دووشەممە, تشرینی دووه‌م 25, 2024

پشکی هێزەکانی پێشمەرگە لە بودجەی وەزارەتی بەرگریی ئەمەریکا بۆ 2025 ئاشکرادەکرێت

ئیدارەی بایدن پێشنیازیکردووە کۆنگرێس بۆ ساڵی 2025، زیاتر لە 849 ملیار دۆلار بۆ بودجەی بەرگریی ئەمەریکا تەرخان بکات. لەو چوارچێوەیەش زیاتر لە 528 ملیۆن دۆلاری بۆ راهێنان و پڕچەککردنی پێشمەرگە، هێزەکانی عێراق و هێزەکانی سووریای دیموکراتە.

ئەمەریکا بەردەوام هەرێمی کوردستان وەک هاوپەیمانێکی متمانەپێکراوی خۆی دەبینێت، بەردەوام پشتیوانی خۆیشی بۆ هێزەکانی پێشمەرگەی کوردستان دووپات کردووەتەوە و رۆڵیشی لە رووبەڕووبوونەوەی تیرۆر بەرز دەنرخێنێت.

رۆژی دووشەممە 11ی ئادار 2024، ئیدارەی بایدن پێشنیازی بودجەی بەرگریی ئەمەریکای بۆ 2025 رەوانەی کۆنگرێس کرد، لەو پێشنیازەشدا بەشە بودجەیەک بۆ راهێنان و پڕچەککردنی هێزەی پێشمەرگە جێگەی کراوەتەوە.

جۆو بایدن، سەرۆکی ئەمەریکا پێشنیازیکردووە، بۆ ساڵی 2025، 849 ملیار و 800 ملیۆن دۆلار بۆ بودجەی بەرگریی وڵاتەکەی تەرخانبکرێت.

لەو بڕە پارەیەش داوا کراوە، 528 ملیۆن 699 هەزار دۆلار بۆ راهێنان و پڕچەککردنی پێشمەرگە، هێزەکانی عێراق و هێزەکانی سووریای دیموکرات پەسەندبکرێت. لەو ژمارەیەش 380 ملیۆن و 758 هەزار دۆلاری بۆ پێشمەرگە و هێزەکانێ عێراق. 147 ملیۆن و 941 هەزار دۆلاریش بۆ هاوکاریکردنی هێزەکانی سووریای دیموکرات.

ئەو 380 ملیۆن دۆلارەشی بۆ پێشمەرگە و هێزەکانی عێراق پێشنیازکراوە، لە چوارچێوەی یەک پاکێجدایە و بەم شێوەیە دابەشکراوە، 257 ملیۆن 58 هەزار دۆلار بۆ راهێنان و پڕچەککردن، 9 ملیۆن و 700 هەزار دۆلار هاوکاری لۆجستی، 60 ملیۆن دۆلار بۆ مووچە، 4 ملیۆن و 795 هەزار دۆلار نوێکردنەوە و چاککردنەوەی ژێرخان و 49 ملیۆن و 205 هەزار دۆلاریش بۆ وەرشە (واتە چاککردنەوەی چەک، ئۆتۆمبێل و کەرەسەتی دیکە).

هاوکارییەکانی ئەمەریکا بۆ پێشمەرگە، هێزەکانی عێراق و هەسەدە لەکاتێکدایە، داعش هێشتا مەترسییە لە ناوچەکە. وەزارەتی بەرگریی ئەمەریکاش دووپاتیدەکاتەوە، “ئەمەریکا پابەندە بە هاوکاریکردنی پێشمەرگە، هێزەکانی عێراق و هێزەکانی سووریای دیموکرات بۆ لەناوبردنی داعش”. ئاشکراشی دەکات، “مەترسی داعش هێشتا ماوە و هەوڵی خۆڕێکخستنەوە دەدات.

بڕیارە پێشنیازەکەی بایدن لە چەند مانگی داهاتوودا لە ئەنجوومەنی پیران و نوێنەرانی ئەمەریکا پەسەند بکرێت، دوای پەسەند کردنیشی بایدن واژۆی دەکات و ساڵی داهاتوو جێبەجێدەکرێت، ئەمەش لەکاتێکدایە، پێدانی سیستمی بەرگری ئاسمانی بە هێزی پێشمەرگە لە بودجەی بەرگریی ئەمەریکا بۆ 2024 پەسەند کراوە.