بەرپرسی هۆبەی تۆماری لایەنە سیاسییەکان لە ئۆفیسی هەولێری کۆمیسیۆنی هەڵبژاردنەکانی عێراق، دەڵێت: تا ئێستا دوو هاوپەیمانێتی و نۆ پارتی سیاسی لەگەڵ 23 کاندیدی سەربەخۆ، بۆ بەشداریکردنی لە هەڵبژاردنی خولی شەشەمی پەرلەمانی کوردستان تۆمارکراون.
فەرهاد ئەسعەد شێتنە، بەرپرسی هۆبەی تۆماری لایەنە سیاسییەکان لە ئۆفیسی هەولێری کۆمیسیۆنی هەڵبژاردنەکانی عێراق، لەمیانەی کۆنفرانسێکی رۆژنامەوانیدا رایگەیاند، پڕۆسەی تۆمارکردنی ناوی لیست، هاوپەمانێتییەکان و کاندیدانی سەربەخۆ بە سەرکەوتوویی ئەنجامدرا.
بەرپرسی هۆبەی تۆماری لایەنە سیاسییەکان لە ئۆفیسی هەولێری کۆمیسیۆنی هەڵبژاردنەکانی عێراق، ئاماژەی بەوەدا، دوو هاوپەیمانێتی بۆ هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان تۆمارکران، یەکەمیان؛ هاوپەیمانێتی سەردەم، کە سێ پارت لەخۆدەگرێت. دوومیان؛ هاوپەیمانێتی هەرێمی کوردستان، کە لە سێ پارت پێکهاتووە.
فەرهاد ئەسعەد شێتنە، دەڵێت: تا ئێستا نۆ پارتی سیاسی بۆ بەشداریکردن لە هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان خۆیان تۆمارکردووە لەگەڵ 23 کاندیدی سەربەخۆ.
ناوبراو سەرنجی بۆ ئەوە راکیشا، وادەی تۆماركردنی ناوی لیست و ھاوپەیمانێتییەکان بۆ ھەڵبژاردنی پەرلەمان کۆتاییهات و درێژناکرێتەوە، هەروەها دەرگای وەرگرتنی ناوی كاندیدانی لیست، ھاوپەیمانی و سەربەخۆكان كراوەتە و تا 22ـی ئەم مانگە بەردەوام دەبێت.
باسی لەوەشکرد، ئەمڕۆ دوایین وادەبوو بۆ تۆماركردنی ناوی لیست و ھاوپەیمانێتییەکان بۆ ھەڵبژاردنی خولی شەشەمی پەرلەمانی كوردستان، بۆ جارێکی دیکە ئەو وادەیە درێژناکرێتەوە.
بەرپرسی هۆبەی تۆماری لایەنە سیاسییەکان لە ئۆفیسی هەولێری کۆمیسیۆنی هەڵبژاردنەکانی عێراق، ئاماژەی بەوەشدا، چەندین رێکخراوی مەدەنی و نێودەوڵەتی چاودێر دەبن لەکاتی بەڕێوەچوونی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان، بۆ ئەوەی بە جوانترین شێوە بەڕێوەچوونی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان بە شەفافی و دوور لە ساختەکاری پێشانی هەموو جیهان بدەین.
رۆژی یەکشەممە (3ـی ئاداری 2024) نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان لە مەرسومێکدا، وادەی هەڵبژاردنی خولی شەشەمی پەرلەمانی کوردستان دیاریکرد کە رۆژی (10ـی حوزەیرانی 2024) بەڕێوەدەچێت.
لەوبارەیەوە سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستان راگەیەندراوێکی بڵاوکردەوە و ئاماژەی بەبوەکردووە، بهپێى فهرمانهكه ههموو لايهنه پهيوهنديدارهكان پابهند دهبن به ئهنجامدانى كارى پێويست بۆ هاوكارى و ههماههنگى لهگهڵ كۆمیسيۆنى باڵاى سهربهخۆى ههڵبژاردنهكانی عێراق بۆ جێبهجێكردنى فەرمانەکە، کە لە رۆژى دهرچوونييهوه جێبهجێ دهكرێت.