بەشداریی ئافرەت لە کایەی سیاسیدا

شاگوڵ موسڵح ئەنوەر*

به شی یه كه م
ئاشکرایە بنەمای یەکسانی، یەکێکە لە گرنگترین بنەما سەرەکییە دەستوورییەکان کە هەموو ماف و ئازادییە گشتییەکانی لەسەر بەندە، لە نێوانیشیاندا مافی سیاسی؛
بەڵام شتێکی تر لە پێدانی مافی ئافرەت گرنگترە، ئەویش پاراستنی سنوور و کەرامەتی ئافرەتە.
بە واتایەکی تر، پاراستنی پێگەی ئافرەت شوێنی باڵاتر و وردتری هەیە لە پێدانی مافەکانی. سەرباری سەرجەم یاسا و بڕیارە نێودەوڵەتی و ناوخۆیییەکانی تایبەت بە مافەکانی ئافرەت، کەچی هێشتا لە ئەرزی واقعدا ژنان بەدەست جیاکاریی جێندەرییەوە دەناڵێنن. ئەم کێشەیەی ئافرەتان لە بڕیاردانی سیاسی، تەنیا تایبەت نییە بە کۆمەڵگەی کوردستان، بەڵکو کۆمەڵگە پێشکەوتووەکانیش زۆر جار مافی تەواویان بە ڕەگەزی مێیینە نەبەخشیوە.
بۆ نموونە لە زۆرێک لە وڵاتانی ڕۆژاوا، بەتایبەتیش لە ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا تا هەنووكهیش سەبارەت بە هەقدەستی کارکردن (واگە) لە زۆرێک لە بوارەکاندا، بەتایبەتیش بوارە پیشەییە
تەکنه لۆژییەکان، لە نێوان نێر و مێدا جیاوازی هه یه.
زیاد لەمەیش ئەم جیاوازییە لە هزری بیرمەندان و فەیلەسووفانیش ڕەنگی داوەتەوە؛ بۆ نموونە، جۆن لۆک لە سەرەتای سەرهەڵدانی ڕەوتی لیبراڵی لە سەدەکانی هەڤدەیەم لە هزری سیاسیدا بەڵێنی یەکسانیی بە ئافرەت دا و باسی پێکەوەژیانی مرۆڤەکانی دەکرد بە هەر دوو ڕەگەزەوە؛ بەڵام هەندێک توێژینەوە دەری دەخەن جۆن لۆکیش تەنیا باسی پیاوی کردووە؛ ناکرێت وەک بیرمەندی یەکسانیی جێندەری و ڕزگاریی ژن سەیر بکرێت.
تەنانەت “هۆبز”یش کە بە یەکێکی تر لە بیرمەندانی پەیمانی کۆمەڵایەتی هەژمار دەکرێت، پلەیەلی زۆر نزمتر بە ئافرەت دەبەخشێت بەرامبەر بە پیاو. جگە لەمە ئەگەر لەسەر زمانی ئەدەبیاتی جیهان لە گشت بوارەکان، بەتایبەتیش لە بواری سیاسی ورد ببێنەوە، دەبینین کە جۆرە پیاوسالارییەک لەناو ئەدەبیاتەکەدا ڕەنگی داوەتەوە. بێگومان ئەوەی لە زەینی مرۆڤدا بێت دێتە سەر زمانیش.
تا پێش چەند ساڵێک لە زمانی ئینگلیزیدا، بە “گوتەبێژ”یان دەگوت سپۆکەسمان، بە بازرگانیشیان دەگوت بوسینەسسمان.
لەم دوایییانەدا و پاش وەرگرتنی ئەم کار و پۆستانە لە لایەن ژنانەوە، ناچار هەر ی یەک لەم چەمکانەیان گۆڕی بۆ سپۆکەسپەرسۆنس
و، بوسینەسسوۆمانیشیان زیادکرد.
لە زمانی کوردیشدا هەمان دۆخ بەرقەرارە. زۆرن ئەو پەندانەی کە بەسەر شان و باڵ و دەستڕۆییی پیاواندا گوتراون و جەخت لەسەر باڵادەستبوون و عەقڵانیتربوونی پیاو دەکاتەوە و ئافرەت وەک “زەعیفە” وەسف دەکات. ئەمانە سەر دەکێشێت بۆ ئاستەنگدروستکردن لە بواری بەشداریی سیاسی و بڕیاردانی سیاسیی ئافرەت.
کۆمەڵگەی کوردییش بێبەری نییە لەم جیاکارییەی ژن و پشتگوێخستنی ڕۆڵی ژنان لە کایە سیاسییەکان. هەرچەندە هەندێک لە ژنانی کورد پێگە و ڕۆڵی زۆریان هەبووە، وەک خانزادی میری سۆران، مەستوورەخانی ئەردەلان و چەندانی تر هەن کە ناویان لەنێو کورد بە زیندووێتی ماوەتەوە.
لەم دوایییانەیش چەند هەوڵێک دراوە بۆ زیاتر پەڵکێشانی ئافرەت بۆ نێو کایەی دەسەڵات و یەکە کارگێڕی و حکوومییەکان.
لە دەستووری عێراقیشدا باس لە پاراستنی مافەکانی ئافرەت دەکات و بەپێی یاسای ژمارە (۲۳) ساڵی (۲۰۰۳) لە هەرێمی کوردستانیش هاتووە کە، “ئەو ئافرەته ی مۆڵەتی منداڵبوون یان دایکایەتیی هەبێت، بە درێژاییی ماوەی مۆڵەتەکەی مووچە و دەرماڵەی تەوا ی پێ دەدرێت.
” ئەمە نموونەیەکە لەو دەستکەوتە وەدیهاتووانەی مافی ئافرەتان لە هەرێمی کوردستان. ئەگەرچی “عیبرەتی یاسا لە جێبەجێکردنیدایە”، بەڵام بوونی زەمینەی یاسایش بەشێکی گرنگە لە چەسپاندنی مافەکانی ئافرەتان.

  • بەکالۆریۆس لە زانستە سیاسییەكان
ھەواڵی زیاتر