دیاربەکر.. لە بنکەیەکی دەنگدان شەڕ قەوما؛ کوژراو و بریندار هەن

لە گوندێکی ناوچەی ‘سوور’ی دیاربەکر، شەڕ لە نێوان کاندیدانی موختاریی گوندەکە قەوما. بە گوێرەی زانیارییە سەرەتاییەکان، کەسێک کوژراوە و 11 کەسی دیکەش بریندارن.

بەیانیی ئەمڕۆ یەکشەممە، 31-03-2024، لە کاتی بەڕێوەچوونی هەڵبژاردن لە گوندی “جەرنەکێ”ـی سەر بە ناوچەی ‘سوور’ی دیاربەکر؛ شەڕ لە نێوان کاندیدانی موختاریی گوندەکە قەوما.

بە گوێرەی زانیارییەکان لە ئەنجامی شەڕەکەدا کەسێک کوژراوە و 11 کەسی دیکەش برینداربوون. بریندارەکان   ڕەوانەی نەخۆشخانە کراون و هێزە ئەمنییەکان لە شوێنی ڕووداوەکە بڵاوەیان پێ کراوە.

دۆغان هاتوون، کاندیدی دەم پارتی بۆ هەڵبژاردنی گەورە شارەوانیی دیاربەکر، ڕاگەیاند، ئاگاداری شەڕەکەیە و دوای کەمێکی دیکە سەردانی بریندارانی شەڕەکە لە نەخۆشخانە دەکات. هاوکات داوای لە دەنگدەرانی دەم پارتی کرد، بڕۆنە سەر سندووقەکانی دەنگدان و دەنگ بە کاندیدانی دەم پارتی بدەن.

لە دیاربەکر یەک ملیۆن و 964 هەزار دەنگدەر هەن و سێ هەزار و 963 سندووقی دەنگدان دانراون. بە گوتەی دۆغان هاتوون، لە چەند بنکەیەکی دیکەی دەنگدانیش لە دیاربەکر، گرژی و ئاڵۆزیی لە نێوان دەنگدەران ڕووی داوە. وەکو خۆی دەڵێت، “گرژی و ئاڵۆزییەکان دەستێکیان لە پشتە و نایانەوێت ئیرادەی گەلی کورد سەربکەوێت.”

بەرەبەیانی ئەمڕۆ یەکشەممە، 31-03-2024، هەڵبژاردنی شارەوانییەکان لە تورکیا و باکووری کوردستان دەستی پێکرد. لە تورکیا و باکووری کوردستان ئەندامانی 30 گەورە شارەوانی، 51 شارەوانیی شارەکان، 973 شارەوانیی قەزاکان و 390 شارەوانیی ناحیەکان و 50 هەزار و 336 موختاریش هەڵدەبژێردرێن.

61 ملیۆن و 441 هەزار و 882 کەس مافی دەنگدانیان لە هەڵبژاردنی شارەوانییەکان لە تورکیا و باکووری کوردستان هەیە کە 50.59٪ی دەنگدەران مێن و 49.41٪یشیان نێر. 1 ملیۆن و 32 هەزار و 610 کەسیش یەکەمجارە دەنگ دەدەن.

دوایین هەڵبژاردنی شارەوانییەکان لە تورکیا و باکووری کوردستان، ساڵی 2019 ئەنجام درا. ئاکپارتی 15 گەورەشارەوانی، جەهەپە 11 گەورەشارەوانی، هەدەپە سێ گەورەشارەوانی و مەهەپە یەک گەورەشارەوانی بەدەستهێنا.

ھەواڵی زیاتر