دووشەممە, تشرینی دووه‌م 25, 2024

لویس ساکۆ: سه‌رۆك بارزانی و هه‌رێمی كوردستان پشتیوانییه‌كی زۆریان كردووم

پاتریاركی کڵێسای كلدانی له‌ عێراق و جیهان ئاماژه‌ به‌وه‌ ده‌كات، ئه‌و بارودۆخه‌ی به‌رامبه‌ری دروست كراوه‌، سه‌رۆككۆماری عێراق لێی به‌رپرسه‌؛ ده‌شڵێت، سه‌رۆك بارزانی و هه‌رێمی كوردستان پشتیوانییه‌كی زۆریان كردووه‌.

ئه‌مڕۆ (دووشه‌ممه‌ 15ـی نیسانی 2024) کاردیناڵ لویس ساکۆ، پاتریاركی کڵێسای كلدانی له‌ عێراق و جیهان له‌ كۆنفرانسێكی ڕۆژنامه‌وانیدا له‌ هه‌ولێر ڕایگه‌یاند، كاتێك ڕێكخراوی قاعیده‌ی ئیسلامی و دواتریش ڕێكخراوی داعش هێرشیان كرده‌ سه‌ر كریستیانه‌كان له‌ ناوچه‌ جیاجیاكانی عێراق، حكوومه‌تی عێراق هیچ هاوكارییه‌كی بۆ پاراستن و له‌خۆگرتنیان پێشكه‌ش نه‌كردن، به‌ڵكوو كڵێسا شوێنی خۆپاراستن و دابینكردنی خۆراك و پێداویستییه‌كان بۆ خه‌ڵك ده‌دۆزییه‌وه‌.

کاردیناڵ لویس ساکۆ ئاماژه‌ی به‌وه‌یش كرد، ئه‌و كات چوونه‌ته‌ سه‌ردانی سه‌رۆكوه‌زیرانی عێراق و داوای هاوكارییان لێ كردووه‌، به‌ڵام سه‌رۆكوه‌زیران پێی گوتبوون كه‌ پاره‌یان نییه‌ بۆ پێشكه‌شكردنی هاوكاریی.

کاردیناڵ لویس ساکۆ باسی له‌وه‌یش كرد، دواتر سه‌ردانی مووسڵ و كه‌ركووكیان كردووه‌ و خه‌ڵك و ڕێكخراوه‌ خێرخوازییه‌كان كه‌ خه‌ڵكی موسڵمان و ئه‌وانی دیكه‌یشی تێدا بووه‌، هاوكارییان كردوون.

پاتریاركی کڵێسای كلدانی له‌ عێراق و جیهان ڕوونیشی كرده‌وه‌، هه‌ر له‌و چوارچێوه‌یه‌دا هه‌رێمی كوردستان هاوكارییه‌كی زۆری پێشكه‌ش كردوون و بۆ ئه‌و مه‌به‌سته‌یش داوای هاوكاری له‌ سه‌رۆككۆمار كرد، به‌ڵام ئه‌و به‌هۆی ڕێككه‌وتنی له‌گه‌ڵ لایه‌نێكی عێراقی، هاوكاری نه‌كردوون.

کاردیناڵ لویس ساکۆ جه‌ختیشی كرده‌وه‌، گه‌ڕانه‌وه‌ی بۆ به‌غدا به‌ پشتیوانی هه‌رێمی كوردستان و له‌میانی ده‌ستپێشخه‌ریی محه‌ممه‌د شیاع سوودانی، سه‌رۆكوه‌زیرانی عێراق و فشاری نێوده‌وڵه‌تییه‌وه‌ بووه‌.

لویس ساکۆ له‌ وه‌ڵامی پرسیارێكی په‌یامنێری كوردستان24ـدا ڕایگه‌یاند، ئه‌و بارودۆخه‌ی به‌رامبه‌ری دروست كراوه‌، سه‌رۆككۆماری عێراق لێی به‌رپرسه‌. گوتیشی، سوودانی به‌دوای چاره‌سه‌ركردنی كێشه‌كه‌یه‌تی و مه‌به‌ستیه‌تی ڕێز بۆ كریستیانه‌كان بگه‌ڕێنێته‌وه‌. جه‌ختیشی كرده‌وه‌، سه‌رۆك بارزانی و هه‌رێمی كوردستان پشتیوانییه‌كی زۆریان كردووه‌.

