چوارشەممە, تشرینی دووه‌م 27, 2024

سه‌رۆكى هه‌رێمى كوردستان له‌گه‌ڵ سه‌رۆكى ئه‌نجومه‌نى نوێنه‌ران به‌وه‌كاله‌ت كۆبووه‌وه‌

ئێواره‌ى ئه‌مڕۆ يه‌كشه‌ممه‌ 2024/4/28 له‌ به‌رده‌واميى سه‌ردانه‌كه‌يدا بۆ به‌غدا، به‌ڕێز نێچيرڤان بارزانى، سه‌رۆكى هه‌رێمى كوردستان، له‌گه‌ڵ به‌ڕێز محسن مه‌نده‌لاوى، سه‌رۆكى ئه‌نجومه‌نى نوێنه‌رانى عێراق به‌وه‌كاله‌ت كۆبووه‌وه‌.

له‌ كۆبوونه‌وه‌كه‌دا ده‌رباره‌ى دۆخى سياسيى عێراق، پرسى هه‌ڵبژاردنى سه‌رۆكى ئه‌نجومه‌نى نوێنه‌رانى عێراق، په‌يوه‌ندييه‌كانى هه‌ولێر ـ به‌غدا، هه‌نگاوه‌كانى هه‌ڵبژاردنى په‌رله‌مانى كوردستان و ياسا پێويسته‌كان له‌ ئه‌نجومه‌نى نوێنه‌ران، بيروڕايان گۆڕييه‌وه‌.

هه‌ردوولا چاره‌سه‌ركردنى كێشه‌كانى هه‌ولێر ـ به‌غدا و به‌رده‌واميى گفتوگۆى حكوومه‌تى هه‌رێمى كوردستان و حكوومه‌تى عێراقى فيدراڵيان به‌ پێويست زانى بۆ ئارامى و سه‌قامگيريى وڵات و جه‌ختيان له‌وه‌ كرده‌وه‌ كه‌ ئارامى و سه‌قامگيريى عێراق و هه‌رێمى كوردستان، يه‌كه‌ و پێكه‌وه‌ گرێدراوه‌.

له‌ كۆبوونه‌وه‌كه‌دا هه‌ردوولا هاوڕا بوون له‌سه‌ر گرنگيى هاريكارى و هه‌ماهه‌نگيى لايه‌نه‌ سياسييه‌كان بۆ مسۆگه‌ريى ماف و به‌رژه‌وه‌نديى هه‌موو پێكهاته‌كانى عێراق و پاراستنى ئارامى و سه‌قامگيريى سياسى له‌ وڵات و به‌ڕێوه‌چوونى هه‌ڵبژاردنى په‌رله‌مانى كوردستان به‌ به‌شداريى هه‌موو لايه‌نه‌كان.

دوايين پێشهاته‌كانى ناوچه‌كه‌ به‌گشتى و لێكه‌وته‌كانى، ته‌وه‌رێكى ديكه‌ى كۆبوونه‌وه‌كه‌ بوو.