گوتیان دەبێ داری بەڕوو
خورما بگرێ
گوتیان دەبێ دارگوێزەکان
بەمشاری تێزاب ببڕێ
گوتیان دەبێ
بەفری سەر لووتکەی چیاکان
بەلمی داخ بتوێتەوە
گوتیان دەبێ
مێژووی شۆڕشگێرانەی کورد
بەکیمیاوی بسڕێتەوە
گوتیان دەبێ
ڕقی ئەستووری ئەو خەڵکە
بەزەبروزەنگ دابمەرکێ
لاشە لەنێو لافاوی خوێن
هەڵبزرکێ
گوتیان دەبێ
شنەو سروەی کوێستانەکان
بۆ هاڵاوی گۆماوەکان
کرنۆش بێنێ
گوتیان دەبێ چەک بەشانێ
لەکوردستانا نەمێنێ
هێشتا ئاسمان
تیشکی خۆری لێ نەپژابوو
هێشتا سۆمای
خەوەکانی نێو دەسرازە
خوێناویان لێ نەتێزابوو
هێشتا تاڵی ڕەشماڵەکان
بۆ ڕاژان و لاوانەوەی
ئازارەکان
فرمێسکیان لێنەڕێژرابوو
هێشتا گڕ و کڵپەی نەورۆز
گوڵووکە سوورەی بەرۆکی
بە ئاهی ڕەش نەپێچرابوو
لەپڕ دەنگی تاوانباری
لوورەی هات و تۆپ داباری
قیژە و هاواریان لێ هەڵسا
تۆز و دووکەڵی ژەهراوی
بوون بەئاگر
زامەکانی هەڵەبجەیان
پێ داگیرسا
ئەمساڵ نەورۆز
بەگڕ و خوێن دەکەینەوە
یادی شەهید
لە خاک و خۆڵی شارەزوور
لەکوردستانی بێ سنوور
دەکەینەوە
ئەمساڵ نەورۆز
جانتایەکی پڕ فیشەکی
هەڵمەتبەری تۆڵە و قینە
مەشخەڵێکی ڕووناکبەری
ڕاپەڕینە
ئەمساڵ نەورۆز
داری ئازادی دەڕوێنێ
تینوایەتی شەهیدانی
پێ دەشکێنێ
ئەمساڵ نەورۆز
پڕیشکی لێ دەبێتەوە
سروودی ڕێگای ڕزگاری
بۆ کوردستان دەڵێتەوە
کورد هێرشە نابڕێتەوە
کورد شۆڕشە ناتوێتەوە
قــادر توانــا /1988 سوید