وەزیری بەرگریی ئیسرائیل دەڵێت، هێرشەکانی ئێران بۆ سەر ئیسرائیل هێشتا کۆتاییان نەهاتووە، بەڵکوو “ئەوە شەپۆلی یەکەمی هێرشەکە بووە”.
ئەمڕۆ یەکشەممە، 14-04-2024، یواڤ گالانت، وەزیری بەرگریی ئیسرائیل ڕایگەیاند، هێرشەکانی ئێران بۆ سەر ئیسرائیل هێشتا کۆتاییان نەهاتووە، بەڵکوو ئەوە شەپۆلی یەکەمی هێرشەکە بووە، ئێستا تاران دەیەوێت باڵەکانی لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست دژی ئیسرائیل بخاتە کار.
وەزیری بەرگریی ئیسرائیل گوتی، “هەموو جیهان بینیان چۆن ئێران، وڵاتە گێرەشێوێنەکە لە دووری هەزار و 500 کیلۆمەترەوە پەلاماری ئیسرائیلی دا. سەرباری ئەو هێرشە تاران لە هەوڵدایە لق و پۆپەکانی دژی ئێمە بخاتە کار”.
یواڤ گالانت باسی لەوەش کرد، “ئەو هێرشە هێشتا کۆتایی نەهاتووە، هەربۆیە سوپاکەمان لە ئامادەباشیدا دەبێت لە ئاستی دەرەوە و ناوخۆ بۆ بەپەرچدانەوەی هەر سیناریۆیەک. هێرشی یەکەمی ئێرانمان تێکشکاند و سەرکەوتنمان بەدەست هێنا”.
شەوی شەممە، 13-04-2024، دەوروبەری کاتژمێر 11:00، سوپای پاسدارانی ئێران بە دەیان مووشەک و درۆنی بۆمبڕێژکراوەوە، هێرشەکەی بۆ سەر ئیسرائیل دەست پێکرد. ئەم هێرشەی تاران لە وەڵامی کوژرانی حەوت ئەندامەکەی سوپای پاسداران بوو کە لە هێرشێکی ئیسرائیل بۆ سەر کونسوڵخانەکەی لە دیمەشقی پایتەختی سووریا کرانە ئامانج.
دانیاڵ هەگاری، گوتەبێژی وەزارەتی بەرگریی ئیسرائیل، لە کۆنفرانسێکی ڕۆژنامەوانیدا ڕایگەیاند، سیستەمی بەرگریی ئاسمانی ئیسرائیل، توانیویەتی سەدا 99ـی درۆن و مووشەکەکانی ئێران بخاتە خوارەوە، پێش ئەوەی بگەنە ناو ئەلئەڤیڤ و شارەکانی دیکە. گوتیشی، لە ئەنجامی هێرشەکەی ئێران؛ کچێکی تەمەن 10 ساڵان بە سووکی لە باشووری ئیسرائیل بریندار بووە.
بە گوتەی بەرپرسە ئەمنییەکانی ئیسرائیل؛ ئێران لە هێرشەکەی شەوی رابردوویدا، 170 درۆن، 30 مووشەکی جۆری “کرووز” و 120 مووشەکی بالیستی ئاراستەی ئیسرائیل کردووە و زۆرینەیان خراونەتە خوارەوە. هاوکات بەشێکی ئەو مووشەک و درۆنانە، لە ئاسمانی عێراق و هەرێمی کوردستان خرانە خوارەوە.
هێرشەکەی ئێران لەسەر ئاستی نێودەوڵەتی کاردانەوەی لێکەوتەوە؛ یەکێتیی ئەوروپا و هەر یەکە لە وڵاتانی ئهمهریكا، بەریتانیا، فەرەنسا، ئەڵمانیا، ئیتاڵیا، سعوودیە و چەندین وڵاتانی دیکەی ناوچەکە “بە توندی” هێرشەکەیان سەرکۆنە کرد. وابڕیاریشە، ئەمڕۆ یەکشەممە، ئەنجوومەنی ئاسایشی نەتەوە یەکگرتووەکان کۆبوونەوەیەکی بەپەلە لەبارەی هێرشەکە بکات.