سەرۆکوەزیران مەسرور بارزانی ڕەزامەندیی نیشان دا لەسەر ناردنی ناوی 13 هەزار خاوەن پێداویستیی تایبەت بۆ وەزارەتی دارایی فیدراڵ بۆ دابینکردنی مینحەی دارایی.
ڕۆژی پێنجشەممە (25ـی نیسانی 2024) وەزارەتی کار و کاروباری کۆمەڵایەتیی حکوومەتی هەرێمی کوردستان ڕایگەیاند: سەرۆکوەزیران مەسرور بارزانی ڕەزامەندیی دەربڕیوە لەسەر ناردنی ناوی 13 هەزار خاوەن پێداویستی تایبەتی نوێ، کە وەک قۆناغی یەکەم پشکنینیان بۆ کراوە، بۆ ئەوەی لەلایەن وەزارەتی دارایی فیدراڵەوە، مینحەی دارایی مانگانەیان بۆ دابین بکرێت.
وەزارەتی کار و کاروباری کۆمەڵایەتی لە ڕاگەیەندراوێکدا ئاماژەی بەوەکردووە: دوای وەستانی زیاتر لە 10 ساڵ لە پرۆسەی ناونووسکردنی نوێی خاوەن پێداویستییە تایبەتەکانی هەرێمی کوردستان، لەسەر فەرمانی ڕاستەوخۆی سەرۆکی ئەنجوومەنی وەزیران، ڕەزامەندی وەرگیرا بۆ ئاڕاستەکردنی ناوی ئەو خاوەن پێداویستییە تایبەتە نوێیانەی کە لە قۆناغی یەکەم زیاتر لە 13 هەزار کەس پشکنینیان بۆکراوە بە مەبەستی دابینکردنی مینحەی کەمئەندامی، بۆ وەزارەتی دارایی فیدراڵ، بەمەبەستی داواکردنی تەرخانی دارایی.
بە گوێرەی ئەو نووسراوەی وەزارەتی کار و کاروباری کۆمەڵایەتی ئاراستەی سەرۆکایەتی ئەنجوومەنی وەزیرانی کردووە، تاوەکو (24ـی تشرینی یەکەمی 2023) داتای وەزارەتەکە 13 هەزار و 227 خاوەن پێداویستی تایبەت لەخۆدەگرێت، کە وەک قۆناغی یەکەم لە ماوەی ڕابردوو لەلایەن لیژنە تایبتەمەندەکانەوە پشکنینیان بۆ کراوە.
لە بەرامبەر ئەوەشدا، سەرۆکایەتی دیوانی ئەنجوومەنی وەزیران بە نووسراوی ژمارە (5298) لە (25ـی نیسانی 2024) وەڵامی وەزارەتی کار و کاروباری کۆمەڵایەتی داوەتەوە و ئاماژەی بەوەکردووە: “لەسەر فەرمانی سەرۆکی ئەنجوومەنی وەزیران، کاری پێویست ئەنجام بدەن بە ناردنی نووسراوی ئاماژەپێکراو و بەراییەکان بۆ وەزارەتی دارایی فیدراڵ، بۆ داواکردنی تەرخانی دارایی”.