفەوە خوێنەر دەیان زانیاری بەدەست بهێنێت، بە تایبەت لە وێنەکێشانی دەیان دیاردەی وەك “وێنەی هەژاری، دەوڵەمەندی، بەختەوەری، دڵتەنگی،.. هتد” لەلایەکی دیکەوە بڕگە وەسفییەکان لە ڕۆماندا زەمینەسازی دەكەن بۆ ئەوەی دوای بڕگە وەسفییەكان ڕووداوەكانی ناو ڕۆمان سەر هەڵبدەن. بۆیە ئەستەمە رۆماننووس بەتەواوی دەستبەرداری تەکنیکی وەسف بێت، چونکە هەندێك جار لابردنیان كیشە لە تێگەیشتن و مەبەست و دەلالەتەكانی ڕۆماننووس دەكەن.”
لە پرسیارێكی تردا کە لە مامۆستا (شاهۆ) مان پرسی رێگاکانی پێشکەش کردنی کارەکتەر لە رۆمانەکانی “جان دۆست” دا چۆن چۆنییە؟ لە وەڵامدا دەڵێ: جان دۆست لە پێشکەش کردنی وەسفی بەشێک لە کارەکتەری رۆمانەکانیدا رێگەی راگەیاندنی پەیڕەو کردوە، کە لە گۆشەنیگای خودی و بەپشت بەستن بە شێوازی گێڕانەوەی “بابەتی” لە جۆری بگێڕەوەی هەمووشتزان و لە ڕێی جێناوی كەسی سێیەمی تاك “ئەو” یان جێناوی نادیارەوە وەسفێكی ئامادەكراوی كارەكتەرمان بۆ دەكێشێت. كە خوێنەر بە هیچ شێوەیەك دەرفەتی ئەوەی بۆ نامێنێتەوە لێكدانەوەی تایبەتی خۆی بۆ كارەكتەرەكان بكات. بۆ نموونە لە ڕۆمانی “مارتینی بەختەوەر” دا ڕۆماننووس لە گۆشەنیگای خۆیەوە لە ڕێی بگێڕەوەی هەمووشتزانەوە وەسفی كارەكتەری سەرەكی “مارتین” دەكات و دەڵێت: “قیافەتێ مارتین یێ ئەوڕۆپیان بوو: شەرواڵەكی كوردی، قوتكەكی ئەسفەهانی، كوركەكی سیموران كو كۆچەرێن قەفقاسیایێ چێكربوون ب سەر وی شەرواڵێ فره دە بەردابوو و فێسەكا تركان ل سەری بوو. شاڵەكی هەڤریشمێ سپی هەما بێ فەساڵ ل قركا خوە گەراندبوو…هتد” (Dost،2002،R37) لێرەدا ئەو وەسفەی بگێڕەوە بۆ مارتینی كردوە، بە شێوەیەكی ڕاستەوخۆ پێشكەشكراوە؛ چوارچێوەیەكی دیاری كراوی بۆ كارەكتەرەكە سازكردووە. بەمەش خوێنەر بێبەش بووە لە بەشداریكردنی ئەو وەسفەی كە بگێڕەوە پێشکەشی کردوە.
