بەکارهێنانی ڕەوشت و ڕەفتاری دروست لە بەکار‌هێنانی سۆشیال میدیا و بەکار‌هێنانی زمانی لۆژیك و تەندروست لە جێگای زمانی زبر و جنێو

لە ڕۆژگاری ئەمڕۆماندا کاتێک باس لە سۆشیال میدیا دەکرێت،بێگومان سەرەڕای لایەنی باش و پۆزەتیڤ کە سوودی لێوەردەگیرێت لە ژیانی ڕۆژانەماندا سەرەڕای ئەوە لای بەشێکی تری تاکەکانی کۆمەڵگا ئەو بیرکردنەوەیە پێچەوانە بۆتەوە، کە سۆشیال میدیاو تۆڕە کۆمەڵایەتیەکان بوون بە ئامرازێک بۆ تێكدانی ئاسایشی كۆمەڵایەتی و نیشتمانی، ناشیرین كردنی جوانیەکان و پیرۆزییەكانی کۆمەڵگا، واتە ئاراستەیەکی نێگەتیڤی وەرگرتووە .

لە دوای دەركەوتنی میدیایی ئازاد لە هەرێمی كوردستان و سەرهەڵدانی زمانی ڕەخنە و ئازادی لە بیروڕا دەربڕین،کە بەردەوام ڕۆژ لە دوای ڕۆژ لە پەرەسەندن و فراوان بوون دایە،بەكاربردنی زمان وەک كردەیەك بەکار‌هێنراوە کە بۆ ڕق و کینەو جنێودان و تەهشیرکردن لە سۆشیال میدیا ڕەنگی داوەتەوە.
ڕەخنەو ڕق تێکەڵ بە یەک کراوە، کە ئەم دیاردەیەش دەتوانین بڵین هەموو بوارەکانی کۆمەڵگای گرتۆتەوە وەک بواری (کۆمەڵایەتی،سیاسی،هونەری، ئابوری، پەروەردە …هتد)، کە زۆربەی کات ڕق و کینەی هەڵگیراو کۆکراوەکان لە بابەتێکدا هەمووی لە سۆشیال میدیا خاڵی دەکرێتەوە بە شێوەکی زۆر هەڕەمەکی و نا شارستانیانە کۆمێنت دەدرێت، دوور لە بەکارهێنانی زمانێکی لۆژێکی و نەرم و سەردەمی.
بەکار‌هێنانی زمانی زبر و توندوتیژ لەلایەن ئەو کەسانەی پەیڕەو دەکرێت کە هەڕەمەکیانە سۆشیال میدیاو تۆڕە کۆمەڵایەتیەکان بەکار دەهێنن بووە بە دیاردەکی ترسناک و بەربڵاو .
بێگومان ڕەخنە هەبووە و ڕەخنەش گیراوە و مافی هەموو كەسێكە ڕەخنە بگرێت،بەڵام بەشێوەیەکی شارستانیانە و کە زمانێكی شارستانی بەكارببرێت، بەڵگە بخرێتەڕوو چارەسەر و پێشنیازی دروست پێشكەش بكرێت بۆ ئەو بابەتەی کە ڕەخنەی لێ گرتووە .
وەک لامان ڕوونە کە بە شێوەیەک بەکاربردنی تۆڕە کۆمەڵایەتیەکان ڕەگی داکوتاوە، کاریگەری سلبی لەسەر پەروەردە و هەڵسوکەوت و ڕەفتاری منداڵان و گەنجانی ئەم ووڵاتە دروستکردووە، بەهۆی ئەوە، کردەی توندوتیژیەکان و کێشەی کۆمەڵایەتیەکان ڕوویان لە زیادبوون کردووە، ئەمەش بەپێی ئەو ئامارانەی کە بەڕێوەبەرایەتیەکانی بەرەنگاربوونەوەی توندوتیژی خێزانی و ڕێکخراوەکان ڕایانگەیاندووە و خستوویانەتە ڕوو. زۆرینەی خێزانەكان ڕێگا بەو جۆرە بەکارهێنانەی سۆشیال میدیا نادەن کە کچەکانیان یاخود کوڕەکانیان لە تۆڕە کۆمەڵایەتیەکان دەردەکەون، وە لە دەر ئەنجامدا بەریەكەوتن ڕوودەدات لە نێوان خێزان و منداڵەکانیاندا.
