لێکسیکۆنی هزر و فەلسەفە-ی کەریم مستەفا

(سەرچاوەیەکی دەگمەنی هزریی و فەلسەفی بە زمانی کوردی)

کاتێک باس لە هەژاری کتێبخانەی کوردی دەکرێت بێگومان باس لە کەمی کتێب ناکرێت، وشەی “هەژاری” لێرەدا بە مانای نەبوونی کتێب (بە مانا گشتییەکەی) ناگەیەنێت، چونکە ساڵانە بە سەدان کتیب چاپ دەکرێت و ماوەی 20 ساڵە لانی کەم ساڵانە دوو؛ سێ هەزار ناونیشانێکی نوێ کوردی بۆ کتێبخانەکان زیاد دەبێت، بەڵام کاتێک باس لە “هەژاریی” کتیبخانەی کوردی دەکرێت.

باس لە کەمسەرچاوەیە دەکرێت کە لە زۆر بواردا ژمارەی کتێب لە کتیبخانەی کوردیدا ناگاتە سەد کتێب. هەر بۆ نموونە لە بواری زاستی بەهەموو لقەکانییەوە کتێبخانەی کوردی کتێبخانەیەکی هەژارە، لە بواری فیکر و فەلسەفە (بە تایبەت دەقی بنچینەیی بیرمەندەکان) زۆر هەژارە، لە بواری فەرهەنگسازی بە هەموو لقەکانییەوە کتێبخانەی کوردی گەلێک بێسەرچاوەیە. دەتوانین ئەم لیستە گەلێک درێژ بکەینەوە. بەتایبەت ئەگەر سەرنجی کتێبخانەی فارسی و عەرەبی بدەین ئەوسا هەست بە بێسەرچاوەیی و هەژاریی کتێبخانەی کوردی دەکەین.
سەرەڕای هەموو ئەمانە لەم چەند ساڵەدا چەند هەوڵێکی کەم، بەڵام گرنگ و سەنگین دەستی پێ کردووە، کە ئامانجیان زیادکردنی ژمارەی کتیب نییە بۆ کتیبخانەی کوردی، بەڵکو ئامانجیان پڕکردنەوەی ئەو کەلێنانەیە، کە لە کتیبخانەی کوردیدا هەن و کەس دەستی بۆ نەبردوون و سەرچاوە لەبارەیانەوە گەلێک کەمە. لەم بوارەدا وەرگێڕانی دەقە بنچینەییە فەلسەفییەکان بە نموونە دیالۆگەکانی ئەفلاتون و وەرگێڕانی چەند دەقیکی دیکەی بنچینەیی فەلسەفی گەلێک بایەخدارە. هەروەها لە بواری دەروونشیکارییدا وەرگێڕانی تێکستی زانا دەروونشیکارەکانی وەکو فرۆید و یۆنگ، ئەمانیش هەوڵی گرنگ و جێبایەخن. بە بینینی ئەم کارە وەرگێڕدراوانە هەست بەوە دەکەین، کە وەرگێڕان لە کردەیەکی هەڕەمەکییەوە (عەفەوییەوە) بووە بە پرۆژەیەک بۆ خزمەتی زمان و کولتوور. نووسین و وەرگێڕان بەر لەوەی کردەیەکی خۆرسک و هەڕەمەکی بێت، پێویستە پرۆژەیەکی مەعریفی بێت. نووسەر و وەرگێڕ کار لەو ڕووبەرانەدا بکات کە کاریان تێدا نەکراوە، یان هەست بە بۆشایی گەورە دەکرێت تێیاندا.
