ئامادەکاری دەکرێت بۆ دابەشکردنی زەوی بەسەر فەرمانبەراندا

ڕائیب جادر – هە‌ولێر

مەسرور بارزانی، سەرۆکوەزیرانی ھەرێمی کوردستان، لە ئەنجوومەنی وەزیران ژمارەیەک بڕیاری لە بەرژەوەندی خەڵکی ھەرێمی کوردستان دەرکرد، داشکاندنی لە ٢٠% بۆ پارەی کەڵەکەبووی ئاو، کارەبا و سزای ھاتووچۆ دەکرێت و زەوی بەو فەرمانبەرانە دەدرێت کە پێشتر لە حکوومەت سوودمەند نەبوونە. پسپۆرانی ئابووری، دەڵێن: بڕیارەکانی سەرۆکوەزیران کاریگەریی ئەرێنی لەسەر جووڵەی بازاڕ و گەشبینیی ھاووڵاتییان دروست دەکات.

حکوومەتی ھەرێمی کوردستان لە بەرژەوەندی ھاووڵاتییان کار دەکات و تا ئێستە بە دەیان بڕیاری لە بەرژەوەندی خەڵکی کوردستان داوە، کە باری سەرشانی ھاووڵاتییان ئاسانتر بکات، لەپێناو ئەوەی کارئاسانی زیاتر بۆ ھاووڵاتییان بکرێت، یەکێک لە بڕیارەکانیش دابەشکردنی زەوییە بەسەر فەرمانبەران، فەرمانبەران و ھێزەکانی ئەمنی و پێشمەرگەش بەو بڕیارەی سەرۆکی حکوومەت دڵخۆشن و دەڵێن بڕیارێکی گرنگە، بەتایبەتی بۆ ئێمە کە ماوەیەکی زۆرە لە چاوەڕوانی پێدانی زەویداین.
حکوومەت لە ٥٠%ی باجی ھاوردەکردنی گۆشت خۆشبوو
لێخۆشبوون لە باجی ھاوردەکردنی گۆشت کاریگەریی لەسەر نرخی گۆشت دەبێت، گۆشتفرۆشان، دەڵێن: بڕیارەکەی سەرۆکوزیران بۆ کەمکردنەوەی باج لەسەر گۆشت کاریگەری تەواو لەسەر بازاڕ دەبێت، ھەر ئێستە کاریگەرییەکانی بەدەرکەوتووە و نرخی گۆشت دابەزیوە.
بەگوتەی بەرپرسانی چاودێری بازرگانی لە شار و شارۆچکەکانی ھەرێمی کوردستان، بڕیارەکەی سەرۆکوەزیران بڕیارێکی دڵخۆشکەربوو، بۆ ھاووڵاتییان و بازرگان و فرۆشیاران، بەشێوەیەکی گشتی ئیش و کارێکی باش دەکەوێتە بازاڕەوە و ھاوکارییەکی باشیشە بۆ ھاووڵاتییان، بۆ ئەو بازرگانانەی کە ھاوردەی کاڵا دەکەن بەم بڕیارە ھەموویان سوودمەند دەبن، بازاڕ لەگەڵ ڕۆژانی ڕابردوو زۆر جیاوازترە. سەفا سەیدخان، بەڕێوەبەری چاودێری بازرگانی سۆران، دەڵێت: وەکو لیژنەکانی چاودێری بازرگانی لەدوای بڕیارەکانی سەرۆکوەزیران زیاتر سەردانی شوێنەکان دەکەین و لێکۆلینەوە لە نرخەکان دەکەین، ھەر کەسێک پێوە پابەند نەبێت سزا دەدرێت.
زەوی بەسەر فەرمانبەراندا دابەشدەکرێت
یەکێک لە بڕیارەکانی سەرۆکی حکوومەت دابەشکردنی زەوی بوو بەسەر فەرمانبەراندا، سەرۆکوەزیران، ڕایگەیاند، بڕیارمان داوە وەزارەتی شارەوانی و گەشتوگوزار دەستبکات بە تەرخانکردن و دابەشکردنی زەوی بەسەر ھەموو ئەو فەرمانبەرانەی کە تا ئێستە لە حکوومەت سوودمەند نەبوونە.
بڕیاری پێدانی زەوی لە ساڵی ٢٠٠٧ بۆ ٢٠٠٨ ڕاگیراوە و تا ئێستە فەرمانبەران بەشێکیان سوودمەند نەبوونە، سەرۆکی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان، بەو بڕیارە ھیوای بۆ فەرمانبەران گەڕاندەوە. ساسان عەونی، وەزیری شارەوانیی و گەشتوگوزاری حکوومەتی ھەرێمی کوردستان، گوتی: دابەشکردنی زەوی بڕیارێکی گرنگ بوو کە لە ساڵی ٢٠٠٦ـەوە زەوی بەسەر فەرمانبەراندا دابەشنەکراوە و دوای ١٨ ساڵ، سەرۆکوەزیران مەسرور بارزانی بڕیارێکی گرنگی لە بەرژەوەندیی ئەو فەرمانبەر و مووچەخۆرانە دەرکرد کە تاوەکو ئێستە سوودمەند نەبوونە، ئەوەش دەرفەتێکی گرنگە بۆ خەڵک کە دۆخی ناھەمواری ئابوورییان سووکتر دەکات.
