ئێوارەی ئەمڕۆ یەکشەممە (17ـی ئاداری 2024) مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان، پێشوازی لە شاندێکی ئەنجوومەنی بەڕێوەبردنی بانکی بەغداد (مصرف بغداد) و بانکی ئوردنی کوەیتی کرد بە سەرۆکایەتی ماجید ئەلساعدی سەرۆکی ئەنجوومەنی بەڕێوەبردنی بانکی بەغداد.
لە کۆبوونەوەکەدا کە عەبدولکەریم ئەلکەباریتی سەرۆکوەزیرانی پێشووتری ئوردن و ئەندامی ئەنجوومەنی بەڕێوەبردنی بانکی بەغداد بەشداربوو، گفتوگۆ لەبارەی دەرفەتەکانی ئەنجامدانی کار و پرۆژەی هاوبەش لەگەڵ حکومەتی هەرێمی کوردستان کرا لەپێناو پێشخستنی سیستەمی بانکی و پەرەپێدانی ئابووری لە عێراق و هەرێمی کوردستان.
سەرۆکوەزیران مەسرور بارزانی تیشکی خستە سەر چاکسازییەکانی حکومەتی هەرێم لە بواری سیستەمی بانکی و بەدیجیتەڵکردنی خزمەتگوزارییەکان و پارەدانی ئەلیکترۆنی. هەروەها باسی لە بەردەوامبوونی پڕۆژەی (هەژماری من) کرد و ئاماژەی بەوە دا کە لەپەیوەندیدایە لەگەڵ سەرۆک وەزیرانی فیدراڵ و پارێزگاری بانکی ناوەندی سەبارەت بە چەند دەستپێشخەرییەکی پەیوەندیدار بە پێشخستنی سیستەمی بانکی بە هەماهەنگی و بەپێی مەرج و ڕێنماییەکانی بانکی ناوەندیی عێراق.
شاندەکە سەرسامی خۆیان بەرامبەر ئاستی پێشڤەچوونی پڕۆژەی (هەژماری من) و دیدگای سەرۆکی حکومەت لەبارەی هەمەجۆرکردنی ئابووری و پێشخستنی سیستەمی بانکی نیشاندا. هەردوولا هاوڕابوون لە سەر گرنگیی پشتیوانیکردنی هەوڵەکانی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە بواری چاکسازی بانکیدا.
بانکی بەغداد، یەکێکە لە گەورەترین بانکە بازرگانییەکانی عێراق و یەکەمین بانکە لە عێراقدا کە لە ساڵی 1992 لەلایەن بانکی ناوەندیی عێراقەوە مۆڵەتی کارکردنی پێدرا. بانکی ئوردنی کوەیتی، بانکێکی ئوردنییە و لە چەندین وڵاتی عەرەبی لقی هەیە