یەکشەممە, تشرینی دووه‌م 24, 2024

د. كاوەی فەقێ ڕەحیم: پێویستە ئەو كەسانەی دەزانن میزیان خوێناوی بووە پشتگوێی نەخەن و سەردانی پزیشك بكەن

د. كاوە فەقێ ڕەحیم پزیشكی نەشتەرگەری گورچیلە و میزەڕۆ و نەزۆكی پیاوان لەم گفتوگۆیەدا بۆ “هەولێر” دەڵێت كەسی نەخۆش بەدوو شێوە میزەكەی خوێناوی دەبێت كە جۆرێكیان بەچاو نابینرێت جۆرەكەی دیكەیان دەبینرێت دەشڵێت” ئەو كەسەی میزەكەی خوێناوی دەبێت پێویستە پشتگوی نەخات و بە زووی سەردانی پزیشك بكات و ئەگەر هۆكارەكە شێرپەنجەی میزەڕۆ بێت زوو چارەسەر دەكرێت.

كەسی نەخۆش چەند جۆر مێزەكەی خوێناوی دەبێت؟
دوو جۆر مێزی خوێناوی هەیە لەجۆری یەكەمدا خوێنەكە بەچاو دەبینرێت ڕەنگی میزەكە سوور دەكات، بەڵام لەجۆری دووەمی نەخۆشیيەكەدا خوێنەكە بەچاو نابینرێت تەنیا بەشیكاری و پشكنین بۆ میزەكە دەبێت، ئەگەر خوێنی تێدا بێت دەبینرێت واتا ڕەنگی میزەكە بەسەیركردن و بەچاو و ئاسای دەرناكەوێت.

هۆكارەكانی خوێن بەربوون لەكۆئەندامی میزەڕۆدا چی یە؟
هۆكارەكان زۆرن وەك التیهابی میزەڵدان و بەردی گورچیلە و بەردی میزەڵدان و شێرپەنجەی میزەڵدان و شێرپەنجەی گورچیلە و شێرپەنجەی بۆری میز و شێرپەنجەی پڕۆستات لە پیاواندا و التهابی درێژخایەن یان كتوپڕلە گورچیلەدا و ڕوونبونەوەی خوێن و وەرزشی زۆر و قورس و نەخۆشی بە بەلهارزیا بەكار هێنانی دەرمانی زۆر و لەڕدەبەدەر.

نیشانە و هۆكارەكانی چی یە و لەكەسێكەوە بۆ كەسێكی دیكە دەگۆڕێت یان نا؟
گرنگترین نیشانە سوربوونی ڕەنگی میز، و نیشاناكانی تر بە گوێرەی هۆكارەكان و كەسەكان ئەگۆڕێت. بۆ نموونە ئەگەر هۆكارەكە بەردی گورچیلە بێت نەخۆش زۆربەی كات ئازارێكی كتوپڕی لێ پەیدا دەبێت لەو لایەی كە بەردەكەی دابەزیوە. لە وانەیە زوو زوو بچیت بۆ سەرئاو بۆ میزكردن.

لەچی كاتێكدا نەخۆش تووشی سووتانەوە و ئازار دەبێت؟
ئەگەر هۆكارەكە التهابی میزەڵدان بێت ئەوا نەخۆش توزوشی سووتانەوە و كزانەوە دەبێت بەتایبەت لەكاتی میزكردندا. بەڵام هەنێ جار جگە لە ڕەنگی سووری میزەكە نەخۆشەكە هیچ نیشانەیەكی تری نیە. ئەم جۆرەیان زۆربەی كات بە هۆی شێرپەنجەی میزەڵدان ، گورچیلە یان پڕۆستاتەوە دەبێت.

كەسی نەخۆش میزەكەی خوێنی پێوە بوو چی بكات باشە؟
ئەو كەسەی هەستی كرد میزەكەی خوێناوی بووە پێویستە بەزوويی پشكنین بكات سەردانی دكتۆری پسپۆڕ بكات چونكە هەندێك جار هۆكاری بوونی خوێن لە میزدا شێرپەنجەیە، ئەبێ زۆر بەهەند وەربگیرێت و پشت گوێ نەخرێت و نەخۆش بە زووترین كات چارەسەر وەربگرێت.

ئەو پشكنینانە چییە بۆ نەخۆش دەكرێت؟
نەخۆش ئەبێت لە لایەن دكتۆری پسپۆڕەوە ببینرێت و پرسیاری تەواوی لێبكرێت دەربارەی نیشانەكانی نەخۆشییەكە پاشان پشكنینی خوێن و میز لە گەڵ زەرعەی میز. هەروەها گرتنی ئەشیعە یان سۆنار یان ئە شیعەی تەنووری لەگەڵ ناڤوری میزەڵدان یان گورچیلە و پشكنینی میز بۆ بینینی خانەی شێرپەنجەیی و وەرگرتنی چارەسەر ئەمە پشكنینەكانە.
زۆرینەی هۆكارەكانی نەخۆشيیەكە چیه ؟
خۆشبەختانە زۆربەی كات هۆكارێكی سادەی وەك بەرد یان التهابە، بەڵام نەخۆش نابێت كەمتەرخەمبێت چونكە دەگوونجێ هۆكارەكەش خوانە خواستە نەخۆشی شێرپەنجە بێت.

لێكۆلێنەوە پزیشكیەكان لەوبارەیەوە چی دەڵێن؟
لێكۆڵینەوە پزیشكیەكان دەریانخستوە لە 2٥٪ ئەو نەخۆشانەی ڕەنگی میزەكەیان سوورە واتە بوە بە خوێن شێرپەنجەی كۆئەندام میزەڕۆیان هەیە، وە تەنها لە ٥٪ ئەو نەخۆشانەی كە خوێن لەمیزەكەیاندا هەیە بەس بە شیكاری میز دەرئەكەوێت شێرپەنجەیان هەیە، ئەوەی مەبەست و گرنگە ئەوەیە نەخۆش پشكنینی میزەكەی بكات چەند جارێك پشتگوێی نەخات، چونكە ئەگەر هۆكارەكە شێرپەنجەبێت ئەتوانرێ زوو بە نەخۆشیەكە بزانرێت و بتوانرێت لە ڕێگەی نەشتەرگەریەوە بنبڕبكرێت و ژیانی نەخۆشەكە بپارێزێت.