پارێزگاری هەڵەبجە ڕایگەیاند، حکومەتی عێراق دەبێت لە بواری ئاوەدانکردنەوەدا لە زاخۆ بۆ فاو بەیەک چاو سەیر بکات ، بۆیە حکوومەتی عێراق لەهەر دۆخێک بێت نابێت هەڵەبجە لە یاد بکات.
ئازاد تۆفیق، پارێزگاری هەڵەبجە ڕاگەیاند، پێش 36 ساڵ ژمارەی دانیشتووانی هەڵەبجە نزیکەی هەشتا هەزار کەس بووە، هەروەها لە رۆژێکی وەکو ئەمڕۆ کیمیاباران ئەکرێت پێنج هەزار کەس شەهید دەکرێن.
ئاماژەی بەوەشکرد، دوای ڕاپەڕین کابینەکانی حکوومەتی هەرێمی کوردستان شەقام و کارەبای بۆ هەڵەبجە ڕاکێشاوە، هەروەها دەکرێت ئێستا حکوومەتی هەرێمی کوردستان لە بەرنامەی ساڵانەی ئاوەدانی خۆیدا ئەولەویەت بە شاری هەڵەبجە بدات.
پارێزگاری هەڵەبجە گوتیشی: حکوومەتی عێراق دەبێت لە بواری ئاوەدانکردنەوەدا لە زاخۆ بۆ فاو بەیەک چاو تەماشا بکات، بۆیە حکوومەتی عێراق لەهەر دۆخێک بێت نابێت هەڵەبجە لە یاد بکات، دەبێت حکوومەتی عێراق ئەو ڕاستییە بزانێت لە ڕووی دەستوورییەوە هەرێمی کوردستان بەشێکی دانەبڕاوە لە عێراقی فیدراڵ.
ئازاد تۆفیق باسی لەوەشکرد، داوا لە حکوومەتی عێراق دەکەین قەرەبووی کەس و کاری کیمیایبارانکراوان بکاتەوە، وە ئەو کەیسە بە جینۆسایدێکی گەورە بناسێنێت، لەڕووی یاساییەوە بچێتە ژێر باری قەربووکردنەوە، لەڕووی ئابووریش ئەو پارێزگایە ئاوەدان بکاتەوە.
ڕاشیگەیاند، پێمان وایە ئەگەر هەڵەبجە ببێتە پارێزگای 19یەم، هەر دەستێکی ئاوەدانکردنەوە لەدەرەوە بێت بۆ عێراق بەر هەڵەبجەش ئەکەوێت، هەروەها کۆمیسیۆن و فراکسیۆنی تایبەتی خۆمان دەبێت، وە بودجەشمان لە داهاتی عێراق دەبێت. بۆیە پێویستە حکوومەتی عێراق بەزووترین کات ئەو کارە جێبەجێ بکات.