لەبارەی شێوازی دابەشکردنی زەوی، ساسان عەونی، گوتیشی: ئەم ھەفتەیە لەگەڵ دامەزراوەکانی وەزارەتەکەی و پارێزگاکان کۆدەبنەوە بۆ ئەوەی ڕێنماییان پێبدەین تاکو دەست بە دیاریکردنی زەوی و دەستنیشانکردنی ژمارەی ئەو پارچە زەوییانەی ھەیە بەشێوەی خەمڵاندن بکەن، چونکە ئەو پرۆسەیە کاری ئەندازیاریی و ھونەریی پێویستە، ئەگەر موڵکی شارەوانی ھەبوو ئەوا کارەکان ئاسانتر دەبن، بەپێچەوانەشەوە ئەوا زەوی پێویست ئیتفا دەکرێت و دوای ئیفراز کردن و دانانی نەخشە، دەست بە دابەشکردنی دەکرێت.
ھاوکات لەبارەی ڕێنماییەکانی دابەشکردنی زەوی، وەزیری شارەوانیی و گەشتوگوزاری حکوومەتی ھەرێم، ڕوونی کردەوە، لەگەڵ سەرۆکایەتیی ئەنجوومەنی وەزیران کۆدەبنەوە بۆ دەرکردنی ڕێنماییەکان و خاڵەکان بۆ ئەوەی ڕوون بێتەوە کێ دەگرێتەوە و دووپاتی کردەوە کە ھەر کەسێک مووچەخۆری حکوومەتی ھەرێمی کوردستان بێت لە مەدەنی و سەربازیی، مافی وەرگرتنی زەوی ھەیە.
سەبارەت بە فەرمانبەرانی گرێبەست و مامۆستایانی وانەبێژ، ساسان عەونی، وەزیری شارەوانیی و گەشتوگوزاری حکوومەتی ھەرێم، باسی لەوە کرد، لە کاتی دانانی ڕێنماییەکان ھەموو ئەوانە ڕووندەبێتەوە و بنەمای دادپەروەری ڕەچاودەکرێت کە ئامانج لەم کارەش خزمەتکردنی ھاووڵاتییانە، ڕووبەڕی سەوزایی و فراوانیی شەقام و دابینکردنی زەوی و شوێنی خزمەتگوزارییە گشتییەکان لەبەرچاو دەگیرێت و لە قۆناغی دووەم لە دوای دابەشکردنی زەوییەکانیش بۆ گەیاندنی خزمەتگوزارییە سەرەتاییەکان بۆ زەوییەکان، کاردەکەن.
بڕیارەکان کۆی خەڵکی کوردستان لێی سودمەند دەبن
ئاری ئەحمەد، بەڕێوەبەری گشتی ئاو و ئاوەڕۆکانی ھەرێمی کوردستان، ئاشکرای کرد: بڕیارەکانی سەرۆکوەزیران باری سەر شانی ھاووڵاتییان بە ھەموو جۆرەکانییەوە کەم دەکاتەوە، چەند جارێک بە بڕیار ئەو لێخۆشبوونانەکراوە بۆ ئاو بە ڕێژەی ١٥% بەڵام لێخۆشبوونی ئەمجارە لە کرێی ئاو ٢٠% سوودی زۆری بۆ ھاووڵاتییان ھەیە.
دەشڵێ: لە ھەرێمی کوردستان نزیکەی ملیۆنێک و دوو سەد ھەزار ھاوبەشمان ھەیە، بە ھەموو جۆرەکانییەوە لەوانە یەکەی نیشتەجێبوون، بازرگانیی، گەشتوگوزار، پیشەسازیی، فەرمانگەی حکوومیی و ناحکوومی، لەگەڵ ئەو شوێنانەی خواپەرستی لێ دەکرێت، ئەو ھاوبەشانە پێشتر لە ڕێگەی ١٥% داشکاندن لە ساڵی ٢٠٢١ دەستی پێکرد، بۆ ئاسانکاری ھاووڵاتییان، نزیکەی سێ سەد و بیست ھەزار ھاوبەش سوودمەند بوون لێی، لە ڕابردوودا بە ڕێژەی نۆ ملیار و دوو سەد ملیۆن دینار لێخۆشبوون بۆ قەرزی ئاو کراوە، لێخۆشبوونی ئەمجارە ٢٠%ی ھاووڵاتییان زیاتر سوودمەند دەبن لەو داشکاندنە.
بەڕێوەبەری گشتی ئاو و ئاوەڕۆکانی ھەرێمی کوردستان، گوتیشی: چاوەڕێ دەکەین ئەم ھەفتەیە فەرمانەکەمان بەدەست بگات و بکەوێتە بواری جێبەجێکردنەوە، کە نزیکەی شەش سەد و پەنجا ملیار دینار قەرز لای ھاووڵاتییان ھەیە و دەتوانن بە قیستیش قەرزەکە بدەنەوە، کە سەرەتا ٢٥٪ی قەرزەکە دەدەنەوە و ئەوەی دیکەیان بۆ دەکرێتە شەش قیست.

ھەواڵی زیاتر