سی و نۆ توێژەری یاسایی و مێدیایی لە هەرێمی کوردستان و هەشت وڵاتی دیکە، لە دووەمین کۆنفرانسی نێودەوڵەتیی زانستی مێدیای دیجیتاڵی و کاریگەرییەکانی لە سەر ئاسایشی کۆمەڵگە، توێژینەوەکانیان لە ماوەی دوو رۆژ پێشکەش دەکەن.
توێژەرانی شارەزای یاسا و مێدیا لە یازدە پانێلی جیاواز ڕۆڵی مێدیای دیجیتاڵی و ئاستی بەرپرسیارییەتی ئەم جۆرە لە مێدیا هەڵدەسەنگێنن و پاشان پێشنیاز و ڕاسپاردەکانیان پێشکەش بە وەزارەتەکانی ڕۆشنبیری، پەروەردە و خوێندنی باڵا و ئەوقاف دەکەن.
ڕۆڵی راگەیاندن لە دۆسییە یاساییەکان لە هەرێمی کوردستان، ناونیشانی تویژینەوەی یەک لە توێژەرانی کۆنفرانسی زانستی مێدیای دیجیتاڵیە.
حەمەد کەریم، مامۆستای زانکۆ بە کوردستان24ـی ڕاگەیاند، مێدیای دیجیتاڵی لە دۆخە ئاساییەکەی خۆی چووەتە دەرەوە کە دەزگا و دامەزراوەی ڕاگەیاندن بێت، بەپێی پرەنسیپەکانی ڕاگەیاندن، کە بێلایەنی و متمانە و هەواڵی ڕاست بڵاو بکاتەوە. هەندێک لەو مێدیایانە تۆماریش نین، لەڕێگەی ئەو پەیج و کەناڵانەی کە لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان هەیە، دەست لە ڕووداوەکان وەردەدەن، کاتێک ڕووداوێک ڕوو دەدات پێش لایەنە فەرمییەکان دەکەون و دەست وەردەدەنە زانیاری و بڵاویشی دەکەنەوە، کۆمەڵگا و ڕای گشتی بە جۆرێک تێدەگەیەنن، کە لایەنی فەرمی دێت لەسەر بنەمای داتا و زانیارییەکان، ڕاستییەکان شتێکی دیکە دەبێت.
دوەمین کۆنفرانسی نێودەوڵەتی زانستی مێدیای دیجیتاڵی و کاریگەرییەکانی لە سەر ئاسایشی کۆمەڵگا بە هاوکاری زانکۆی پۆلیتەکنیکی سلێمانی و زانکۆی نۆلێج لە هەولێر، لە ماوەی دوو ڕۆژ سی و نۆ تویژینەوەی ناوخۆیی و نیودەوڵەتی لە بواری دیجیتاڵ مێدیا شی دەکاتەوە، بە گوتەی سەرۆکی لێژنەی ڕاگەیاندنی ئەم کۆنفرانسە مەترسییەکانی دیجیتاڵ مێدیا زیادی کردوە و دەبێ کار بکرێ بۆ هۆشیاری زیاتر.
شوان ئادەم، سەرۆکی لیجنەی ڕاگەیاندن دەڵێت: “بۆ ئەوەی ئەم بەر پرسیارێتییە لە ڕووی ماف و ئەرکەوە دەسنیشان بکرێت، پێویستمان بە چوارچێوەی یاسایی هەیە. پێویست دەکات پەرلەمان یاسای تایبەتمەند بۆ مێدیایی دیجیتاڵی دەربکات، ئەرک و ماف و ڕێوشوێنی بەکارهێنانی دەستنیشان بکات، بۆ ئەوەی ئێمە چوارچێوەیەکی یاساییمان هەبێت، چونکە لەسەر ئەنجامی ڕێکخستنەوە یاخود کۆنترۆڵکردنی پێویستمان بەوە دەبێت لە ڕووی یاساییەوە پێشوەختە ڕێکی بخەینەوە. لەگەڵ بەرزکردنەوەی ئاستی هۆشیاریی بەکارهێنەر، ئەویش بەپێی پێوەرەکانی ڕێسا پیشەوەرییەکانی ڕاگەیاندن.