هەر بەرهەمێک پێویستی ناوخۆ پڕ بکاتەوە هەناردەی دەرەوە دەکرێت

بەڕێوەبەری گشتیی کشتوکاڵی ھەولێر، دەڵێت: لە شاری ھەولێر ڕۆژانە نۆ تا دە ھەزار کارتۆن ھێلکە بەرھەم دەھێنرێت، پێداویستی شاری ھەولێر دوو ھەزار و پێنج سەد تا سێ ھەزار کارتۆنە ڕۆژانە، نزیک بە حەوت ھەزار کارتۆن ھێلکە لە پێداویستی ھەولێر زیاترە. بەرپرسانی وەزارەتی کشتوکاڵیش، ئاماژە بۆ ئەوە دەکەن، ھەر بەرھەمێک پێویستی ناوخۆ پڕ بکاتەوە ھەناردەی دەرەوە دەکرێت.

حکوومەتی ھەرێمی کوردستان گرنگی بە بەرھەمی ناوخۆ دەدات، ئێستە بەرھەمەکانی پەلەوەری وەکو گوشتی مریشک و ھێلکە دوو ھێندەی خواستی بازاڕەکانی ناوخۆن، ساڵانە لە ھەرێمی کوردستان زیاتر لە دوو ملیار و سی و شەش ملیۆن ھێلکە بەرھەم دێت، بەڕێوەبەرایەتیە تایبەتمەندییەکانی ئەم بوارەش کە سەر بە وەزارەتی کشتوکاڵن، سەرقاڵی ئامادەکارین بۆ ئەوەی خواست و سەرنجی بازاڕەکانی دەرەوە بۆ بەرھەمەکانی کشتوکاڵی ھەرێمی کوردستان ڕابکێشن.
ئەگەر لە ڕابردوودا ھەرێمی کوردستان، ھەرێمێکی بەکاربەر بووبێت، ئێستە لە زۆربەی ئەو بەرھەمانەی لە بازاڕ ساغ دەکرێنەوە زیاتر لە جۆرێکیان بەرھەمی ناوخۆیە، ئەوانە لە کارگەکانی کوردستان بەدەستی کاری ناوخۆیی بەرھەم دەھێنرێن و لە نرخ و کواڵێتی دا ڕکابەری توندی بەرھەمە ھاوردەکراوەکان دەکەن.
حکوومەتی ھەرێم سێکتەری سامانی ئاژەڵ و پەلەوەر بەرەوپێشچوونی زۆری بەخۆیەوە بینیوە، بەتایبەتی پەلەوەر لەڕووی ڕێژەی بەرھەمھێنان و پڕۆژەکان زیادیان کردووە، ئەم فراوان بوونەش ھۆکارێکە بۆ فڕە چەشنکردنی سەرچاوەکانی داھات و ڕەخساندنی ھەلی کاری زیاتر.
بە سەدان کێڵگەی پەلەوەری لە ھەرێمی کوردستان ھەن، مریشکەکانی ناو ئەو کێڵگانە ڕۆژانە ھێلکە دەکەن، بەرھەمی ئەم جۆرە کێلگە پەلەوەریانە ڕێژەی بەرھەمی ھێلکەیان لە بازاڕدا زۆر بەرزکردووەتەوە، ساڵانە لە ھەرێمی کوردستان زیاتر لە دوو ملیار و سی و شەش ملیۆن ھێلکە بەرھەم دێت، دەخرێتە بازاڕەکانەوە، ھەر چەندە کێڵگەکان دەتوانن زیاتر لە سێ ملیار و شەش سەد ملیۆن ھێلکە بەرھەم بھێنن.
بەپێی بارودۆخی ئەمڕۆی ھەرێمی کوردستان ئەم پڕۆژانە، ئەوانەی ئێستە لە کاردان، توانای بەرھەمھێنانی ڕۆژانە پازدە ھەزار و پێنج سەد کارتۆن ھێلکەی خواردنیان ھەیە، لە کاتێکدا ھەرێمی کوردستان ڕۆژانە پێویستی بە حەوت ھەزار کارتۆن ھێلکە ھەیە، بەرپرسانی ئەو کەرتە، دەڵێن، بیرمان لەوە کردووەتەوە جگە لە بازاڕەکانی خواروو و ناوەڕاستی عێراق بیر لە بازاڕێک بکەینەوە لەم بازاڕانە، ئێستە لە سەروبەندی ئەوەداین لە ئاستی نووسینگەی سەرۆکی حکوومەتی ھەرێم لەسەر ئەو بابەتە لەسەر خەتین بۆ ئەوەی بتوانین ھێلکە و مریشکی ھەرێمی کوردستان زیادن لە پێداویستی ناوخۆی کوردستان ڕەوانەی وڵاتانی دیکە بکرێت بۆ نموونە وڵاتانی کەنداو.
