پەکەکە زیاتر لە پێنج سەد گوندی هەرێمی کوردستانی داگیر کردووە

دەیان ساڵە فڕۆکە جەنگییەکانی تورکیا ناوچە سنوورییەکانی ھەرێمی کوردستان بۆردومان دەکەن، تا ئێستە سەدان کەس بەھۆی بۆردومانەکانەوە شەھید و بریندار بوونە، بەپێی بەدواداچوونمان زیاتر لە پێنج سەد گوند لەبەر شەڕی پەکەکە و تورکیا چۆڵکراون، ئەگەر شەڕ و بۆردومانەکان بەردەوام بن گوندی زیاتریش چۆڵدەبن. چاودێرانی سیاسییش، دەڵێن: ئەوەی پەکەکە دەیکات نە خەباتە، نە کوردایەتییە.

پارتی کرێکارانی کوردستان حیزبێکی کوردی چەپە و لە ساڵی ١٩٧٨ لە باکوری کوردستان دامەزراوە و دواتر لە چیای قەندیل ماونەتەوە، زیاتر لە سی ساڵە لەگەڵ تورکیا شەڕ و ناکۆکییان ھەیە.
بەھۆی جموجۆڵەکانی پەکەکە و نزیکبوونەوەیان لە گوندەکانی ناوچە سنووریەکانی نێوان تورکیا و ھەرێمی کوردستان، ڕۆژانە گوندنشینانی ناوچە سنوورییەکان ناوچەکانیان جێدەھێڵن و گوندەکانیان چۆڵدەکەن و ئاوارەی شار و شارۆچکە و گوندەکانی دیکە دەبن کە دوورن لە پەکەکەوە.
شەڕ و پێکدادانەکانی نێوان سوپای تورکیا و چەکدارانی پەکەکە لە ناوچە سنوورییەکانی ھەرێمی کوردستان نیگەرانییەکی زۆری لەنێو ھاووڵاتییانی ئەو ناوچانە دروست کردووە، بەھۆی بۆردومانی فڕۆکە جەنگییەکانی تورکیا بەھۆی بوونی چەکدارانی پەکەکە سەد و ھەژدە گوند لە سیدەکان، شەست و پێنج گوند لە سنووری قەزای مێرگەسۆر و سێزدە گوند لە سنووری قەزای چۆمان و چوار گوند لە قەزای ڕواندز سەر بە ئیدارەی سەربەخۆی سۆران چۆڵکراون، ھەروەھا زیاتر لە سەد ھاووڵاتیی لەو سنوورە شەھید بوونە، کە ھەشتا کەسیان لە دەڤەری برادۆست بوونە، لە سنووری پارێزگای دھۆکیش دوو سەد و سی گوند چۆڵکراون، کە سەد و نەوەد و پێنج لەو گوندانە دەکەونە سنووری قەزای ئامێدی، جگە لەوەش بە سەدان کەس بەھۆی شەڕی پەکەکە و تورکیا شەھید و بریندار بوونە، ھەروەھا لە سنووری ئیدارەی سەربەخۆی زاخۆ زیاتر لە چل و پێنج گوند بەھۆی پەکەکەوە چۆڵبوونە و دەیان کەسیش شەھید بوونە، چەندین جار بەھۆی بوونی چەکدارانی پەکەکە گوندەکانی سەر بە قەزای پێنجوین و ماوات و شارباژێر لە سنووری پارێزگای سلێمانی لەلایەن فڕۆکە جەنگییەکانی تورکیاوە بۆردومان کراون، کە وێرای شەھید بوون و برینداربوونی ژمارەیەک ھاووڵاتی، ترس و نیگەرانیشی لە ناوچەکە دروست کردووە، ھاوکات گوندەکانی بناری قەندیل کە ژمارەیان زیاتر لە پەنجا گوندە لە ماوەی ھەژدە ساڵی ڕابردوودا زیانێکی زۆری گیانی و ماددیان پێگەیشتووە، لە ساڵی ٢٠٠٦ـەوە بەھۆی بۆردومانی فڕۆکە جەنگییەکانی تورکیاوە نزیکەی چل ھاووڵاتی مەدەنی لەو سنوورە شەھید بوونە و بە دەیانی دیکەش بریندار بوونە، ھیچ گوندێک نییە لە بناری قەندیل بۆردومان نەکرا بێت، بەڵام ئەو گوندانەی زیاتر بەر بۆردومان کەوتوون زارگەلی، بۆڵێ، بۆکریسکان، سڵێ، سورەدێ، ئاشقوڵە، ڕەزگە، مارەدوو، ئێنزێ و چەند گوندێکی دیکە بەردەوام بۆردومان دەکرێن، سەرەڕای ئەوەی ئەو ناوچانە، زۆر ناوچەی گەشتیاری لە خۆ دەگرن، ئەگەر پەکەکە لە ناوچەکە نەبووایە، دەتوانرا سوودی لێ ببینرێ بۆ گەشتیاری و پڕۆژەی زۆر گەورەی گەشتیاری لێ جێبەجێ دەکرا، بەمەش داھاتێکی زۆر بۆ حکوومەت دەگەڕایەوە و دەرفەتی کاریشی بۆ خەڵکەکەی دەڕەخساند.
