دووشەممە, تشرینی دووه‌م 25, 2024

١١ی ئادار یەکەمین بەری شۆڕشی ئەیلوول بوو بە سەرکردایەتیی بارزانیی نەمر

ڕائیب جادر – هە‌ولێر

سبەی دوو شەممە ساڵیادی ڕێککەوتننامەی ١١ـی ئادارە، کە تێیدا شۆڕشی ئەیلوولی مەزن ئامانجەکانی خۆی بەدەستھێنا، بارزانیی نەمر، ڕێبەری بزاڤی ڕزگاریخوازی گەلی کوردستان شۆڕشی ئەیلوولی لە دژی ڕژێمی عێراق و بۆ بەدەستھێنانی مافەکانی گەلی کوردستان، ھەڵگیرساند، ڕێککەوتننامەکە دەستکەوتێکی نەتەوەیی و مێژوویی بوو بۆ گەلەکەمان.

پەنجا و چوار ساڵ بەسەر ڕێککەوتنی ١١ی ئاداری ١٩٧٠ تێدەپەڕێت، کە لە نێوان حکوومەتی ئەوکاتی عێراق و بارزانیی نەمر، سەرکردەی شۆڕشی ئەیلوول لە ھەرێمی کوردستان، ئیمزاکرا و تێیدا کورد حوکمی زاتی بەدەستھێنا.
پاش چەند گەڕێکی گفتوگۆ لەنێوان سەرکردایەتیی شۆڕشی کورد بە ڕابەرایەتی بارزانیی نەمر و سەرکردایەتی ڕژێمی ئەوکاتی عێراق، لە شەوی ١٠ لەسەر ١١ی ٣ی ١٩٧٠ بارزانیی نەمر ‌و سەدام حوسێن، لە قوتابخانەی ناوپردان لە قەزای چۆمان ڕەشنووسی ڕێککەوتننامەکەیان ئیمزا کرد، لە دوای ٩ی ساڵ لە خەبات بە ڕابەرایەتی بارزانیی نەمر و لەژێر ناوی شۆڕشی ئەیلوول، توانرا ڕژێمی ئەوکاتی عێراق ناچار بکرێت بۆ یەکەم جار و بە فەرمی دان بە بوونی کورد و بەشێک لە مافەکانی دابنێ، لە ڕێککەوتننامەی ١١ ئاداری ١٩٧٠ سەرکردایەتیی شۆڕشی ئەیلوول توانی کۆمەڵێک مافی گرنگ و مێژووی بۆ کوردستان بەدەستبێنێت، گرنگترین دەستکەوتەکانیش، ڕازیکردنی ڕژێمی ئەو کاتی عێراق بوو تا بە فەرمی دان بنێ بە مافی ئۆتۆنۆمی بۆ گەلەکەمان و دامەزراندنی دەستەڵا‌تێکی خۆجێی لە ھەرێمی کوردستان، ھەروەھا زمانی کوردییش زمانی سەرەکی خوێندن بێت لە قوتابخانەکانی کوردستان، ئەمەش بۆ یەکەمجار و لەژێر کاریگەری شۆڕشدا توانرا بە شێوەیەکی فەرمی ئەو مافانە بۆ گەلی کوردستان دەستەبەر بکرێت.
یەکەمجاربوو حکوومەتی عێراق دان بە مافەکانی کورد بنێت، بەپێی ڕێککەوتنەکە، بڕیاربوو تا ساڵی ١٩٧٧، لەڕێگەی سەرژمێری گشتی، ناوچەی ئۆتۆنۆمی بۆ گەلی کورد دیاری بکرێت، بەو مەرجەی کورد بەشداری حکوومەتی عێراق بکات.
بە درێژایی ماوەی نێوان گفتوگۆی سەرکردایەتی سیاسی کورد بە سەرۆکایەتیی بارزانیی نەمر و حکوومەتی بەعس لە نێوان ساڵانی ١٩٦٨-١٩٧٠ تا ئەو کاتەی گەیشتە بواری ئیمزا کردن، بارزانیی نەمر سەردانی شاری بەغدای نەکرد، واتە بۆ ھیچ دانیشتنێک نەچووە پایتەختی دەوڵەتی عێراق، بەڵکو ئەوانی ھێنایە بارەگای سەرکردایەتیی شۆڕش، ئەوەش بەو مانایە دێت بە ھیچ شێوەیەک سازش و لاوازی بەرامبەر ئەوان نیشان نەدا، لە کاتێکدا بەپێی ھەموو پێوەرە سیاسی و نەریتە دیبلۆماسییەکان دەبوایە سەرکردەی بزووتنەوەی ڕزگاریخوازەکە کە داواکاری و جێبەجێکارەکانی لە پایتەخت بوون، سەردانی ناوەندی وڵاتەکە بکات و لەوێ بە ئامادەبوونی خۆی ئیمزا لەسەر ڕێککەوتننامەکە بکات، گەورەیی بارزانیی نەمر لەوەدا بوو کە بۆ یەک چرکەش ئەو کارەی نەکرد.
