سێشەممە, تشرینی دووه‌م 26, 2024

نێچیرڤان بارزانی بۆ گۆڤاری گوڵان: دەستخۆشیتان لێدەکەم



بەبۆنەی تێپەڕبوونی ٣٠ ساڵ بەسەر دەرچوونی یەکەم ژمارەی گۆڤاری گوڵاندا، نێچیرڤان بارزانی پەیامێکی پیرۆزبایی ئاراستەی سەرنووسەر و دەستەی نووسەران و تەواوی کارمەندانی گوڵان کرد.

پەیامی پیرۆزبایی نێچیرڤان بارزانی، بەبۆنەی ساڵیادی دەرچوونی گۆڤاری گوڵان:

بەڕێز سەرنووسەری گۆڤاری گوڵان

بەبۆنەی (٣٠)ـەمین ساڵیادی دەرچوونی گۆڤاری گوڵانەوە، پیرۆزباییەکی گەرم لە ئێوە و دەستەی نووسەران و تەواوی کارمەندانی بەڕێزی گۆڤارە سەنگینەکەتان دەکەم و ھیوای سەرکەوتنی بەردەوامتان بۆ دەخوازم.

دەرچوواندنی گۆڤاری گوڵان بۆ ماوەی سی ساڵی بێ وەستان و دابڕان، پشوو درێژیی ستافەکەی لەم کاروانە نەپساوەدا، زیندوو ھێشتنەوەی مێژووی دەزگای ڕۆشنبیری و ڕاگەیاندنی گوڵان و پەیامە پیشەیییەکەی، جێی ستایش و بەرزنرخاندنە و دەستخۆشیتان لێ دەکەم.

لەم یادەدا ھیواخوازم گوڵان کە وەک سەکۆیەکی ئازادیی ڕادەربڕین و کۆکەرەوەی ڕا جیاوازەکان بۆ دروستکردنی ڕای گشتی و ھۆشیارییەکی ڕەخنەگرانە دروست بوو، لەسەر درێژەدان بەو پەیام و ئامانجانە بەردەوام بێت و پیشەیی و بەرپرسیارانە کار لەسەر قووڵکردنەوەی بەھاکانی ئازادی و دیموکراسی و کرانەوە بکات.

نێچیرڤان بارزانی