دووشەممە, تشرینی دووه‌م 25, 2024

ئەنجومەنی وەزیران کۆبوونەوەی هەفتانەی خۆی ساز دەکات

ئەمڕۆ چوارشەممە، 13 ـی ئاداری 2024، ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان، بە سەرپەرشتیی مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان، کۆ دەبێتەوە و سێ بڕگەی سەرەکی تاووتوێ دەکات.

لە بڕگەی یەکەمی کۆبوونەوەکەدا، پوختەی سەردانی فەرمیی شاندی حکومەتی هەرێمی کوردستان، بە سەرۆکایەتیی سەرۆکی ئەنجومەنی وەزیران، بۆ ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکا دەخرێتە ڕوو و کۆبوونەوە و دیدارەكانیان لەگەڵ کۆشکی سپی، کۆنگرێس، وەزارەتی دەرەوە، پنتاگۆن و وەزارەتی گەنجینەی ئەمەریکا، دەخرێتە ڕوو.

لە بڕگەی دووەمدا، ڕاپۆرتی دەستەی دەستپاکی، سەبارەت بە جێبەجێکردنی ستراتیجی نیشتمانیی ڕووبەڕووبوونەوەی گەندەڵی لە هەرێمی کوردستان دەخرێتە ڕوو.

لە بڕگەی سێیەمدا، هەنگاو و ڕێکارەکانی ئەمدواییەی وەزارەتی دارایی و ئابووری و وەزارەت و لایەنە پەیوەندیدارەکانی حکومەتی هەرێم، سەبارەت بە مووچەی مووچەخۆران، لەبەر ڕۆشناییی دواپێشهات و گۆڕانکارییەکان دەخرێتە ڕوو.