یەکێکی دیکە لەو رێگایانەی کە جان دۆست بۆ پێشکەش کردنی کارەکتەرەکانی پەیڕەوی کردوە”رێگەی نواندن- نمایشکردن”، لەم رێگەی پێشكەشكردنی كارەكتەردا، ڕۆماننووس پێچەوانەی ڕێگەی ڕاگەیاندن بەشێوەیەكی ڕاستەوخۆ كارەكتەركانمان پێشكەش ناكات! بەڵكو، ڕۆماننووس لە زاری كارەكتەرێكی ڕۆمانەكەوە وێنەی كارەكتەرهكانمان بۆ دەكێشێت و دەرفەت دەدات بە كارەکتەرەکان بێنە پێشەوەو لە ڕێی هەڵسوكەوت و گوفتار و رەفتار و كێشە و هەڵوێست و پهیوەندییەکانیان لەگەڵ ئەوانی دیکەوە خۆیان پێشكەش بكەن. یاخود لەلایەن کارەکتەرێکی دیكەوە پێشكەش بكرێن. بۆ ئەم مەبەستەش پەنا دەباتە بەر جێناوی “من”ی كەسی قسەكەر بۆ ئەوەی لەسەر زمانی ئەو پرۆسەی وەسف كردنی كاركتەرەکان ئەنجام بدرێت. بۆیە ڕۆڵی ئەم جێناوە وا لە دەنگی ڕۆماننووس دەكات بە ئەستهم ببیندرێت و دەنگی بگێڕەوەی هەمان شتزان و هەندێك جاریش كەم شتزان بەسەر بیناتی كارەكتەرهكاندا زاڵ بێت. بۆ نموونە لە ڕۆمانی “مژاباد”دا “بادین”ی كارەكتەری سەرەكی ڕۆمانەكە، بە ڕێگەی نمایشكردن و بە بەكارهێنانی جێناوی كەسی یەكەمی “تاك”ی قسەكەرەوە وەسفی خۆی دەکات و دەڵێت: “سێ سالان بەرێ ئەز بادین كوڕێ یونسی ئامێدی، شەرڤانەك بووم ل گەل مەلا مستەفا، دۆژەهەك بوو ئەو شەڕ، ژ خوە د ناڤ ئاگر هەسن سیقال دبن وەكە چاوا كو دل دئەڤینەكا غەدار دە تەنك دبن. من دگۆت: ئەمێ كاربن بەغدایێ ژی تێخن زەفتێ خوە”(Dost،2015 A،R35) لێرەدا بادین جگە لەوەی مەبەستیەتی خۆێنەر ئاشنا بكات بەوەی لە ڕابردووی خۆیدا چەند ساڵان پێشمەرگە بووە و لە ڕیزەکانی جوڵانەوەی ڕزگاریخوازی گەلی كورد دا بووە، هەروەها قارەمانیەتی خۆی پیشاندەدات لەو جەنگانەی كە لەگەڵ “مەلا مستەفا”دا بەشداری تێدا كردوە. بۆیە دەبینین دەنگی بادین نزیكترە لە خوێنەر بە بەراورد بە دەنگی ڕۆماننووس یاخود دەنگی بگێڕەوەی هەمووشتزان، بەمەش ڕێگەی نمایشكردن هاتۆتە كایەوە.
لە وەڵامی ئەوەی ئەرکەکانی وەسفی شوێن لە رۆمانەکانی “جان دۆست”دا ئەو مامۆستایە ڕای وایە: وەسفی شوێن چەند ئەرکێکی هەیە یەکێک لەوانە “ئەركی ڕازێنەرەوە”یە، کە ڕۆماننووس بە شێوەیەكی ورد وێنەیەكی فۆتۆگرافی و ئیستاتیكی شوێنمان بۆ دەكێشێت. ئەم وێنەكێشانەش لە هەندێك حاڵەتدا بۆ پێدانی جۆرێك لە وچانە بەخوێنەر؛ هاوکات سەکۆیەکی گرنگە بۆ بەرجەستەكردنی تواناكانی زمان و چنینی هونەریانەی ڕۆماننوس. بۆ نموونە لە وەسفی زستان و سروشت و چیای ئاگریدا بگێڕەوە دەڵێت: “زڤستانەكا سار بوو، بەرف كو ساڵ دوازدە مەه ل سەرێ گلیداخێ خویا دبوون ئێدی بازید ژی سپی كربوو. وی مێڤانێ سپی د هەر مالێ دە جیێ خوە خوش كربوو…هتد”(Dost،2015 C، R25) ئەم بڕگە وەسفییە رەنگە تەنیا بۆ ئەوە خرابێتە ناو دەقەكەوە كە ڕۆماننووس بۆ ساتێك پشوویەك بەخۆیی و خوێنەرەكانی بدات.
