چوارشەممە, تشرینی دووه‌م 27, 2024

کونسوڵی گشتی ئەمەریکا لە هەولێر، پیرۆزبایی نەورۆز لە خەڵکی کوردستان دەکات

ئەمڕۆ چوارشەممە (20ـی ئاداری 2024) لە پەیامێکی ڤیدۆییدا مارك سترۆ، كونسوڵى گشتی ئەمەریکا لە هەولێر و ستافی کونسوڵخانە پیرۆزبایی جەژنی نەورۆز لە خەڵکی کوردستان دەکەن.

هاوکات كونسوڵى گشتی ئەمەریکا لە هەولێر، لەبارەی مانگی رەمەزانی پیرۆزەوە دەڵێت: هیوای مانگێکی پڕ خیڕ و بەرەکەت بۆ گەلی کوردستان دەخوازین.

نەورۆز لە کوردەواریدا جەژنێکی تایبەتە و مێژوویەکی کۆنی ھەیە، لە ھەموو شوێنەکانی کوردستاندا یادی ئەم جەژنە دەکرێتەوە، یەکێ لە خاڵە ھاوبەشەکان لە نێوان نەتەوەکاندا کردنەوەی ئاگر و هەڵکردنی مەشخەڵی ئاگرە

یەکەمین نووسەری کورد کە بە کوردی باسی دابوونەریتی نەورۆزی کردبێت ئەحمەدی خانی بووە کە بە نەورۆزی گوتووە: “مەرسوومێ قەدیمێ کوردستانی”، یانی بۆنەی کۆنی کوردستانی.

ئاگر ھێمای نەورۆزە لەلای کوردەکان، ھەموو ساڵێکیش بە ئاگر یادی دەکەنەوە، لە ئایینی یارسانیشدا نەورۆز بۆنەیەکی گرنگە و تەنانەت دەفتەری نەورۆزیان ھەیە و ‘دەروێش نەورۆز سۆرانی یەکێک لە پیرەکانیانە’.

لە سەدەی بیستەمدا کوردەکان رووبەڕووی ئاستەنگی زۆر بوونەتەوە بۆ پیرۆزکردنی نەورۆز و بڕێک جار نەورۆز لەلایەن دەوڵەتی ناوەندییەوە واتە (ئێران، عێراق، تورکیا و سووریا) قەدەغە کراوە