لە ماوەی ڕابردوودا نووسەر و توێژەری فەلسەفی “کەریم مستەفا” کتێبێکی قەبارە گەورە و بەناوەرۆک سەنگینی پێشکەشی کتیبخانەی کوردی کرد، کە “لێکسیکۆنی هزر و فەلسەفە” بوو. ئەم کتێبە لە چاپکراوەکانی ناوەندی ڕەهەندە و لە دوتوێی 1117 لاپەڕەدا چاپ و بڵاوکراوەتەوە. کتێبێکە زیاترە لەوەی بەتەنها پێی بوترێت فەرهەنگ، بەڵکو جۆرێک لە شرۆڤە لەنێو دەقەکاندا هەست پێ دەکرێت بۆیە نووسەر لە بری وشەی فەرهەنگ وشەی “لێکسیکۆن”ی بەکارهێناوە. ڕەنگە ئێمە نەتوانین هەڵسەنگاندن بۆ تەواوی ئەم کتێبە بکەین بەو پێیەی 1117 لاپەڕەی قەبارە گەورەیە و ئەمە پێویستی بەوەیە کە کەسانی پسپۆڕی ئەم بوارە بە وردی سەرنجی بدەن و دەوڵەمەندی بکەن بۆ چاپەکانی دیکە. یان دەشێ ئەم کتێبە، دەروازەبێت بۆ لە دایکبوونی چەندین فەرهەنگی دیکەی شرۆڤەیی لەم چەندە بە قەبارەی جیاواز کە ڕیشەکەیان بگەڕێتەوە بۆ ئەم “لێکسیکۆن”ـە.
“کەریم مستەفا”، ئەوەندەی من ئاگادار بم، زیاتر لە 20 ساڵە کار لەسەر پرۆژەی “فەلسەفە بۆ منداڵان” دەکات، لەم بوارەشدا چ بە تیۆریی و چ بە پراکتیک بەرهەمی پێشکەشی کتێبخانەی کوردی کردووە و لەو بوارەشدا پێشڕەو و جێگە دەستی دیارە. بەم “لێکسیکۆن”ـەش جێپێی خۆی وەکو کەسێکی خەمخۆری وشەی کوردی و کتیبخانەی کوردی کردەوە. “لێکسیکۆن”ەکە بە سەدان زاراوەی فیکریی و فەلسەفی تێدا شیکراوەتەوە، ئەمە بێجگە لە ناوی بیرمەند و توێژەری فەلسەفی و هزرڤان، کە بەپێی توانا ناساندنی کورت بۆ ئەمانیش کراوە. ئەوەی جێگەی خۆشحاڵییە ئەوەیە کە ئەم “لێکسیکۆن”ـە تەنها نووسەر و بیرمەندانی بیانی و خۆرئاوایی نەگرتووەتەوە، بەڵکو بیرمەندان و توێژەرانی بواری فەلسەفی لە تەواوی جیهان گرتوەتەوە و بە توێژەرانی کوردیشەوە، کە دیسان ئەمەش جێگەی دەستخۆشییە.
سەبارە بە زاراوەی لێکسیکۆن و ڕیشە مێژوویی و فەلسەفییەکەی نووسەر لە ڕوونکردنەوەیەکدا لە کتێبەکەدا ئاماژەی بۆ ئەوە کردووە کە “زاراوەی لێکسیکۆن لە سەدەی حەڤدەهەمەوە لە زمانی ئینگلیزدا بەکاردێت، لە زاراوەی: Lexis لێکسیس-ئاخافتن-ی یۆنانی و لاتینیەوە وەرگیراوە، واتای “وشە و گوتار” دەدات. یەکەم لێکسیکۆن لە مێژوودا، نووسەر و فەیلەسوفی سروشت [گایوس پلینوس سێکوندوس(٢٣-٧٩)]ی ڕۆمانی بە [پلینیوسی پیر] ناسرابوو لە ساڵی(٧٠)دا (١٩٥٠) ساڵ بەر لەئێستا، سازیکردووە. لێکسیکۆن و قاموس لەو پنتەدا لێکجودان، لە لێکسیکۆندا جگە لە وەرگێڕانی واژە و چەمکەکان، ڕاڤەکردنیشیانە؛ دەشێت ڕاڤەکردنەکە لە چەند دێڕێکەوە، تا کورتەباسێک درێژبێتەوە.”
