کۆمیدیای تارماییەکان

دووەم رۆمانی فازڵ عەزاوی بە کوردی

پرۆسەی وەرگێڕان پرۆسەیەکە بۆ تەواوکردنی جەستەی کولتووری زمانێک، یان نەتەوەیەک، هیچ نەتەوەیەک نییە، خاوەنی جەستەیەکی کامڵی کولتووریی بێت، هەتا نەتەوە هەرە دەوڵەمەند و پێشکەوتووەکانیش. ئەوانیش هەمیشە پێویستیان بەوەیە کە بەر ئەدەبیات و هونەر و کولتووری وڵاتانی دیکە بکەون. بۆیە وەرگێڕان تەنها پرۆسەیەکی گۆڕینی وشە بە وشە نییە، بەڵکو وەرگێڕ ئەو بوونەوەرەیە کە جەستەی نەتەوە کامڵ دەکات، یان بەرەو کامڵبوونی دەبات، چونکە دواجار لە ڕێی وەرگێڕانەوە خوێنی نوێ و خوێنی زیاتر دێتە نێو دەماری هزریی و رۆشنبیرییمانەوە و لەوێوە بەر داهێنان و تێکسەتگەل و ئەزموونی جۆراوجۆری ئەدەبی و فیکریی دەکەوین.
ئەگەر دوور بکەوینەوە لە دەردەڵ و سەرزەنشتکردن، بەڵام پرسیاری ئەوە بکەین بۆ نەوەکانی پێشوو بەتایبەت عەرەبیزانەکانی حەفتاکان و هەشتاکان بۆ هیچ بایەخیکی ئەوتۆیان بە وەرگێڕان نەدا (جگە لە چەند ناوێکی کەم نەبێت)، ڕەنگە وەڵامێکی دەقیقم بۆ ئەم پرسیارە دەست نەکەوێت، بەڵام هەمیشە لای خۆمەوە وەڵامێک بە هزرمدا دێت و دەچێت ئەویش ئەوەیە کە ئەوان دەشێ خەمی کولتووریی خەمە سەرەکییەکەیان نەبووبێت، دەنا (سەرەڕای سەختییەکان) دەرفەتی کارکردن و وەرگێڕان هەر هەبووە. بەتایبەت کارکردن لەگەڵ ئەوو نەتەوەیی کە پێکەوە لە یەک سەرزەمیدا دەژین و کاریگەریی زۆری بەسەرمانەوە هەیە کە نەتەوە و زمانی عەرەبییە. سەرەڕای ئەو ماتی و بێدەنگییەی نەوەکانی پێشوو لە وەرگێڕانی ئەدەبیاتی عەرەبی دا خۆشبەختانە ئێستا نەوەیەکی نوێ دێت و دەست بە وەرگێرانی ئەو بەرهەمانە دەکات.
پاش ڕۆمانی “دوایین فریشتە”، کە هەر لەمساڵدا دەزگای چاپ و پەخشتی سەردەم بە وەرگێرانی د. نەوزاد ئەحمەد ئەسوەد چاپ و بڵاوی کردەوە، لە ماوەی ڕابردوودا دووەم رۆمانی فازڵ عەزاوی بەناونیشانی “کۆمیدیای تارماییەکان” بە وەرگێڕانی دلاوەر قەرەداغی چاپ و بڵاوکرایەوە. عەزاوی؛ یەکێکە لە نووسەر و شاعیرە دیار و کاریگەرەکانی 50 ساڵی ڕابردووی عێراق و ئەو لە دایکبووی شاری کەرکوکە، بەڵام نووسەرێکی دیار و کارگەرە، ئەوەی تا ئێستا بەرهەمەکانی نەکراون بە کوردی و زۆرێک لە بەرهەمەکانی بە خوێنەری کورد ئاشنا نین، یەکێکە لەو شتانەی کە هەم بۆ من جێگەی پرسیارە و هەم ئەو وەڵامانەشی لە زۆرجێگە و دیبەیتی ئەدەبیدا گوێم لێی بووە وەڵامی قایلکەر نەبوون.
فازڵ عەزاوی لە ساڵی 1940 لە کەرکوک لە دایکبووە و لە ساڵی 1966 ئەدەبیاتی ئینگلیزی لە بەغداد و پاشان رۆژنامەوانی لە زانکۆی لایبزگ لە ئەڵمانیا خوێندووە. ئەو لە دەنگە کاریگەر و دیارەکانی کۆمەڵەی کەرکوک بووە لە یەکێک بووە لە دامەزرێنەرانی ئەو کۆمەڵەیە لەگەڵ هەریەک لە سەرگۆن پۆڵس و جان دەمۆ و موئەیەد ئەلڕاوی و سەلاح فایەق. لە نێو ئەو کۆمەڵەیەدا ئەو یەکێکە لە پڕ بەرهەمترینەکانی کۆمەڵەکە و چەندین کتیبی شیعر و ڕۆمانی چاپ و بڵاوکردووەتەوە.
ڕۆمانەکانی ئەم نووسەرە گەمەکردنن لەنێوان واقیع و خەیاڵدا، سەرەتای چیرۆکەکانی هەمیشە بە ڕووداوگەلی واقیعی دەست پێ دەکات و خوێنەر دەباتە نێو دونیایەکی تەواو ڕیالیستییەوە، بەڵام دواتر و بە هێزی گێڕانەوە خوێنەر ئاراستەی لایەکی دیکە دەکات. ئەو لە “داویین فریشتەدا” چیرۆکی شارێکی پڕکێشە و پڕ لە ململانێ لە ڕێی گەڕەکێکی پەراوێزیەوە دەگێڕێتەوە و لەو رۆمانەدا دەیەوێت دەستکاریی پێگەی پاڵەوان بکات لە بوونەوەری گیاندارەوە بۆ شتێکی بێگیان و نەجوڵاو. لەوێدا شوێن پاڵەوانە. نەک کەسایەتی. بەڵام لەم ڕۆمانەدا “کۆمیدیای تارماییەکان” نووسەر بە چیرۆکێکی جیاواز دەست بە گێڕانەوە دەکات، کە تێکەڵەیەکە لە وێنەی واقیع و هاوکات وێنەی فەنتازی. ڕۆمانەکە کارکردنە لەسەر پرسیارە وجودییەکانی مردن و ژیان. گومان لەنێوان مردن و ژیاندا، هەر لە دەستپێکی ڕۆمانەکەوە خوێنەر پڕ دەکات لە گومان. بۆیە زیادەڕوی نییە ئەگەر بڵێین ئەم رۆمانە رۆمانی چاندنی گومانە.
لێرەدا نامەوێت ناوەرۆکی رۆمانە و وردەکاریی بخەمەڕوو، بەڵام دەستخۆشییم بۆ کاک دلاوەر قەرەداغی و د. نەوزاد ئەسوەد هەیە کە دوو بەرهەمی ئەم نووسەرەیان پێشکەشی کتێبخانەی کوردی کردووە، کە خوێندنەوەیان دونیای تازە بە ڕووماندا دەکاتەوە.

ھەواڵی زیاتر