دەرزیلەی گەشە و کاتوساتی دانواندنی

د. ئاكۆ كەریم: بەکارهێنانی دەرزیلەی گەشە دەبێت بە گوێرەی ڕێنماییەكانی وەزارەتی تەندروستی بێت

بەشێك لە دایك و باوكان لە باوەت باڵای منداڵەكەیان نیگەرانن و دوودڵن، هەندێكیشیان بەر لە وادەی گەشەی منداڵەكەیان پەنا بۆ پزیشك دەبەن بۆ ئەوەی دەرزیلەی هۆرمۆنیان لێ بدەن هەتا باڵا بکەن.

د. ئاكۆ كەریم جەلال، پـسپۆری نەخۆشییەکانی منداڵان و خۆراک و گەشەی منداڵان لە دیمانەیەكی “هەولێر”ـدا، لە بارەی ئەوەی كە ئایا هەموو منداڵێکی کورتە باڵا پێویستە دەرزی هۆرمۆنی گەشەی بۆ بکرێت یاخوود نا، گوتی: سەرەتا پێویستە لە بارەی هۆكارەكانی كورتە باڵاوە دایك و باوكان زانیارییان هەبێت هەندێ لە هۆکاری کورتە باڵایی دەخەینە ڕوو كە بریتین لەمانە :
• زۆربەی جار هۆکارەکەی کنێت و بۆماوەییە (ویراسیە).
• کەمی هۆرمۆنی گەشە، ئەم حاڵەتە لە چوار هەزار کەسدا یەک کەس توشی دەبێت.
• کەمی هۆرمۆنی غودەی دەرەقی.
• بەدخۆراکی.
• نەخۆشییە درێژخایەنەکان وەک نەخۆشی گورچیلە، نەخۆشییە درێژخایەنەکانی کۆئەندامی هەرس، نەخۆشی رۆماتیزم، نەخۆشی سەلەسیمیای گەورە.
• حاڵەتە دەروونییەکان وەک خەمۆکی درێژخایەن.
• نەخۆشییە کرۆمۆسومییەکان وەک کونیشانەی داون و تێرنەر.
• هەندێ نەخۆشی لە کاتی دووگیانی وا دەکات منداڵەکە بچووک دەرچێت وەک دەردی فشاری خوێن و شەکرە و کەمخوێنی و کەمخۆراکی.

دایك و باوكان پێویستە لە چ کاتێکدا سەردانی پزیشك بكات بۆ ئەوەی لە باڵای منداڵەكەی دڵنیا ببێتەوە و داوای دەرزیلەی هۆرمۆن بكات؟
د. ئاكۆ كەریم، لەو بارەیەوە گوتی: بەکار هێنانی لە وڵاتێکەوە بۆ وڵاتێکیتر هەندێ گۆرانکاری کەمی هەیە. لە ولاتی خۆمان بە پێی رێنماییە تازەکەی وەزارەتی تەندروستیی عێراق بەکارهێنانی دەرزی گەشە تەنها لەم چوار حاڵەتە دەبێت بکرێت:

1) نەخۆشی کەمی هۆرمۆنی گەشە. ئەم حاڵەتە بە پشکنینێکی تایبەت دەسنیشان دەکرێت کە تەنها لە بەشی گەشەی باڵا دەکرێت.
2) گەر بەهەر هۆکارێک لە کاتی دووگیانی منداڵەکە بچووک بوو وە تا ٤ ساڵێ گەشەی باڵای منداڵەکە بە پێ پێویست نەبوو.
3) نەخۆشی سستی گورچیلەی درێژ خایەن.
4) نەخۆشی کۆنیشانەی تێرنەر.
لەم چوار حاڵەتە لە بەشی گەشەی باڵا لە نەخۆشخانەی منداڵان فایلی تایبەتی بۆ دەکرێت، ئینجا لە وەزارەتی تەندروستیی عێراقەوە بڕی پێویستی دەرزیلەی هۆرمۆنی گەشەی بۆ دابین دەکرێت، بەکارهێنانی ئەم دەرزیە لە ٥ بۆ ١٥ ساڵانە.
لە كۆتاییدا د. ئاكۆ كەریم ئامۆژگاری بۆ دایك و باوكان هەیە و داوایان لێ دەكات كە بەبێ راوێژی بەشی گەشە لە نەخۆشخانەی منداڵان و هەروەها پزیشكی پسپۆڕ بەهیچ شێوەیەك دەرزیلەی هۆرۆمۆن بەکار نەهێنن با تووشی دەرەنجامە خراپەکانی ئەم دەرزییە نەبن.

ھەواڵی زیاتر