ھاووڵاتییان کە زەرەرمەندی یەکەمن لە شەڕ و بۆردومانی سوپای تورکیا و پەکەکە، داوا دەکەن ھێزەکانی پەکەکە لە گوند و ئاواییەکان نزیک نەکەونەوە و سوپای تورکیاش گوند و ئاواییەکان بۆردومان نەکات، بۆ ئەوەی چی دیکە زەرەرمەند نەبن و نەبنە قوربانی، بۆیە داواکارن ھەر دوو لا شەڕ و پێکدادانەکانیان لە ھەرێمی کوردستان دوور بخەنەوە.بەرپرسانی ھێزەکانی پاسەوانی سنوور، دەڵێن: ھۆکاری ئەوەی کە تورکیا سنوورەکانی ھەرێمی کوردستان بۆردومان دەکات، بوونی پەکەکەیە لە ناوچەکەدا، تاوەکو ئەوانیش ھەبن، بۆردومان بەردەوام دەبێت. بەرپرسانی ھەرێم، داوا لە پەکەکە و تورکیا دەکەن سەروەریی خاکی ھەرێمی کوردستان بپارێزن.
ڕزگار عوبێد، بەڕێوەبەری ناحیەی شێلادزێ، دەڵێت: پێویستە پەکەکە مەیدانی شەڕی خۆی بگوازێتەوە باکووری کوردستان، حکوومەتی ھەرێمی کوردستان بە ھەموو شێوەیەک پڕۆژە خزمەتگوزارییەکان لە گوند و ئاواییەکان جێبەجێ دەکات، بەڵام بەھۆی بوونی پەکەکە کە بووەتە ئاستەنگ حکوومەت ناتوانێت وەکو پێویست دەستی ئاوەدانی بۆ گوندەکان درێژ بکات، بەتایبەتی گوندەکانی ناوچە سنوورییەکان، لە سەرجەمی نەوەد و دوو گوند لە سنووری ناحیەی شێلادزێ، تەنیا حەوت گوند ئاوەدانن ئەوەش ئەوە ناگەیەنێت کە حکوومەتی ھەرێم پڕۆژە خزمەتگوزارییەکان پێشکەش ناکات، بەڵکو حکوومەتی ھەرێم لە ھەموو سێکتەرەکانی ژیان کاری کردووە و پڕۆژەی پێشکەش کردووە، بەڵام پەکەکە لێ ناگەڕێت گوند و ئاواییەکانی ئێمە ئاوەدان ببنەوە، ھەر ھاووڵاتییەک بچێتە سەر گوند و ئاواییەکانی خۆی یان شەھید دەبێت، یان بریندار.
لەلایەکی دیکەوە غەفوور ئەحمەد، قایمقامی قەزای مێرگەسۆر، ڕایگەیاند: چەکدارانی پەکەکە لە دوای ڕاپەڕینی ساڵی ١٩٩١ لە سنوورەکە ھەنە و بەردەوام سەر ئێشە بوونە بۆ حکوومەت، لە سنووری مێرگەسۆر شەست و پێنج گوند لەبەر پەکەکە ئاوەدان نەکراونەتەوە، پێشتر ھەوڵێکی زۆردرا و ئەو گوندانە ئاوەدان بوونەوە، بەڵام لەبەر شەڕی پەکەکە و تورکیا دووبارە چۆڵکرانەوە و ھەتا ئێستە ئاوەدان نەکراونەتەوە، ئەگەر ئەو گوندانە ئاوەدان ببنەوە خەڵک دەتوانێت بگەڕێتەوە سەر گوند و ئاواییەکانی خۆیان و ھەلی کاریش زیاتر بۆ ئەو خەڵکە دەرەخسێت، بەوەش داھاتیان باشتر دەبێت، ئێمەش وەکو حکوومەت دەستی ئاوەدانی بۆ ئەو گوندانە درێژ دەکەین، بۆ گوند و ئاوایەکانی دیکە چی کراوە بۆ ئەوانیش ئەوە دەکەین، بەوەش خەڵکەکە دەگەڕێتەوە و کۆچی پێچەوانە دەست پێ دەکات و خەڵک لە شارەکانەوە بۆ گوندەکان دەگەڕێتەوە.

ھەواڵی زیاتر