بەرپرسانی ئەو کەرتە، ئاشکراشی دەکەن، حکوومەتی ھەرێم پاڵپشتی ھەموو ئەو پڕۆژانە دەکات کە بەرھەمی ھێلکە دەخەنە بازاڕەکانی کوردستانەوە. بەرپرسانی ھەرێم، جەخت لەوەش دەکەنەوە، ڕۆژبەڕۆژ ژمارەی پڕۆژەکانی بەرھەمھێنانی ھێلکە زیاد دەبن، لەو بەرھەمانەی لە بازاڕەکانی ناوخۆ دەفرۆشرێن، ئێستە لە ھەر بەرھەمێک چەند جۆرێک بەرھەمی ناوخۆیی دەبینرێن، بەرھەمەکان بە زمانی کوردی لەسەریان نووسراوە و نمایش کراون، لە کارگەکانی ناوخۆ بەرھەمھێنراون و لەناو بەرھەمە نمایشکراوەکانن بۆ فرۆشتن و خواستی باشیان لەسەرە، دووکاندار و بازرگانەکانیش، دەڵێن، حکوومەتی ھەرێم ڕۆژبەڕۆژ گرنگی بە بەرھەمی ناوخۆ دەدات، لە ھەموو کاڵاکان کە لە مارکێت و دووکانەکان ھەن پێشکەش بە کڕیارەکان دەکەین. ئاماژە بۆ ئەوەش دەکەن، بەرھەمی ناوخۆ خواستێکی زۆری لەسەرە و ڕۆژانە ھاووڵاتییان بۆ کڕینی بەرھەمی ناوخۆ سەردانمان دەکەن و داوای بەرھەمی ناوخۆ دەکەن، ئەوەش سوودێکی زۆری بۆ ھەرێمی کوردستان ھەیە، چونکە پارەی ھەرێم ناچێتە دەرەوە ھەر لە ناوخۆ دەستاو دەست دەکرێت، لە ھەمان کاتدا وا دەکات کە جووتیاران زیاتر گرنگی بە کشتوکاڵ بدەن.
ڕەشاد حەمید، شارەزای بواری ئابووری، ڕایگەیاند، ھەنگاوەکانی حکوومەت بۆ جۆراوجۆرکردنی سەرچاوەی داھات بەردەوامە، بۆ ئەوەی پشت بە ئابووری ناوخۆیی ببەستێت، بۆ ئەو مەبەستە حکوومەتی ھەرێم بەرھەمی ناوخۆی ھەرێمی کوردستان بە دەرەوە ناساندووە و بازاڕی بۆ دروست کردووە، ئەمەش ھەنگاوێکی زۆر باشە، ھاوکات لە ناوخۆش گرنگیی زۆری پێ دراوە و چەندین فێستیڤاڵی جۆراوجۆر ساز کراون، کە ھەموو ئەوانە گرنگیدانی حکوومەتی ھەرێم بە بەرھەمی ناوخۆ دەسەلمێنن.
ئەو ئابووریناسە، گوتیشی: پێویستە سەرچاوەی داھات ھەمەجۆر بکرێت، بەتایبەتی داھاتی بەرھەمی خۆماڵی و کشتوکاڵی کە بۆ ئێمە زۆر گرنگە، چونکە ئێستە خەڵکی خۆشمان تا بەرھەمی ناوخۆیی ھەبێت بەرھەمەکانی دەرەوە ناخۆن، کە لە ھەموو ڕوویەکەوە سوود و تامیشی جیاوازە، گرنگە بۆ ھەر بەرھەمێک بە پیشەسازی بکرێ و کارگەی جۆراوجۆر دروست بکرێت، ئینجا ھەناردەی دەرەوە بکرێت، بۆیە ئێستە چەندین کارگە دروست کراون، خاکی ھەرێمی کوردستانیش بە پیتە و ساڵانە ھەرێمی کوردستان دەتوانێت لە ھەموو ڕوویەکەوە لە بەرھەمی ناوخۆیی پێداویستیی خۆی دابین بکات و بۆ دەرەوەشی ھەناردە بکات، بۆ ئەو مەبەستە حکوومەتی ھەرێم ھەنگاوی زۆر باشی ناوە و ئەگەر وا بڕوات، دەتوانین لە داھاتوو کەرتەکانی کشتوکاڵ و پیشەسازی بکەینە سەرچاوەی سەرەکیی داھاتی خۆمان.
ھێمن سەید موراد، بەڕێوەبەری گشتیی کشتوکاڵی ھەولێر، دەڵێت: لە شاری ھەولێر ڕۆژانە نۆ تا دە ھەزار کارتۆن ھێلکە بەرھەم دەھێنرێت، پێداویستی شاری ھەولێریش دوو ھەزار و پێنج سەد تا سێ ھەزار کارتۆنە ڕۆژانە، نزیک بە حەوت ھەزار کارتۆن ھێلکە لە پێداویستی ھەولێر زیاترە و پێویستە ھەناردە بکرێت و کارئاسانیی بۆ خاوەن پڕۆژەکان بکرێت.

ھەواڵی زیاتر