رێکخراوی تەندروستی جیهانی لە دۆخی ئافرەتانی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست دەکۆڵێتەوە لە راپۆرتێکی بە ناونیشانی (ئاهەنگی هەشتی مارس تەواو، با ئیدی سەیری دۆخی ئافرەتان بکەین) بڵاوکردووەتەوە، کە لایەنەکانی ژیانی پیشەیی، خێزانیی و ئابووری ئافرەتان لە خۆ دەگرێت و ئاماژەیداوە، ئافرەتانی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست بە دەست چەندین ئاڵنگاریی و نەهامەتییەوە دەناڵێنن.
رێکخراوەکە ئاماژەیداوە، ئاڵنگاریی زۆر رووبەڕووی ئافرەتانی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست بووەتەوە، سەرەکیترینیان تەندروستییەو نزیکەی %25ی ئافرەتانی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست و باکووری ئەفریقا تەمەنێکی درێژ بە تەندروستییەکی خراپ بەڕێدەکەن، بەشێکی هۆکارەکانیش ئەوەی جیاوازییان لەگەڵ پیاوان هەیە لە دەستگەیشتن بە خزمەتگوزارییە تەندروستییەکان.
هەروەها ئاماژەیداوە، ئافرەتان درەنگترن دەتوانن بچنە لای پزیشک و سەردانی نەخۆشخانەکان بکەن، ئەمەش وایکردووە تووشی نەخۆشی قورس بن.
لە بەشێکی دیکەی راپۆرتەکەی رێکخراوی تەندروستی جیهاندا، رەخنە لە پیاوسالاری رۆژهەڵاتی ناوەڕاست دراوەو تیشکی خستووەتە سەر ئەوەی ئافرەتانی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست لە بڕیاردان سەربەخۆنین و زۆرینەی کات بڕیاری کەسوکاریان بەسەردا دەسەپێنرێت.
هەروەها رایگەیاندووە، 130 هەزار حاڵەتی نوێی شێرپەنجەی مەمک لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست و باکووری ئەفریقا تۆمارکراون و پێشبینی دەکات، شێرپەنجەی مەمک تا 2045 دووهێندە زیاد دەکات.
رێکخراوی تەندروستی جیهانی داوا لە حکومەتەکانی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست و باکووری ئەفریقا دەکات، هەلی زیاتر بۆ ئافرەتان بڕەخسێنن و یەکسانی لە سوودمەندبوونی خزمەتگوزارییەکان دەستەبەر بکەن.