كارزان گلی – ههولێر
شاڵ و شەپك مێژوویەكی درێژی هەیە لە باكووری كوردستان، تەنیا ئەو كەسانەی كوردن ئەو جلە كوردییە لەبەر دەكەن، بەڵام لەم ساڵانەی دواییدا لەبەركردنی ئەو جلە كوردییە بەرەو لەناوچوون دەچێت و كەس لەبەری ناكات. ئەوەی مایەی دڵخۆشییە لە سیرتی باكووری كوردستان، لە رێگەی پڕۆژەیەكی گەورەوە، شاڵ و شەپك زیندوو دەكرێتەوە و نایەڵن لەناو بچێت.
بۆ لەناونەچوونی شاڵ و شەپك، ماوەی 10 ساڵ دەبێت، لە سیرتی باكووری كوردستان هەوڵی بۆ دەدەن تا لەناو نەچێت، هەربۆیە لە 2010، ناوەندی كلتووری ئەروحێی سەر بە سیرت، خولێكی تایبەتی بۆ دوورینی شاڵ و شەپك كردەوە و شەش بەرگدروو پێگەیەندران و بە سەركەوتوویی خولەكەیان بڕی و توانییان ببن بە وەستای باش و ئێستا ئەو شەش وەستایە شاڵ و شەپك دەدورن.
ئێستا هەر ئەو ناوەندە، دەیەوێت خەڵكی تر لەسەر دورینی شاڵ و شەپك رابهێنێت و پاشان داوا لە خەڵك بكەن ئەو جلە لە بۆنە تایبەتەكاندا لەبەر بكەن.
سەیفەدین چەلیك، بەڕێوەبەری ناوەندی كلتووری ئەرووح، ئاماژەی دا كە 500 بۆ 600 ساڵ لەمەوبەر، شاڵ و شەپك لە ناوچەكەیان هەبووە و تەنیا كوردیش لەبەری كردووە.
چەلیك دەڵێت: ”دوای ساڵانی 1980 ئیدی قوماشی شاڵ و شەپك بەرهەم نەهێنران و لە ساڵانی نەوەدەكان تا 2000 خەریك بوو بە تەواوی لەناو بچێت، بەڵام ئێمە توانیمان بەر بەو لەناوچوونە بگرین و شاڵ و شەپك زیندوو بكەینەوە. ئێستاش لە رێگەی پڕۆژەیەكەوە، كە دەمانەوێت شاڵ و شەپك بەبیر خەڵك بهێنینەوە و لە گرنگی ئەو جلە كوردییە كەم نەكەینەوە و بە خەڵك بڵێین ئەمە كلتووری كوردە و دەبێت دەستی پێوە بگرین“.
شاڵ و شەپك، دروستكردنی ئاسان نییە و كاتی زۆر دەوێت، هەر بۆ نموونە تا دەگاتە قۆناغی شاڵ و شەپك، بە 10 قۆناغدا تێپەڕ دەبێت و لە مەرەزی بزن دروست دەكرێت.
بە گوێرەی گوتەی شارەزایانی بواری شاڵ و شەپك، ئەو جلە كوردییە بۆ ماوەی 40 ساڵ وەكو خۆی دەمێنێتەوە و هیچی لێ نایەت، چونكە قوماشەكەی پتەوە و كاركردن تێیدا ئاڵۆز و وردە.
وەكو ئەوەی كەرەم ئەردەمچی بەرگدرووی شاڵ و شەپك باسی دەكات، ئەو جلە كوردییە لە رۆژە تایبەتەكاندا لەبەر دەكرێت، وەكو جەژن و نەورۆز، بۆیە بۆ ماوەیەكی دوور و درێژ دەمێنێتەوە و وەكو قوماشەكانی تر نییە. پێویستیشی بە شووتن نییە.
نرخی ئەو جلە كوردییە، واتە شاڵ و شەپك زۆر گرانە، تەنیا ئەو كەسانە دەتوانن بیكڕن كە پارەدارن، بەڵام بەگوێرەی زانیارییەكان، ئەگەر ئەو جلە لە دەستی دوو بیکڕیتەوە، نرخەكەی دەبێتە نیوە و بۆ هەر قەدە جلێك، نرخەكەی زیاترە لە 500 دۆلار.
رەجەب تەییب ئەردۆغان، سەرۆكۆماری توركیا و ئەمینەی هاوسەری، كاتێك سەردانی سیرتی باكووری كوردستانیان كرد، وەكو پاڵپشتییەك بۆ شاڵ و شەپك، بەكاریان هێنابوو و ئەمینەی هاوسەریشی كە بەرەگەز كوردە، داوای لە خەڵك كرد، ئەو جلە لەبەر بكەن تا لەناو نەچێت.