ڕائیب جادر – هەولێر
بڕیارەکانی ئەم دوایەی دادگەی فیدراڵی ھاوکێشە سیاسییەکانی لە بەرژەوەندی چوارچێوەی ھەماھەنگی گۆڕیوە بەجۆرێک ئەو لایەنانەی بنکەی جەماوەری گەورەیان ھەیە، لە پەراوێزی بڕیارەکانی ئەو دادگەیە ھەست بە پەراوێزخستن دەکەن. بەگوتەی شارەزایانی یاسا و دەستوور، دەستبردن بۆ یاسای ھەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان کاری دادگەی فیدراڵی نییە، ئەم بڕیارە پێچەوانەی دەستوور و یاسای ھەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراقە.
سەرۆک بارزانی لە دیدارێکی ڕادیۆی مونتکارلۆ لەبارەی بڕیارەکانی دادگەی فیدراڵی باس لەوە دەکات، بڕیارەکانی دادگەی فیدراڵی ھەمووی دژی ھەرێمی کوردستانە و بە تەواوی لایەنگری پێوەدیارە، بڕیارەکانی بە ئینساف و دادپەروەرانە نییە.
دادگەکە مەرامی سیاسیی هەیە
لایەنە سیاسییەکانی کورد و سوننە و بەشێک لە شیعەکان پێیانوایە چوارچێوەی ھەماھەنگی لەڕێگەی دادگەی باڵای فیدراڵییەوە بە بەرنامە کار بۆ پەراوێزخستنیان دەکات، بۆیە ھۆشداری دەدەنە ئەو لایەنانەی کە لە پشت بڕیارەکانی دادگەوەن ئەگەر دەست لەو سیاسەتە ھەڵنەگرن ئەوە لە ھاوپەیمانی ئیدارەی دەوڵەت دەکشێنەوە.
بڕیاری دادگەکە دژی مافی پێکهاتەکان
پێکھاتەکان دەنگی ناڕەزایەتی دەگەینن بە کونسوڵخانە و نوێنەرایەتی وڵاتان لە ھەرێمی کوردستان ئەمەش دوای ئەوەی کە دادگەی فیدراڵی کورسی کۆتاکانی لە پەرلەمانی کوردستان ھەڵوەشاندەوە، پێکھاتەکان ئەم بڕیارەی دادگە بە نادادپەروەری و نادەستووری دەزانن، ئاماژە بۆ ئەوەش دەکەن، لە فشارەکانیان بەردەوام دەبن بۆ ئەوەی پێداچوونەوە بە بڕیارەکەدا بکرێت، چونکە پێیانوایە ئەم بڕیارە کز کردنی دەنگی پێکھاتەکانە، وا دەکات کە بەشێکی گرنگی کۆمەڵگە بەشدار نەبێت لە پڕۆسەی دیموکراسی، ئەوەش دەرئەنجامێکی خراپی دەبێت لەسەر پێکەوەژیان و مانەوەی پێکھاتەکان.
٢١ی مانگی ڕابردوو دادگەی باڵای فیدراڵی بۆ یەکلاییکردنەوەی ئەو سکاڵایانەی لە دژی مووچەی فەرمانبەر و مووچەخۆرانی ھەرێمی کوردستان و یاسای تایبەت بە ھەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان تۆمارکرابوون، کۆبووەوە، لە دانیشتنەکەدا دادگەی فیدراڵی دژی کورسی کۆتاکانی پەرلەمانی کوردستان بڕیاریدا، ھاوکات ژمارەی کورسی کۆتاکانی پەرلەمان ھەڵوەشێنداریەوە و ژمارەی کورسییەکانی پەرلەمان لە سەد و یازدە کورسی بۆ سەد کورسی کەمکرایەوە، ھەڵبژاردنیش بەسەر چوار بازنەدا دابەشدەکرێت.
پەراوێز خستنی کورد و سوننە
د. ئازاد سەعید، شارەزای دەستوور، دەڵێت: ئەمەی دادگە کردوویەتی لە دەرەوەی دەستەڵاتی خۆیەتی، دادگەی فیدراڵی بۆ بەرژەوەندی سیاسی بەکاردەھێنرێت، بۆیە ئەرکی سوودانییە، ئاوێک بەو ئاگرەدا بکات، کە لە داھاتوودا بەرۆکی عێراق دەگرێت.
