لیا سیفەدین
بە مانا! ئافرەت و مێژوو
ئەگەر بەویژدان و بەچاوێکی دوور لە نێرسالاریییەوە سەیری مێژووی کورد بکەین، دەیان و سەدان ئافرەت دەبینین کە شانبەشانی پیاوان و هەندێکجاریش لە پیاوان کاریگەرتریش رۆڵیان بینیوە لەخەباتی سیاسی، جڤاکی و نەتەوەییدا و زۆرێک لەو ئافرەتانەیش قوربانیان بە گیانی خۆیان داوە و چاونەترسانە تا سنووری مەرگ داکۆکیان کردووە. لەیلا قاسم نموونەیەکی زیندووی ئەو خەبات و قوربانیدانەیە، عادیلە خانم و حەپسەخانی نەقیب و خانزادی میری سۆران و ناهیدەی شێخ سەلام و دەیان ئافرەتی دیکەش، نموونەی ئەو ئافرەتانەن کە خەباتی سیاسی و کۆمەڵایەتیان پێکەوە گرێداوە و ڕووبەڕووی دۆخی چەقبەستوو و دواکەوتووی کۆمەڵگەکەیان بونوەتەوە و توانا و لێهاتویی ئافرەتی کوردیان سەلماندوە و دووپاتکردۆتەوە.
ئەمە سەرەڕای هەزاران ئافرەتی دیکە کە لەبواری کۆمەڵایەتی و خێزانییدا قوربانی زۆریان بە گیان و ژیانی خۆیان داوە و و هەزاران ئافرەتیش لەجەنگ و ڕووبەرووبونەوەکانی خەبات و شۆڕش و بزووتنەوە یەک لەدوای یەکەکانی کورد دژی داگیرکەران بەدیل گیراون و براون یان شەهید کراون یان دەستدرێژیان کراوەتەسەر یان خۆیان کوشتوە بۆئەوەی دەست داگیرکەر نەکەون. زیندووترین نموونەش ئافرەتانی ئێزدی کەلەلایەن داعشەوە رفێنران و هەموو ئەو کچ و ژنانەی لەپڕۆسەی ئەنفالی بەدناودا کران بەژێر خۆڵەوە و بێ سەروشوێن کران و یان ئەو ئافرەتانەی شەهیدی کیمیابارانی هەڵەبجە و ناوچە جیاجیاکانی دیکە و ئافرەتانی شۆڕشەکانی دیکە لە پارچەکانی دیکەی کوردستان کە بەسەدان و هەزارانن.
بەڵام بەداخەوە ئەم هەموو قوربانیدانەی ئافرەتان لەلایەن مێژوو نووسان و حیکایەتخوانانی مێژوو و دیرۆکەوە نادیدە گیراوە و بەدەگمەن نەبێت، ئاماژە بەهیچیان نەکراوە تەنها لەم ساڵانەی دواییدا نەبێت، بۆ نموونە ئەگەر تەماشای کتێبی شەڕەفنامەی شەڕەفخانی بەدلیسی بکەین(١٥٤٣-١٦٠٤) دەبینین ئافرەت بەتەواوی پەراوێزخراوە و ئاماژەی پێنەکراوە چونکە ئەو مێژووە و هەموو مێژووە نووسراوەکانی تریش، بەداخەوە! بەشێکی زۆریان تەنها پیاوانیان بینیوە و پێیان شورەیی بووە یان بەکەمیان زانیوە باسی ئافرەتان بکەن و زیاتر لەڕوانگەی نێرسالارییەوە نوسراوەتەوە، جگەلەوەش، زۆربەی زۆری ئەو مێژوەی نووسراوەتەوە، بریتی بووە لە مێژووی سیاسی و چەکداری و سەرکردە و میر و دەسەڵاتدارەکان و مێژووی کۆمەڵایەتی بەتەواوی فەرامۆش کراوە.
تا ئەم ساڵانەی دواییش، مێژوو هەر مێژووی سیاسی و سەرکردە و دەسەڵاتدار و پیاوان بووە و زۆر کەم مێژووی کۆمەڵایەتی و لەناویشیدا مێژووی ئافرەتان بووە بۆیە ئەرکێکی گرنگ و پێویستە، بۆلەمەودوا توێژەران و مێژوو نووسان و ئافرەتان خۆیان رووبکەنە بواری لێکۆڵینەوەی مێژوویی و چەند پێیان دەکرێت و بۆیان دەکرێت مێژووی ئافرەتان هەم لەرووی سیاسی و خەباتی چەکداریی، هەمیش لەڕووی کۆمەڵایەتی و فەرهەنگی بنووسنەوە تا ئافرەتانیش وەک پیاوان کە سەدان ساڵ لەدەرەوەی مێژوو بوون، بهێنرێنەوە نێو مێژوو و رۆڵ و کاریگەرییان لەبەرچاو بگیرێت و توانا و لێهاتوویی و گرنگیان لە سازکردنی مێژوودا دووپاتبکرێتەوە.