یەکشەممە, تشرینی دووه‌م 24, 2024

کونسوڵخانەی چین روونکردنەوە لەبارەی شامپۆی “بریملس” دەدات

کونسوڵخانەی گشتیی چین لە هەولێر لەبارەی شامپۆی “بریملس” روونکردنەوە دەدات و دەڵێت، ئامادەن لەگەڵ حکوومەتی هەرێمی کوردستان کاربکەن بەمەبەستی زانینی سەرچاوە و کەناڵی هاوردەکردنی بەرهەمەکە بۆ هەرێمی کوردستان.

ئەمڕۆ دووشەممە، 01-04-2024، گوتەبێژی کونسوڵخانەی گشتی چین لە هەولێر روونکردنەوەیەکی لەبارەی شامپۆی “بریملس” بڵاوکردەوە و ئاماژەی بەوە کردووە، “ئێمە سەرنجمان به‌و ڕاپۆرتانە داوه‌ کە لەلایەن هەندێک لە دەزگاکانی ڕاگەیاندن بڵاوكراونه‌ته‌وه‌ سەبارەت بە بەرهەمێکی شامپۆ بە ناوی بریملس “Brimles Herbal-Bubble”، لێره‌دا ده‌مانه‌وێت هاوسۆزی خۆمان بە بەکارهێنه‌رانی ئه‌و به‌رهه‌مه‌ بگەیەنین”.

 گوتەبێژی کونسوڵخانەی چین لە روونکردنەوەکەیدا ئامادەیی هه‌ماهه‌نگی لەگەڵ لایه‌نه‌ پەیوەندیدارەکانی حکوومەتی هەرێمی کوردستان دووپاتکردووەتەوە “بەمەبەستی زانینی سەرچاوە و کەناڵی هاوردەکردنی ئەو بەرهەمە و زانیاری سەبارەت بە ئەنجامی پشکنینی کواڵێتی”.

حکوومەتی چین، وەکو ئەوەی لە روونکردنەوەکەدا هاتووە، “گرنگییەکی زۆر بە کواڵێتی و سەلامەتی کاڵاکانی هەناردەکردنی چین ده‌دات، فه‌رمانگه‌كانی ڕێکخستنی بازاڕ و گومرگ بەتووندی بڕگە پەیوەندیدارەکانی یاسای کۆماری میللی چین سەبارەت بە کواڵیتی بەرهەم بە پشکنینی کاڵای هاوردە و هەناردەکردن جێبەجێ دەکەن”.

گوتەبێژی کونسوڵخانەی چین دەڵێت، “ئێمە پێمان وایە هەر بەرهەمێکی ساختە و خراپ، کاتێک پشتڕاستکرایەوە، پێویستە بە خێرایی لە بازاڕ دەربکرێت و لە ڕێگەی هەوڵە هاوبەشەکانمانەوە دەتوانین بەرژەوەندیی و مافی بەکارهێنەران لە پلەی یەکەمدا بپارێزین”.

ئەو جۆرە شامپۆیە کە ناوی “بریملس”ـە و لە وڵاتی چینەوە هاوردەی هەرێمی کوردستان کراوە، سەرەتای ئەمساڵ، لە سلێمانی و هەولێر، دوای بەکارهێنانی، هەستیاری پێستی بۆ دوو هاووڵاتی دروست کرد