سێشەممە, تشرینی دووه‌م 26, 2024

لە کتێبخانەی گشتی هەولێر..مێزی یادەوەرى و کتێبخانەیەکى تایبەت بە پەرتوکەکانى پێشمەرگە و تێكۆشەری دێرین (بارزان مەلا خالید) کرایەوە

ئەمڕۆ دووشەممە 2024.4.22، لە یادى (126) ساڵەى ڕۆژى ڕۆژنامەگەرى کوردى و لە ژێرچاودێرى ئومێد خۆشناو، پارێزگارى هەولێر و بە ئامادەبوونى ژمارەیەک لە ئەندامانى مەکتەبى سیاسى و کۆمیتەى ناوەندى پارتى و وەزیرى ڕۆشنبیرى حکومەتى هەرێم و بەرپرسانى لق و کەسایەتى و نووسەر و ڕۆشنبیران و کەس و کار و خانەوادەکەى، دواى پێشکەشکردنى کتێبەکانى لەلایەن بنەماڵەکەیەوە بە کتێبخانەی گشتی هەولێر، لە ڕێو رەسمێکدا مێزی یادەوەرى و کتێبخانەیەک بۆ پەرتوکەکانی پێشمەرگە و تێكۆشەری دێرین و میدیاكاری سه‌رده‌می شۆڕش و ئەندامی خولی یەکەمی پەرلەمانی کوردستان و بریکاری پێشووتری وەزارەتی رۆشنبیریی حکومەتى هەرێم (بارزان مەلا خالید) کرایەوە.

لە ڕێورەسمەکەدا، پارێزگارى هەولێر، لە وتارێکدا، وێڕاى بەخێرهێنانى میوانان، باسى لە مێژووى خەبات و ڕۆڵ و تێکۆشانى پێشمەرگایەتى و نیشتیمانپەروەری و كۆڵنەدانی تێكۆشەری دێرین خوالێخۆشبوو “بارزان مەلا خالید” کرد و ئاماژەى بەوەدا لە ئێزگەى دەنگى کوردستانى عێراق، دەنگی “بارزان مەلا خالید” دەنگی پێشمەرگە و دەنگی خەبات و تێکۆشانى گەلی کوردستان بوو و بۆ هەمیشە لەیاد و یاوەرى هەمووماندا ماوەتەوە و لەبیر ناکرێت، پارێزگارى هەولێر هەروەها ئاشکراشى کرد کە لە منزیکانە، لە شارى هەولێر وێڕاى سازکردنى ڕێورەسمێکى شایستە لە ساڵیادى کۆچى دواییدا، چوارڕێیانێکیش بەناوى ئەو تێکۆشەرە دەکەین، وەک کەسایەتییەکى خەباتکار و دیارى شارەکەمان.

جێگەى باسە، “بارزان خالید عەزیز” ناسراو بە “بارزان مەلا خالید” لە ساڵی 1945 لە گوندی مورتکەی گەورەی سەر بە ناحیەی قوشتەپە لە دایکبووە، خوێندنی سەرەتایی لە گوندی مورتکە و ناوەندی لە هەولێر تەواو کردووە. لە بەهاری ساڵی 1966دا چووەتە ریزی پێشمەرگە و لە ساڵی 1968 گواستراوەتەوە بۆ رادیۆی دەنگی کوردستانی عێراق و ساڵی 1982 بۆتە ئەندامی مەکتەبی راگەیاندنی پارتی و بەرپرسی بەشی کوردی “سۆرانی” رادیۆى دەنگى کوردستان و لە ساڵی 1986 بۆتە کارگێڕی لقى2، لە کۆتایی ساڵی 1988وە تاوەکو ساڵی 1990 نوێنەری پارتی بووە لە بەشی راگەیاندنی بەرەی کوردستانی و لە یەکەم هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان بۆتە ئەندامی پەرلەمانی کوردستان و لە ساڵى 1993 وەک بریکاری وەزارەتی رۆشنبیریی حکومەتی هەرێمی کوردستان دەستبەکاربووە، لە شەوى 25-08-2020، بەنەخۆشى دڵ لە نەخۆشخانەی لیڤ لە ئەنقەرەی پایتەختی تورکیا، کۆچی دواییکردووە.