گەرمیان گلی – ههولێر
كۆمەڵگا رۆشنبیرەكان توانای بەرهه مهێنان و داهێنانیان بەرزە، فێركردن بۆ خۆی وەبەرهێنانێكی نەتەوەیی بەرزەو كارێكی باشە، سەرمایەی گشتی و تایبەتی خەرج بكرێت بۆ كەرتی فێركردن و بەرزكردنەوەی تواناكان. تاوەكو تاك لەنێو پرۆسەی ئابووری لەگەشەكردنی بەردەوامدا بێت، چونكە رۆڵی تاك و كۆمەڵگا لەپەرەپێدانی ئابووری و كۆمەڵایەتی تایبەتمەندی خۆی هەیە.
د. عەبدوڵا خدر، مامۆستای ئابوورییە و ئەو بۆ “ڕۆژنامەی هەولێر” دەڵێ” رۆشنبیری ئابووری وەبەرهێنانێكی نەتەوەیی باڵایە، ئابووری بازاڕ و دیموكراسی، وەكو دوو سیستەمی گرنگن بۆ گەشەپێدان كە خاوەنی یاساو رێنمایی تایبەت بەخۆیانن و كاریگەری لەسەر ژیانی هاووڵاتییان و داهاتوویان دەكات، چونکە تاک پێویستی بە ڕۆشنبیری ئابووری هەیە تا لەو ڕووەوە گەشە بکات و بتوانێت ژێرخانێکی باشی ئابووری بۆخۆی بەرقەرار بکات، هەردوو سیستەمەكە بێ بوونی دامەزراوەكان گەشە ناكەن، دامەزراوەكانیش پێویستیان بەكۆمەڵێك بنەما هەیە، هەر لە چەسپاندنی یاساوە تاوەكو ئاستی داهاتی تاكەكەسی و بوونی چینی ناوەندو پەروەردەو خاوەندارێتی و ئاستی رۆشنبیری ئەو كۆمەڵگایە. بەو پێیەی كۆمەڵگای مرۆڤایەتی لە پەرەسەندنی بەردەوامدایەو تەنانەت لەئەگەری كێشەو گرفتە ئابوورییەكان بەدوور نییە، بۆیە پێویستە تاك لەناو پرۆسەی ئابووری لەگەشەی بەردەوامدا بێت، ئەمە لەكرۆكی تیۆرە كلاسیكییەكان باسی لێوەكراوەو هەریەك لە ئابووریناسەكانی ئەو سەردەمە بەتایبەت (ئادەم سمیس و دایفید ریكاردو) جەختیان لەسەركردۆتەوە، بەتێپەڕبوونی قۆناغەكانیش بیروباوەری ئابووریناسان سەبارەت بە رۆڵی كاریگەری تاك و دانیشتووان لە گەشەپێدانی ئابووری گۆڕانكاری بنەڕەتی بەسەردا نەهات و پرۆسەی پێگەیاندنی كۆمەڵگاو گەشەپێدان بایەخ و گرنگی خۆی لەدەست نەدا، ئەلفرید مارشاڵ ئەو ئابووریناسە بوو كەپێی وابوو كەسانی رۆشنبیرو خوێندەوار لە هەژاریدا ناژین و توانای كاركردن و بەرهەمهێنانیان فراوانە.
دەشڵێت:” بەمشێوەیە گۆڕانكارییە كۆمەڵایەتی و دیموكراتییەكان كەلەدەرهاویشتەی گۆڕانكارییە ئابوورییەکانەوە سەرچاوەی كردووە، لە كاری كۆمەڵگەیی دابڕاو نین كە بزوێنەرە سەرەكییەكەی ئەم كارە تاكە لەناو كۆمەڵگاكەدا، تاكیش پێویستە لەئاست گۆڕانكارییەكان پەرە بە تواناكانی خۆی بدات و لەئاستێكی بەرزی رۆشنبیریدا بێت و بتوانێت پەرە بە توانا و لێهاتوویی خۆی بدات کە لەزۆر ڕووەوە گەشە بکات، تاک پێویستی بە هۆشیاری هەنووکەییە. وەزارەت و دامودەزگاكانی حكووۆمەتی هەرێمی كوردستان لەپێناو باشتركردنی لایەنی خزمەتگوزاری و پەرەپێدانی ئابووری و پێشكەوتنی كۆمەڵگا، بەردەوام داوای هاوكاری و یارمەتی لەهاووڵاتییان دەكەن، تاوەكو پاڵپشت و یارمەتیدەر بن لەگەیاندنی خزمەتگوزارییەكان و باشتركردنی ئاستی تواناكانیان، ئەم حاڵەتەش ئاساییە، چونكە حوكمڕانێكی باش ناتوانێت بەهێزو سەركەوتوو بێت بێ پاڵپشتیكردن و هاكاریكردنی زۆرینەی هاووڵاتییان، ئەم هاوكارییەش تەنیا لە بارودۆخێكدا دەبێت كە تێیدا هاووڵاتییان خاوەنی رۆشنبیری و فەرهەنگێكی دەوڵەمەندی ئابووری و فیكری بن، ئەوەی جێی تێڕوانینە تاكو ئەمڕۆ حكوومەتی هەرێم و وەزارەتە پێوەندارەكانی بازرگانی و پیشەسازی و دارایی و پلاندان بووجەیەكی دیاریكراویان نییە بۆ پێشخستن و بەرزكردنەوەی ئاستی رۆشنبیری هاووڵاتیان.
ئەو دکتۆرە باس لە هەنگاوەکانی ڕۆشنبیری ئابووری تاک دەکات و دەڵێ:” هەڵەیەكی گەورەیە گەر پێمان وابێت ئاستی رۆشنبیری ئابووری نییە لەلای هاووڵاتی عێراقی یا لەلای بیزنسكارو توێژە پێوەندارەكانی ئابووری وەكو بەڵێندەرو بازرگان و پیشەسازیكاران، رەنگە بەپێی پێویست و لەگەڵ بارودۆخە نوێیەكەی عێراقدا كەمێك نەگوونجێت و نزم بێت بەڵام ژێرخانی بەهێزكردنی ئاستی رۆشنبیری ئابووری لای زۆرینەی هاووڵاتییان بەتەواوەتی نەهاتۆتە خوارەوە، عێراقییەكان بەگشتی لەناویشیاندا گەلی كوردستان بەپێی ئەو قۆناغ و بارودۆخە سەختانەی پێیدا تێپەڕبوون تارادەیەك تووشی لاوازی و گەڕانەوەی ئاستی رۆشنبیری بوون، بەڵام هەرگیز نەگەیشتۆتە ئاستێك كە بێ ئومێدمان بكات، ئالێرەدا ئەركی حكوومەتی هەرێمی كوردستانە بەهاوكاری رێكخراوەكانی كۆمەڵگای مەدەنی و شارەزایانی بیانی بەرنامەو كارو هەنگاو بەرەو پەرەپێدانی سەرمایەی مەعریفی و بەرزكردنەوەی ئاستی رۆشنبیری ئابووری لەلای هاووڵاتیانی عێراق بنێت.