یەکشەممە, تشرینی دووه‌م 24, 2024

خەلیل عەلی کتێبی (مێژووی هونەری فۆتۆگرافی لە ڕانیە) بڵاوکردەوە

کتێبی ” مێژووی هونەری فۆتۆگرافی لە رانیە ١٨٧٥-١٩٧٩” کە لە نووسینی نووسەر خەلیل عەلییە، بڵاوکرایەوە و خرایە بەردەستی خوێنەران.

نووسەر خەلیل عەلی، دەربارەی کتێبە تازەکەی بە “ڕۆژنامەی هەولێر”ی ڕاگەیاند: ئەو کتێبە باس له‌ مێژووی سه‌رهه‌ڵدان و دروستبوونی هونه‌ری فۆتۆگرافی ده‌كات له‌سه‌ر ئاستی‌ جیهان و به‌ كورتی ته‌واوی قۆناغه‌كانی گه‌شه‌كردنی ڕوونكردۆ‌ته‌وه‌. به‌شی یه‌كه‌م له‌ به‌رهه‌می ئه‌و گه‌ڕیده‌ بیانیانه‌ پێكدێت، كه‌ له‌ سه‌رده‌مه‌ جیاوازه‌كاندا هاتوونه‌ته‌ رانیه‌ و تێیدا ماونه‌ته‌وه‌، یان پێیدا تێپه‌ڕیون و وێنه‌ی خه‌ڵك و دیمه‌نی سروشته‌ جوانه‌كه‌ی رانیه‌‌یان گرتووه‌، ئه‌مه‌ش گێڕانه‌وه‌یه‌كی مێژووه‌ به‌ وێنه‌، تا بزانرێت له‌و كاته‌دا مرۆڤی ناوچه‌كه‌ چۆن ژیاون و گوزه‌ریان كردووه‌ له‌گه‌ڵ ڕوونكردنه‌وه‌ و پێدانی زانیاری ته‌واو له‌سه‌ر وێنه‌كه‌‌، وه‌كو بابه‌تی ناو وێنه‌كه‌، كه‌سه‌كان و ژیاننامه‌یان، هۆكاری گرتنی وێنه‌كه‌، ئینجا ئه‌و سه‌رده‌مه‌ی وێنه‌كه‌ی تێدا چركێنراوه‌ ڕوونكراوه‌ته‌وه‌.
دەشڵێت: به‌شی سێیه‌میش‌ پێكدێت له‌ وێنه‌ی ئه‌و فۆتۆگرافه‌رانه‌ی‌ به‌هۆی كاری میرییه‌وه‌ بۆ ماوه‌یه‌كی كورت له‌ رانیه‌ نیشته‌جێ بوون، له‌و ماوه‌یه‌شدا توانیویانه‌ كۆمه‌ڵێك وێنه‌ی جوانی سه‌رنجڕاكێش بچركێنن و دۆخی ئه‌وكاتمان بۆ روونبكه‌نه‌وه‌ و وێنا بكه‌ن. به‌داخه‌وه‌ هه‌ندێك له‌ وێنه‌كان به‌هۆی خراپی كوالیتی كامێراكه‌یان‌، یان چاپكردنیان، یان به‌هۆی خراپ هه‌ڵگرتنه‌وه،‌ تێكچوون و شیرازه‌ی روو‌یان وێران بووه‌، به‌ڵام ئه‌وه‌نده‌ی توانراوه‌ پاككراونه‌ته‌وه‌‌ و به‌شێوه‌یه‌كی روون ده‌رخراون. خاڵێكی گرنگ له‌و كتێبه‌دا ئه‌وه‌یه‌، كه‌ وێنه‌ی ئه‌و كه‌سانه‌ پیشانده‌دات، كه‌ چوونه‌ته‌ شاره‌كان و به‌ كوالیتییه‌كی ئاست به‌رز له‌ ستۆدیۆدا وێنه‌یان گرتووه‌، بۆیه‌ توانراوه‌ به‌شێك له‌م مێژووه‌ش ئه‌وه‌ندی توانراوه‌ تۆمار بكرێت و له‌گه‌ڵ چیرۆكی خاوه‌ن وێنه‌كه‌ و وێنه‌گره‌كه‌دا بخرێته‌ڕوو‌.
زیاتر ئاماژەی پێدا: چه‌ند خه‌سڵه‌تێكی باش له‌م كتێبه‌دا به‌ده‌رده‌كه‌ون، وەکو، زانیاری ورد له‌باره‌ی وێنه‌ و ناوه‌رۆكی وێنه‌كان خراوه‌ته‌ڕوو. ڕاستكردنه‌وه‌ی هه‌ندێك هه‌ڵه‌ی مێژوویی، كه‌ له‌ ڕانیه‌دا ڕوویانداوه و دواتر ده‌ماوده‌می كردووه‌ له‌گه‌ڵ هه‌ڵدانه‌وه‌ی لاپه‌ڕه‌ شاراوه‌كان. ساخكردنه‌وه‌ی وێنه‌كان، به‌ پاڵپشتی به‌ڵگه‌ی باوه‌ڕپێكراو. به‌كارهێنانی سه‌رچاوه‌ی جۆراوجۆر، كه‌ له‌مه‌وپێش په‌ی پێ نه‌براوه‌، یان ئه‌م سه‌رچاوانه‌ به‌هه‌ند وه‌رنه‌گیراون و فه‌رامۆش كراون.
له‌گه‌ڵ هه‌موو ئه‌وانه‌شدا هه‌وڵمانداوه‌ زۆرترین وێنه‌ كۆبكه‌ینه‌وه‌ به‌پێی كات و شوێنی خۆی له‌م كتێبه‌دا جێی بكه‌ینه‌وه‌، بۆیه‌ ده‌مانه‌وێت لێره‌وه‌ سوپاسی هه‌موو ئه‌و كه‌سانه‌ بكه‌ین، كه‌ بێ سڵه‌مینه‌وه‌ به‌ زانیارییه‌كانیان، ئینجا به‌گیرفانی پڕ و به‌تاڵیان هاوكاربوون بۆ سه‌رخستنی ئه‌م پڕۆژه‌ مه‌زنه‌ی ڕانیه‌. بێگومان، تا هێز و بڕشتم تێدامابێت ئه‌م پڕۆژه‌یه‌ش به‌رده‌وام ده‌بێت. ‌
نووسەر خەلیل عەلی، خەڵکی رانیەیە و پسپۆڕە لە پەروەردەی هونەردا، خاوەنی ٢٧ کتێبی چاپکراوە و ١٣ کتێبیشی ئامادەیە بۆ چاپ.