دووشەممە, تشرینی دووه‌م 25, 2024

حزب و لایەنە سیاسییەکانی تورکمان بایکۆتی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان دەکەن

نوێنەرانی 10 حزب و لایەنی سیاسیی تورکمانی لە هەرێمی کوردستان بڕیاریان دا بایکۆتی هەڵبژاردنی خولی شەشەمی پەرلەمانی کوردستان بکەن.

ئەمڕۆ سێشەممە، 12-03-2024، نوێنەرانی 10 حزب و لایەنی سیاسیی تورکمانی لە هەرێمی کوردستان، لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەوانیدا رایانگەیاند، لە دژی بڕیارەکانی ئەم دواییەی دادگای فیدراڵی، بڕیاریان داوە بایکۆتی هەڵبژاردنی خولی شەشەمی پەرلەمانی کوردستان بکەن کە بڕیارە رۆژی 10-06-2024 ئەنجام بدرێت.

ئاماژەشیان بەوە کرد، “زۆرینەی ئەو حزب و لایەنە سیاسییە تورکمانانەی لە پەرلەمانی کوردستان لە ماوەی رابردوودا کورسییان هەبووە، واژوویان لەسەر بایکۆتکردنی هەڵبژاردنی خولی شەشەمی پەرلەمانی کوردستان کردووە”.

داواش لە وڵاتانی ناوچەکە و کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی دەکەن “کار بۆ راگرتنی جێبەجێکردنی بڕیاری دادگای فیدراڵی بکەن سەبارەت بە هەڵوەشاندنەوەی کورسی کۆتای پێکهاتەکانی هەرێمی کوردستان. بڕیارەکە نادەستوورییە و مافی پێکهاتەکانی پێشێلکردووە”.

ئەمە لە کاتێکدایە رۆژی چوارشەممە، 21-02-2024، دادگای باڵای فیدراڵیی عێراق بڕیاریدا بە هەڵوەشاندنەوەی 11 کورسییەکەی کۆتای پێکهاتەکانی هەرێمی کوردستان لە پەرلەمانی کوردستان و ژمارەی کورسییەکانی پەرلەمانی لە 111 کورسی بۆ 100 کورسی کەمکردەوە.