دوای چوار ساڵ لە ڕێککەوتن و گفتوگۆ، حکوومەتی عێراق لە ڕێککەوتنەکە پاشگەزبووە و دواتریش ڕێککەوتنی جەزائیر لە ١٦/٣/١٩٧٥ لەگەڵ شای ئێران ئیمزا کرد بە دەستبەرداربوونی بەشێک لە خاکی عێراق لەبەرامبەردا شای ئێران ھاوکاریەکانی بۆ شۆڕشی گەلی کوردستان ڕابگرێت و بەمەش کۆتایی بەو ھەوڵە ھات کە بۆ دۆزی کورد لە عێراقدا ھاتبووە ئاراوە.
ڕەسول محەممەد، نووسەری ڕێککەوتنامەکە، بە ڕۆژنامەی”ھەولێر”ـی ڕاگەیاندووە، پێش ساڵی ١٩٧٠ گفتوگۆی چڕ ھەبوو لە نێوان شاندی شۆڕش و شاندی ڕژێمی ئەو کاتی عێراق بۆ ڕێککەوتن لەسەر کۆمەڵێک خاڵ، دوای دانوستاندن و چوون و ھاتنی شاندەکان دواتر ڕێککەوتننامەی یازدەی ئاداری لێکەوتەوە.
نووسەری ڕێککەوتنامەکە، دەشڵێ: دوای نووسینەوەی ڕەشنووسەکە لەلایەن ئەندامانی مەکتەبی سیاسی و بەبڕیاری بارزانیی نەمر پێداچوونەوەی بۆ کرا، نوری شاوێس، د.مەحموود عوسمان، حەبیب محەممەد کەریم، عەلی عەبدوڵڵا، سامی عەبدولرەحمان و چەند کەسێکی دیکە کە زمانی عەرەبیان دەزانی بە ڕەشنووسەکەدا چوونەوە و دواتر ڕەشنووسەکەمان دایە مەکتەبی سیاسی بۆ پێداچوونەوە، دواجار لە ڕێکەوتی ١٠ لەسەر ١١ـی ٣ـی ١٩٧٠، دوای ھاتنی سەدام حوسێن بۆ چۆمان، ڕێککەوتننامەکە ئیمزا کرا، کە گەورەترین دەستکەوتی مێژوویی بوو بۆ گەلی کوردستان، کارێزمایی و ھەیبەتی بارزانیی نەمر لەوە دەرکەوت کە توانی بەرپرسانی حکوومەتی عێراق ناچار بکات لە بەغداوە بێنە ناوچەی شۆڕشی ئەیلوول لە باڵەکایەتی و گفتوگۆ لەگەڵ بارزانیی نەمر بکەن و ڕێککەوتننامەکە ئیمزا بکەن.
ڕەسول محەممەد، ئاشکراشی کرد: ڕێککەوتننامەی یازدەی ئادار خاڵەکانی بە زمانی کوردی و عەرەبی نووسرانەوە، بە ئامێری چاپ نووسیمان و بە ڕۆنیۆش کۆپیمان کرد، کارەبا نەبوو، لە ژوورە قوڕینەکەمان لەبەر فانۆس کارەکەمان تەواو کرد، زۆرجار تا کاتژمێر چواری شەو دەماینەوە و کارمان لەسەر ڕێککەوتننامەکە دەکرد، بۆیە شانازی بەو ڕۆژانەوە دەکەم، چونکە گەورەترین دەستکەوتی مێژوویی کە لەسەر دەستی بارزانیی نەمر بۆ گەلی کوردستان بەدەست ھات، بە دەست و پەنجەکانی خۆم نووسییەوە.
ڕەسول محەممەد، نووسەری ڕێککەوتنامەکە، زیاتر دەڵێ: دوای ئیمزاکردنی ڕێککەوتننامەکە ژیانی خەڵک خۆش بوو و گەلی کوردستان دەستی بە قۆناغێکی نوێی ژیان کرد، بۆیە ئەم ڕێککەوتننامەیە بووە ھۆکاری ئەوەی ئاشتی بەرپا بێت و خەڵک لەو ناخۆشییەی تێدا بوو ڕزگاری بێت، ئەمەش ھەموو لە سایەی بارزانیی نەمر بوو کە وەک سەرکردەیەکی کارێزما توانی حکوومەتی ئەوکاتی عێراق ناچار بکات خۆیان بگەیەننە ناوچەی شۆڕش و گفتوگۆ لەگەڵ بارزانیی نەمر بکەن بۆ چەسپاندنی مافەکانی گەلی کوردستان.