سەبارەت بە پێکهاتەی کتێبەکەش نووسەر ئەوە دەخاتەڕوو کە “لەم لێکسیکۆنەدا نزیکەی (٧٥٠) فەیلەسوف، تیۆلۆج، هزرمەند و نزیکەی(٧٥٠) چەمک و زاراوە و ڕێبازی فەلسەفی، بە پێی ئەلفبای کوردی ڕیزکراون و بەرانبەریان بەزمانی ئینگلیزی و هەندێکیان بە زمانی عەرەبی نووسراون، لەو ڕوانگەیەوە، کە لە باشووری کوردستان کتێب و سەرچاوەی هزری و فەلسەفی بە زمانی عەرەبی تاڕادەیەک زۆرن. شێوازی نووسینی چەمکەکان و ناوی فەیلەسوفەکان، چ یۆنانی، لاتینی، فرەنسی، ئینگلیزی و ئاڵمانی، بن بەکوردیش بەو شێوەیە نووسراون، وەک چۆن لە گوگڵەدا بەو زمانانە دەبێژرێن.”
د. محەمەد کەمال لە پێشەکییەکی بە بایەخیدا بۆ ئەم “لێکسیکۆن”ـە دەڵێت: “گەرچی ئەم لێکسیکۆنە، یەکەم بەرهەم نییە لەسەر واتای چەمکە فەلسەفییەکان بە زمانی کوردی، بەڵام لە سترەکچەر و شێوازیدا پێشەنگ و کارامەیە، چونکە لەپاڵ ناوی فەیلەسوف و چەمک و فێرگە فەلسەفییە ڕۆژئاوایی و ڕۆژهەڵاتیەکاندا، ناو و بیروبۆچوونی چەندین فەیلەسوف و بیریاری کوردی تێدا تۆمارکراوە، کە من پێموایە دەبێتە بنەمایەک بۆ ژیانەوەی بیرۆکەی ئەم بیریارانە و کەلەپووری ڕۆشنبیریمان.
ئامادەکردنی لێکسیکۆنی فەلسەفی کارێکی ئاسان نییە، پێویستە نووسەرەکەی شارەزایی لە فەلسەفە و مێژووی فەلسەفە و مێژووی گەشەکردنی بیرکردنەوەدا هەبێت. بە دروستی لە واتای چەمکەکان تێگەیشتبێت، تاکو بتوانێت بە کورترین شێوەی دەربڕین، واتای چەمکەکان و کێشە فەلسەفییەکان بە خوێنەر بگەێنێت. گرنگە ئەوەش ڕەچاوبکرێت، کە چەند بیریارێک کار لەسەر نووسین و ئامادەکردنی لێکسیکۆن دەکەن، کەچی “کەریم مستەفا” بەتەنیا ئەم ئەرکە مەزنەی ئەنجامداوە.”
بە کورتی ئەگەر خۆمان لە پیاهەڵدانی بێ بنەما بپارێزین وەکو د.محەمەد کەمالیش ئاماژەی بۆ کردووە کارکردن لەسەر ئەم جۆرە لە کتێبە بە تەنها کاری یەک کەس نییە، چونکە هەم کارێکی تاقەت پڕوکێنەرە و هەم شارەزایی و وردبوونەوەی زۆری دەوێت، بەڵام نووسەری ئەم لێکسیکۆنە خۆشبەختانە ئەمەی کردووە و خوێنەر هەر لە بەرکەوتنی بە چەند لاپەڕەیەکی کەمی ئەم کتێبە بەتەواوی هەست بەوە دەکات.
دەستخۆشی بۆ “کەریم مستەفا” و تەواوی هاوکارانی بۆ ئەنجامدانی ئەم کارە گرنگە لە دونیایەکدا کە هیچ شتێک بەهای خۆی پێ نادرێت ئەو و هاوکاری دەیانەوێت لە ڕێی ئەم سەرچاوە دەگمەنە هزریی و فەلسەفییەوە بەها بۆ فیکر و بیرکردنەوە و تێڕامان بگێڕنەوە و کتێبخانەی کوردی پێ ئاوەدان بکەنەوە.

ھەواڵی زیاتر