ئەمەش لە کاتێکدایە، دوای ئەوەی لە ژمارەی (4727)ـی رۆژنامەی وەقایعی عێراق لە (3ـی تەممووزی 2023)، سەرۆکایەتی کۆماری عێراق بە مەرسومی ژمارە (31) بڕیاری کشانەوەی مەرسومی ژمارە (147)ـی ساڵی 2013 بڵاوکردووەتەوە کە تایبەتە بە کاردینال پاتریارک لویس رافایل ساکۆ، لە روونکردنەوەیەکدا لەتیف رەشید، سەرۆک کۆماری عێراق رایگەیاند، کشانەوەی مەرسومی سەرۆکایەتی زیان بە پێگەی ئایینی یان یاسایی کاردینال لویس ساکۆ ناگەیەنێت چونکە لەلایەن قەداسەتی پاپا فرەنسیس و کڵێسای کاسۆلیکییەوە ئەو پلەی پاتریارکی کڵێسای کلدانی عێراق و جیهانی پێبەخشراوە.

هەروەها لەتیف ڕەشید ئاماژەی بەوەش کردووە، “کشانەوەی مەرسومەکە، بۆ راستکردنەوەی دۆخی دەستووری هات و مەرسومی ژمارە (147)ـی ساڵی 2013 بەبێ بنەمایەکی دەستووری یان یاسایی بوو، هەروەها بەهۆی داواکردنی مەرسومی هاوشێوەی سەرۆکایەتی لەلایەن سەرۆکی کڵێساکان و پێکهاتەکانی ئایینی دیکەوە، بەبێ بنەمایەکی دەستووری”.

سەرتای مانگی ئایاری ساڵی رابردوو، لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەوانیدا کاردینال پاتریارک لویس رافایل ساکۆ رایگەیاند، ئەو هاوشێوەی سیستانی کە مەرجعی باڵای شیعەکانە، ئەویش مەرجی کریستیانەکانە و هیچ پەیوەندییەکی بە کاری سیاسییەوە نییە و جەختی لەسەر ئەوەش کردەوە، کە رەیان کلدانی نوێنەرایەتی کریستیانەکان ناکات و بەوەش تۆمەتباری کرد کە هەوڵی دەست بەسەرداگرتنی کڵێساکانی پارێزگای نەینەوا دەدات.

هاوکات سەرۆکی کەنیسەی کلدانی لە عێراق و جیهان هۆشداری دایە حکومەتی عێراق، ئەگەر لە بەرامبەر ئەو پێشێلکارییانەی دژی کریستانەکان دەکرێت، نەیەتە دەنگ ئەوا پەنا بۆ کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی دەبەن.

رۆژی (دووشه‌ممه‌ 17ـی ته‌ممووزی 2023) ژماره‌یه‌ك مه‌تران له‌ هه‌رێمی كوردستان، عێراق و ده‌ره‌وه‌ نامه‌یه‌كیان ئاراسته‌ی له‌تیف ره‌شید، سه‌رۆككۆماری عێراق كرد‌ و تێیدا رایانگه‌یاندبوو‌، ئه‌وه‌ی به‌رامبه‌ر به‌ مه‌رجه‌عیه‌تی باڵای كه‌نیسه‌ی كلدانی له‌ عێراق و جیهان كراوه‌، توندوتیژییه‌ به‌رامبه‌ر به‌ گه‌له‌كه‌یان و سووكایه‌تیكردنه‌ به‌ پیرۆزی و سێمبۆڵه‌كانیان.

هه‌روه‌ها له‌ به‌شێكی دیكه‌ی نامه‌‌كه‌یاندا رایانگه‌یاندبوو‌، ئه‌و بڕیاره‌ رۆژ له‌ دوای رۆژ زیاتر كه‌ڵه‌كه‌ ده‌بێت و دواتریش ده‌ته‌قێته‌وه‌ و مه‌ترسی هه‌ڵگیرسانی ئاشووبی تایه‌فه‌گه‌ری لێ ده‌كه‌وێته‌وه‌. هاوكات ئاماژه‌یان‌ به‌وه‌ كردبوو سه‌رۆككۆمار له‌ به‌رامبه‌ر دروستبوونی ئه‌و بارودۆخه‌، له‌ به‌رده‌م خوا و گه‌ل به‌رپرسیار ده‌بێت. ئه‌وه‌شیان به‌بیرهێنابووه‌وه‌‌، كه‌ تا ئێستا تاوانه‌كانی داعش له‌ دڵ و ده‌روونیان ماوه‌ و ئاسه‌واره‌كانی ئه‌و تاوانانه‌ به‌سه‌ر جه‌سته‌یانه‌وه‌ دیاره‌.