چوارشەممە, تشرینی دووه‌م 27, 2024

محه‌ممه‌د شوكری: به‌ ئامانجگرتنی كێڵگه‌ی غازی كۆرمۆر له‌سه‌ر ئاستی جیهانیش كاریگه‌ری ده‌بێت

لە بەردەڕەش پرسە بۆ كرێكاره‌ شه‌هیده‌ یەمەنییەكانی هێرشه‌كه‌ی كێڵگه‌ی غازی کۆرمۆر داندرا، له‌میانه‌ی به‌شداریكردنیان له‌ پرسه‌كه‌دا، سه‌رۆكی ده‌سته‌ی وه‌به‌رهێنانی هه‌رێمی كوردستان رایگه‌یاند، هه‌میشه هه‌رێمی كوردستان ‌ لانكه‌یه‌كی ئازاد بووه‌ بۆ كاركردنی كرێكاران و خه‌ڵكی بیانی. هاوكات گوتیشی: “به‌ ئامانجگرتنی كێڵگه‌ی غازی كۆرمۆر، له‌سه‌ر ئاستی جیهانیش كاریگه‌ری ده‌بێت”.

محەمەد شوكری، سەرۆكی دەستەی وەبەرھێنان لە لێدوانێكی رۆژنامەوانیدا رایگەیاند “ئەو كردەوە تیرۆرستییەی لە كۆرمۆر روویدا، كاریگەری تەنیا لەسەر ھەرێمی كوردستان نییە، بەڵكو لە سەر ئاستی جیھانیش كاریگەری دەبێت”.

سه‌رۆكی ده‌سته‌ی وه‌به‌رهێنان گوتیشی “پێویسته‌ وڵاتانی جیهان، كۆمپانیا و وەبەرھێنەران و شوێنە ئابوورییەكان بپارێزن”.

ڕۆژی هەینی (26ـی نیسانی 2024) بە درۆن هێرش کرایە سەر کێڵگەی غازی کۆرمۆر کە بووە هۆی کوژرانی چوار کارمەندی یەمەنی و برینداربوونی دووانی دیکەش، بەهۆی هێرشەکەوە ناردنی غاز بۆ وێستگەكانی بەرهەمهێنانی کارەبا وەستاو نزیکەی 2500 مێگاوات کارەبا کەم بووە.

غازی کۆرمۆر، لەرێگەی بۆرییەوە رەوانەی وێستگەکانی کارەبای چەمچەماڵ و هەولێر دەکرێت، بەمەش لە 67%ـی کارەبای هەرێمی کوردستان دابیندەکات.

کێڵگەی غازیی کۆرمۆر، کە لە ساڵی 2007ـەوە دامەزراوە، دەکەوێتە سنووری ناحیەی قادر کەرەمی سەر بە قەزای چەمچەماڵە لە پارێزگای سلێمانی، کۆمپانیای دانەغاز وەبەرهێنانی تێدا دەکات.