ئەو شارەزایە، دەشڵێ: پەراوێزخستنی کورد و سوننە بەڕوونی دیارە، ئەو بەڵێنانەی پێیان درابوو بۆ پێکھێنانی حکوومەت جێبەجێ نەکراون، بۆیە ئەوەش مەترسییەکی گەورە لەسەر داھاتووی ئەم حکوومەتە دروست دەکات، ئەگەر بێت و کورد و سوننە بکشێنەوە.
بڕیارەکان دژی سیستمی فیدراڵین
موحسن سەعدوون، شارەزای یاسا و دەستووری عێراق، ئاشکرای دەکات: دیداری سەرۆک بارزانی لەگەڵ ڕادیۆی مونتکارلۆ ھەڵوێستی لەبارەی بڕیارەکانی دادگەی فیدراڵی لە جێگەی خۆیدابوو، بەھۆی ئەوەی بڕیارەکانی ئەو دادگەیە دەستووری نین و دژی سیستەمی فیدراڵین بۆ عێراق، ئەو دادگەیە و ئەندامەکانی لە پەرلەمان دەنگیان لەسەر نەداوە، بەپێی ماددەی ٩٢ی دەستووری عێراق لەسەر دادگەی فیدراڵی پێویستە پەرلەمان دەنگ لەسەر یاسای دادگەکە بدات، بۆیە ئەو دادگەیە دەستووری نییە و بڕیارەکانیشی ھەمووی دژی ھەرێمی کوردستانن و بە جۆرێکن ناتوانرێ تانەی لێ بدرێت و ڕەتکردنەوەی نییە، بۆیە ئەمە ھەنگاوێکی مەترسیدارە.
موحسن سەعدوون، گوتیشی: سەرۆک بارزانی باسی لەوە کرد عێراق سەقامگیر نابێت تا دەستوور جێبەجێ نەکرێت و دادگە داپەروەری پەیڕەو نەکات، ئێستە بەو شێوەیە سیستمی فیدراڵی جێبەجێ ناکرێت و سەقامگیری بەرقەرار نابێت، بۆیە پێویستە ھەڵوێستێکی گشتی ھەبێت، کورد خەباتێکی زۆری بۆ فیدراڵی کردووە و قوربانی زۆرمان داوە بۆ ئەوەی بگەینە ئەم قۆناغە، پێویستە ئەو قۆناغە مەترسیدارە ڕێی لێ بگیرێت، باشترین ڕێگریش ئەوەیە ھەموو لایەنە کوردییەکان ئەوە بزانن، ناکرێت ناکۆکییان لەسەر حیسابی سیستەمی فیدراڵی بێت، ئێمە نزیکین لە بوونە دەوڵەت، بۆیە سیستەمی فیدراڵی تایبەتمەندی لە عێراق ھەیە، نابێت ڕێگە بدەین لەدەستی بدەین و ڕێگە نەدرێت عێراق زیادەڕۆیی بەسەر ھەرێمی کوردستاندا بکات، بڕیارەکانی دژی ھەرێمی کوردستانە، پێویستە ھەمووان ئاگاداری ئەو ھەنگاوە مەترسیدارانەی دادگەی فیدڕاڵی بن.
کاریگەریی وڵاتانی ئیقلیمی لەسەر دادگەکە
پارێزەر شەوکەت سەلیم، ڕایگەیاند: دادگەکە بووەتە زمانحاڵی کۆمەڵێک ھێزی سیاسی لە عێراق، ئەو ھێزە سیاسیانەش تەنیا لەژێر کۆنتڕۆڵی وڵاتانی دیکە دان، فشاری ناوخۆیی و دەرەکی ھەیە لەسەر دادگەی فیدراڵی، کە دژی ھەرێمی کوردستان بڕیار دەربکات، ئێستە کاری پەرلەمان دەکات لە دەرکردنی یاسا لە ھەموارکردنەوەی یاساکان، مەحکەمەی سەورەی سەردەمی بەعس و دادگەی فیدراڵی ھیچ جیاوازییەکیان نییە، بەڵکو دادگەی فیدراڵی دەست بۆ ھەندێک بابەت دەبات کاری ئەو دادگەیە نییە.
ئەو پارێزەرە، دەشڵێ: ئەقڵیەتێکی مەدەنی حوکمڕانی عێراق ناکات، بەڵکو ھەمیشە لە عێراق ئەقڵیەتێکی مەرکەزی ھەبووە، ئەگەر وا بڕوات و دادگەی فیدراڵی لەسەر کارە خراپەکانی خۆی بەردەوام بێت، بڕیارەکانی دادگەی فیدراڵی دەبێتە ھۆی تێکدانی سەقامگیری لە عێراق.