ئەركی شرۆڤەیی: لەم ئەركەدا ڕۆماننووس وێنەی باری ژیانی كارەكتەرهكان لەنێو شوێندا پیشاندەدات. هەروەها ئەو كەرەسە و شتانەی وەك ئامرازێك بەدەستی كارەكتەرەوەن دەبن بە هێما و ئاماژەیەك بۆ ئەوەی وێنەی كەسایەتی كارەكتەر لە ڕووی جڤاکی و دەروونی و سیاسی و ڕۆشنبیری و ئابووری…هتد ڕوونتربن. بۆ نموونە لە ڕۆمانی “میرنامە”دا “شەنگێ” لە وەسفی ژوورەكەی خۆی و “خۆجە ئەڵڵا قولیی”دا دەڵێت: “وێ شەڤێ ڤەگەریا هجلەیا من یا كو بووبوو جهۆكەك گەنی ژ گرێز و خوین و ئاڤكا نێرانیا وی كەفتارێ شێست ساڵی. جهۆكەك كو بارینا هێسرێن من و ئاڤا هەفت كانیان ژی نەدشی وێ گەمارێ بدە ئالی.” (Dost،2015 C، R48) لێرەدا “شەنگێ” لە گۆشەنیگای خودییەوە، وەسفێكی ژوورەكەی كردووە و بە شوێنێكی زەڵكاو و پیس و نەفرتلێباریی لەقەڵەم داوە. ئەمەش بارودۆخی خراپیی دەروونی شەنگێی كارەكتەر بۆ خوێنەر دەخاتەڕوو.
ئەركی چەواشەكاری(وەهمی): لەم ئەركەی وەسفدا ڕۆماننووس بەشێوەیەكی ورد بایەخ بە ئەردنیگاری شوێن و كەرەستەكانی نێوی دەدات، بە ئارمانجی ئەوەی وێنەیەكی واقیعی شوێن لە زیهنی خوێنەر دروست بكات. ئەمەش زیاتر لە ڕۆمانی ڕیالیستی بەدیدەكران. بۆ نموونە لە وەسفی باخچەكەی “قازی”دا بگێڕەوە دەڵێت: “باخچەیێ قازی بوهشتەكە، هەر جورە دارێن بڵند ومەزن تێ دە هەنە، تو دبێژی ئەو كۆنەكی كۆچەران یێ هەری مەزنەو ل رەخ سابلاخێ ڤەگرتنە. د ڤان رۆژێن دۆژەهین دە كەچ و خۆرت و پیر و جوان بەرێ خوە ددن ڤە باخچەیی و د سیا دارێن وی دە جڤاتان دگەڕینن …هتد.” (Dost،2015A،R175) لێرەدا دەبینین كەرەستە و شێواز و جۆری دارەكانی ناوەوەی باخچەكە و جووڵە و سەردانی خەڵكی بۆ باخچەكە وەسف کراوە.
لە وەڵامی ئەوەی کە ئایا لە رۆمانەکانی جان دۆست پتر وەسفی کارەکتەر یاخود وەسفی شوێن بەرچاو دەکەوێت؟ مامۆستا شاهۆ رای وابوو: لە ڕۆمانەكاندا پتر بایەخ بە وەسفی كارەكتەر دراوە؛ لە بەرانبەردا كەمتر تیشك خراوەتە سەر وەسفی شوێن. بۆیە شوێن نەبۆتە هۆی ئەوەی بەشێكی زۆری پانتایی ڕۆمانەكە لەخۆ بگرێت. لەلایەکی دیکەوە وەسفی شوێن لە ڕۆمانەكانی “جان دۆست”دا پتر وەسفی شوێنی جیۆگرافی شارە كوردییەكانی وەكو “بایەزید، بەتلیس، مەهاباد و ئامێدی و كۆبانی …هتد”یە، بە شێوەیەكی تایبەتیش وەسفی شوێنەكان بریتین لە “خانوو، حەمام، ژووری كارەكتەرەكان، رەز و باخچەو چیا و سروشتی جوانی بەشێك لە شارەكان.”