سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان فەرمانى کرد ئەوەی پێویست بێت بۆ پاراستن و سەلامەتی گیانی هاوڵاتییان لە هەولێر و شارەکانی دیکەی هەرێمی کوردستان بکرێت.
ڕاگەیاندنی پارێزگای هەولێر بڵاوی کردووەتەوە، ئەمڕۆ سێشەممە، 2024.3.19، مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان، لە پەیوەندییەكى تەلەفۆنییدا لەگەڵ ئومێد خۆشناو، پارێزگاری هەولێر، سەبارەت بەو شەپۆلە بەهێزەى بارانبارین کە ناوچەکەى بەگشتیی گرتووەتەوە، بەدواداچوونى بۆ ڕەوشەکە و ئامادەکارییەکانى پارێزگاى هەولێر کرد.
لە بەشێکی دیکەی ڕاگەیەندراوەکەدا هاتووە، “پارێزگارى هەولێر ڕوونکردنەوەى پێویستی سەبارەت بە ئامادەباشىی سەرجەم فەرمانگە و لایەنە پەیوەندیدارەکان بۆ هەر ئەگەر و ڕووداوێکی چاوەڕواننەکراو و ئیدارەدانی حاڵەتی ئەو ڕێژە بارانبارینەی ئەمڕۆ و کۆنترۆڵی بارودۆخەکە پێشکەش بە سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان کرد”.
ئاماژە بەوەش کراوە “پارێزگارى هەولێر، تیشکى خستە سەر سەرجەم ئەو پلان و بەرنامە و پڕۆژە و ڕێگهچارە پێویستانەى لە ماوەى ڕابردوودا بە پاڵپشتىی ڕاستەوخۆى سەرۆکى حکومەتى هەرێمى کوردستان لە سنووری پارێزگاى هەولێر بۆ بەرەنگاربوونەوەی مەترسییەکانی لافاو و هۆکارەکانى جێبەجێکراون و بەهۆیانەوە تا ئاستێکی زۆر مەترسیەکانی هەستانی لافاو لە شارى هەولێر کەمبووەتەوە”.
لە کۆتایی ڕاگەیەندراوەکەدا هاتووە، “سەرۆکى حکومەتى هەرێمى کوردستان وێڕاى دەستخۆشى، فەرمانى کرد ئەوەی پێویست بێت بۆ پاراستن و سەلامەتی گیانی هاوڵاتییان بکرێت و ئامادەیی حکومەتی هەرێمی کوردستانیشی بۆ هەر هاوکارییەکی بەپەلە و پێویست دووپاتکردووەتەوە”.