ڕۆژانە دەبینین و دەبیستین كردەی (خۆسوتاندن و خۆ كوشتن یان کوژران) بەهۆی کێشەی کۆمەلایەتی روویان لە زیادبوون کردووە. بە هۆی ئەوەی سوكایەتی بە شكۆ و بەهای مرۆڤ دەكرێت کە زۆربەی کات بەهۆی سۆشیال میدیا و تۆڕە کۆمەڵایەتیەکان ئەم دەرنجامە دڵتەزێنانە ڕوو دەدەن. كاتێك بە (كۆمێنت و پۆستی نەشیاو)بەتایبەتی،وە جنێو ناوزراندن و هەڕەشە و گاڵتەكردن بە خاوەن پێداویستی تایبەت و گاڵتە کردن بە رۆشنبیر و سیاسی و پیرۆزییەكان دەکرێت و رووداوی نەخوازراو لەو بارەوە ڕوودەدەن.
بەكارهێنانی سۆشیال میدیا لە كۆمەڵگەیەك بۆ كۆمەڵگەیەكی تر جیاوازتر و كاریگەرییەكەشی جیاوازترە. لە هەندێ لە کۆمەڵگاکاندا زمانی زبر و جنێودان، ناوزڕاندن و لە كەداركردن، سووكایەتی و بێ ڕێزی پێكردن زۆر بەربڵاوە و کێشەو گرفتەکانیش زیاترن .تاكەکان زۆربەی کات نا بەرپرسانە و نایاساییانە و زۆرجاریش نادیارانە لە ناو تۆڕە كۆمەڵایەتییەكاندا رەفتار دەکەن. هەموو ئەمانەش ڕاستەوخۆ كاریگەری لەسەر ئاستی ڕۆشنبیری تاك دروست دەكات.
چی بکرێت بۆ کۆنترۆڵکردن و ڕێپێگرتنی ئەم دیادردە نەخوازراوانە ؟
بۆ بنیادنانی ژینگەیەكی تەندروست و کۆمەڵگایەکی ئارام پیویستە (خێزان و پەروەردە و ڕاگەیاندن) ڕۆڵی کارا بگێرن و پڕۆگرام و بەرنامەی پەروەردەیی زیاد بکرێن. وە چاودێری بەردەوام هەبێت و وەزارەتی ڕۆشنبیری بۆ كۆنتڕۆلی سۆشیاڵ میدیا و کەناڵەکانی ڕاگەیاندن بەتەواوی ئەرکی ئەم چاودێریکردنە بگرنە بەر،وە ئەو كەسانەی ڕووبەڕووی سزا ببنەوە كە خراپ سۆشیال میدیا بەكار دەهێنن. وە پێویستە گرنگی زیاتر بە ئەو چارەسەرانە بدرێت کە لەڕێگای (میدیای بینراو بیستراو) بێنە بەر باس و سەردێری گرنگترین بابەت بن، ئەو پڕۆگرام و بەرنامانەی کە کاریگەری نەرێنی لەسەر کۆمەڵگا و تاک دروست دەکەن لە ڕاگەیاندنەکاندا پێشکەش نەکرێن یاخود سنووردار بکرێن،بۆ ئەوەی ژینگە و کۆمەڵگایەکی دوور لە توندوتیژی و زمانی زبر و دوور لە بێرێزی و ئاژاوەگێری و تێكدانی شیرازەی خێزان و لادان لە بەهاكانی ئەخلاقی میدیایی بنبڕ بکرێن .

ھەواڵی زیاتر