پێنجشەممە, تشرینی دووه‌م 28, 2024

وەڵامێك بۆ ئاستنزمیی سایتی بۆلتننیوزی ئێرانی

هەوڵێر

سایتی بۆلتنیوزی سەر بە دەستەڵاتدارانی كۆماری ئیسلامیی ئێران لە 2ی مارسی 2024 دەقی چاوپێكەوتنەكەی سەرۆك بارزانیی لەگەڵ ڕادیۆ مۆنتی كارلۆ بڵاو كردوەتەوە، وەك پیشەی هەمیشەییان دوور لە بنەماكانی ڕۆژنامەنووسی و ئەخلاقی نووسین هەوڵیان داوە سووكایەتی بە هێما و بەهاكانی گەلی كوردستان بكەن. سایتەكە بە نەفەسێكی شۆڤینیستی كە دەرخەری عەقلیەتی نكۆڵیكاری خاوەنەكانیەتی دیسان جەخت لەو ئیدعا بێ بنەمایەی كۆماری ئیسلامی دەكاتەوە كە لە تاوانی موشەكبارانیكردنی هەولێر بنكەی موسادیان لە هەولێر كردووەتە ئامانج.
ئەو ئیدعایە تەنانەت لەناوخۆی ئێرانیش كەس بڕوای پێ نەكردووە و هەموو لایەك باش دەزانن كە ئەوەی ئێران بە مووشەك لە هەولێر كردیە ئامانج خانەوادەیەكی بێتاوان بوون و بە ئیمتیاز كردەوەكەیان دەكەوێتە چوارچێوەیی تاوان و جنایەت. شەهید و برینداركردنی هاووڵاتیی سڤیل منداڵی یازدە مانگ ئەوپەڕی بێویژدانی و بێڕەوشتی و تاوانە و بە هیچ درۆ و ئیدعایەك ناشاردرێتەوە.
زۆر ئاشكرایە ئەو خاڵەی لە چاوپێكەوتنەكەدا بۆلتننیوز و خاوەنەكانی ئازار داوە ڕاستگۆیی سەرۆك بارزانی و، ئاماژەپێدانیەتی بە حەقیقەتی ئەو یارییە نائینسانیەی كە بەداخەوە ئەوان لەدژی گەلی كوردستان و گەلانی ناوچەكە و لەدژی سەقامگیری و ئاشتیدا دەیگێڕن. ئەوان جورئەتی ئەوەیان نییە موشەك لە ئیسرائییل بگرن و ئەگەر لە هەولێریش هەر بەڕاستی بنكەی موساد هەبا ئەو بوێرییەیان نەدەبوو هەولێر بكەنە ئامانج. بەڵام بڕیاردەر و پاڵەوانانی كۆماری ئیسلامی تەنیا بۆ گەلانی بێكەس و بۆ هاووڵاتیی سڤیل و منداڵی یازدە مانگی كوردستان ئازا و دلێرن.
لەگەڵ ئەوەشدا ئەگەر چاوێكی خێرا لە بڵاوكراوەكانی تری سایتی بۆلتنیوز و بەشێكی زۆری میدیا ڕەسمیەكانی كۆماری ئیسلامیی ئێران بكەین بۆمان دەردەكەوێ بەرانبەر مافە ڕەواكانی گەلی كوردستان چەند بە ڕق و چەندە بە نەفەسی شۆڤینی و ئاستی نزمی سیاسەتكردن و ڕاگەیاندن دەجووڵێنەوە.
لێرەدا بە خاوەنانی بوڵتنیوز دەڵێین گەلی كوردستان خاوەنی ئیرادە و سەرۆك و دۆزی ڕەوای خۆیەتی و لەڕێی سەربەرزی و سەربەستیی خۆیدا دەریایەك خوێنی داوە، لەبەرانبەر ناڕاستی و هیچ جۆرە گوشار و زوڵم و تاوانێكدا خۆی بەدەستەوە نادات. دەتوانن بمانكوژن بەڵام ناتوانن ئیرادەمان لێ بستێنن.
گەلی كوردستان ڕێزی بێ پایانی بۆ سەرجەم گەلانی ئێران هەیە و حسابی گەلانی ئێران لە دەستەڵات و میدیا چەواشەكارەكەی جیاوازە. بۆ هەموو لایەكیش زۆر باش ڕوون بووەتەوە لەو سیاسەتە شەڕانگێزەدا كە پەیڕەوتان كردووە زیانتان لە گەلانی ئێران و فەڵەستین و سەرجەم ناوچەكە داوە، دڵنیابن شۆڤینیەت و ئینكار و ستەم هیچ عاقیبەتێكی نیە و نابێت.