دووشەممە, تشرینی دووه‌م 25, 2024

ئاسایشی هەولێر ئەو كەسەی دەستگیر كرد كە ئاگری لە كۆگاكەی ناوچەی پیشەسازی بەردابوو

بەڕێوەبەرایەتی ئاسایشی هەولێر دەستگیركردنی ئەو كەسەی راگەیاند كە دوێنێ شەممە ئاگری لە كۆگاكەی ناوچەی پیشەسازی باكور بەردابوو.

ئاسایشی هەولێر بڵاوی كردەوە: دوێنێ شەممە ڕێکەوتی 9/3/2024 ئاگرێک کەوتەوە لە کۆگای کۆمپانیای (دیکۆراس) لە ناوچەی پیشەسازی باکوری شاری هەولێر و بووە هۆی زەرەر و زیانێکی زۆری ماددی و سوتانی تەواوی کۆگاکە.

بڵاویشی كردەوە: دوای ڕووداوەکە لەلایەن تیمەکانمانەوە دەست بە ئەنجامدانی لێکۆڵینەوە کرا و لە لێکۆڵینەوەکان دەرکەوت هۆکاری سوتانی ئەم کۆگایە شۆرتی کارەبا نەبووە و بەڵکو بە مەبەست کەسێک ئەم تاوانەی ئەنجامداوە.

هەروەها بڵاوی كردەوە: دوای بەدواداچوونی ورد و زیاتری تیمەکانمان، توانیمان ناسنامەی ئەو کەسە ئاشکرا بکەین کە هەڵساوە بە سوتاندی ئەم کۆگایە.

ئاماژەی بەوەش دا: بە بڕیاری دادوەری لێکۆڵینەوەی ئاسایشی هەولێر، تۆمەتبار (ف، ح، ع)مان دەستگیر کرد، تۆمەتباری ناو هاتوو لە لێکۆڵێنەوەکان دانی بە تاوانەکەی داناوە.

ئاسایشی هەولێر سوپاسی هاووڵاتییان كرد کە هەمێشە هاوکار و هەماهەنگی بەڕێوەبەرایەتیەکەیانن.