دووشەممە, تشرینی دووه‌م 25, 2024

په‌رله‌مانی عێراق به‌رنامه‌ی كۆبوونه‌وه‌ی دوو رۆژی بڵاوكرده‌وه

خشته‌ی كۆبوونه‌وه‌ی دوو رۆژی داهاتووی په‌رله‌مانی عێراق بڵاوكرایه‌وه‌، له‌ كۆی به‌رنامه‌كاندا‌ ئاماژه به‌ دیاریكردنی سه‌رۆكێكی نوێ بۆ په‌رله‌مان نه‌كراوه‌.

به‌ گوێره‌ی خشته‌ی كاری په‌رله‌مانی عێراق، له‌ كۆبوونه‌وه‌ی سبه‌ی (یه‌كشه‌ممه‌ 10ـی ئاداری 2024) تاووتوێی رۆڵی چاودێری په‌رله‌مانی ناوبراو ده‌كرێت.

جیا له‌وه‌ش رۆژی (دووشه‌ممه‌ 11ـی ئاداری 2024) دووباره په‌رله‌مانی عێراق‌ بۆ گفتوگۆ، ده‌نگدان و خوێندنه‌وه‌ بۆ پێنج بابه‌تی جیاواز كۆده‌بێته‌وه‌، بێ ئه‌وه‌ی دیاریكردنی سه‌رۆكێكی نوێ بۆ په‌رله‌مانی له‌ خشته‌ی كاریدا هه‌بێت. ‌

دواجار بەشێک لە سوننەکان لە سەر کاندیدێکی هاوبەش بۆ پڕکردنەوەی پۆستی سەرۆکی پەرلەمانی عێراق رێککەوتن و لە نووسراوێکی هاوبەشدا، کە کۆپیەکی دەست کوردستان24 کەوتبووە، پەرلەمانتار سالم مەتەڕ عیساویان بە سەرکردەکانی چوارچێوەی هەماهەنگی ناساندووە و داوای رێکخستنی کۆبوونەوەی پەرلەمانیان كردبوو بۆ هەڵبژاردنی سەرۆکی نوێ بۆ پەرلەمان.

پێشتریش خەمیس خەنجەر، سەرۆکی هاوپەیمانی سیادە، لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەوانیدا رایگەیاندبوو، لەگەڵ زۆرێک لە پەرلەمانتارە سووننەکان رێککەوتوون بۆ ئەوەی خشتەیەکی کار دابنێین و کۆبوونەوەیەکی بەپەلە بۆ هەڵبژاردنی سەرۆکی پەرلەمان ئەنجامبدرێت.

رۆژی (14ـی تشرینی دووەمی 2023)، دادگای فیدراڵی بڕیاری کۆتاییهێنان بە ئەندامێتی هەر یەکە لە محەمەد حەلبووسی و لەیس دلێمی لە پەرلەمانی عێراق هێنا و بەمەش راستەخۆ حەلبووسی لە پۆستی سەرۆکی پەرلەمانی عێراق دوورخرایەوە، ئەمەش بەهۆی ئەو کێشانەی لەگەڵ ئەو پەرلەمانتارە لەماوەی رابردوو لە نێوانیان روویاندا.