دووشەممە, تشرینی دووه‌م 25, 2024

غەفور مەخموری، سكرتێری گشتیی یه‌كێتی نه‌ته‌وه‌یی كوردستان: سەردانەکەی مەسرور بارزانی بۆ ئەمریکا گرنگ و پڕ بەرهەم بوو

غەفور مەخموری، سكرتێری گشتیی یه‌كێتی نه‌ته‌وه‌یی كوردستان، ڕایدەگەیەنێت؛ سه‌ردانی ماوەیەك لەمەوبەری سه‌رۆكی حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستان بۆ ئه‌مه‌ریكا، سه‌ردانێكی گرنگ و پڕبه‌رهه‌م بوو، چونكه‌ له‌ كاتێكی زۆر هەستیار و پێویستدا بوو.

غه‌فوور مه‌خمووری، سكرتێری گشتیی یه‌كێتی نه‌ته‌وه‌یی دیموکراتی دیموكراتی كوردستان، دەڵێت: “سه‌ردانی ماوەیەك لەمەوبەری سه‌رۆكی حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستان بۆ ئه‌مه‌ریكا، سه‌ردانێكی گرنگ و پڕبه‌رهه‌م بوو، چونكه‌ له‌ كاتێكی زۆر هەستیار و پێویستدا بوو، ئه‌و گرفتانه‌ی له‌نێوان هه‌ولێر و به‌غدادا بوون پێویستی به‌وه‌ ده‌كرد، له‌گه‌ڵ ئه‌مه‌ریكا گفتوگۆی لەسەر بكرێت، كه‌ ئه‌مڕۆ هاوبه‌شێكی سه‌ره‌كیی عێراق و كوردستانه‌، ئه‌مه‌ریكا له‌ كاتی پرۆسه‌ی رزگاركردنی عێراق هاوكاری كوردستان و عێراق بووه،‌ بۆیه‌ وه‌رگرتنی بۆچوونی ئه‌مه‌ریكا بۆ چاره‌سه‌ری پرسه‌كان گرنگه، بێگومان ئه‌مه‌ریكا لە یەکلاییکردنەوەی گرفتەکاندا ده‌توانێت رۆڵێكی كاریگه‌ر ببینێت و گرفته‌كان یه‌كلابكاته‌وه‌، بۆیه‌ ئه‌و سه‌ردانه‌ی كاك مه‌سرور بارزانی بۆ ئه‌مه‌ریكا و خستنه‌ڕووی ئه‌و كێشه‌ و گرفتانه،‌ نەخاسمە پرسی هەناردەكردنەوەی نەوت و چارەسەری كێشە داراییەكانی نێوان بەغدا و هەولێر گرنگ بوو، ئه‌مڕۆ وایكرد كه‌ ئه‌مه‌ریكاش له‌گه‌ڵ سوودانی له‌سه‌ر ئه‌و بابه‌تانه‌ قسه‌ بكات و داوای چاره‌سه‌ری ئه‌و گرفتانه‌ش بكات.“
وتیشی: “ده‌بێت به‌رده‌وام له ‌هه‌وڵی ئه‌وه‌دا بین كه‌وا گرفته‌كانمان به‌ كۆمه‌ڵگەی نێوده‌وڵه‌تی رابگه‌یه‌نین و چاره‌سه‌رییەکانیش بخه‌ینه‌ڕوو، بێگومان كوردستان هه‌میشه‌ بۆ گرفته‌كان چاره‌سه‌ری پێ بووه‌، به‌دڵنیاییه‌وه‌ لە سه‌ردانی كاك مه‌سرور بارزانی بۆ ئه‌مه‌ریكا، چارەسەری گرفتەکان بۆ واشنتۆن خراونەتەڕوو، ده‌كرێت ئه‌و گرفتانه‌ لەسەر بنەمای دیالۆگ و لەیەکترگەیشتن چاره‌سه‌ر بكرێن و یه‌كلا بكرێنه‌وه‌.“