لیستی مووچەی فەرمانبەر و مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستانی گەیشتە بەغدا. بەڕێوەبەری گشتیی ژمێرکاریش لە وەزارەتی دارایی دەڵێت، “داواکارییە نوێیەکانی وەزارەتی دارایی عێراق هۆکاری درەنگ ناردنی لیستەکە بوون”.
ئەمڕۆ چوارشەممە، 06-03-2024، محەممەد عەبدولقادر، بەڕێوەبەری گشتیی ژمێرکاری لە وەزارەتی دارایی و ئابووریی حکومەتی هەرێمی کوردستان راگەیاند، “لیستی مووچەی فەرمانبەر و مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان گەیشتە بەغدا”.
بە گوتەی محەممەد عەبدولقادر، هۆکاری دواکەوتنی ناردنی لیستەکە بۆ وەزارەتی دارایی عێراق، “داواکارییە نوێیەکانی وەزارەتی دارایی عێراق و هەندێک ئاستەنگی هونەری بوون”.
بەڕێوەبەری گشتیی ژمێرکاری لە وەزارەتی دارایی و ئابووریی ئاماژەی بەوەش کرد، “پێویستە مانگانە بەبێ دواکەوتن شایستە داراییەکانی هەرێمی کوردستان لەلایەن حکومەتی فیدراڵییەوە رەوانەبکرێن”.
حکومەتی هەرێمی کوردستان یەک ملیۆن و 114 هەزار و 194 مووچەخۆری هەیە و کۆی مووچەی مانگانەیان دەبێتە نزیکەی 913 ملیار دینار.
رۆژی دووشەممە، 26-02-2024، تەیف سامی، وەزیری دارایی عێراق لەگەڵ لیژنەی دارایی پەرلەمانی عێراق کۆبووەوە. وەزیری دارایی رایگەیاند، بۆ مانگی (شوبات – دوو) مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان بەپێی ئەو لیستە دەنێرن کە حکومەتی هەرێمی کوردستان دەینێرێت، بەڵام بۆ مانگەکانی داهاتوو پێویستە هەژماری بانکی لە ماوەی مانگێکدا بۆ هەموو فەرمانبەر و مووچەخۆری هەرێمی کوردستان دروستبکرێت.
بە گوێرەی ژمارەیەک بڕیاری دادگای باڵای فیدراڵیی عێراق کە رۆژی چوارشەممە، 21-02-2024، لەبارەی مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان دەریکردوون؛ دەبێت هەردوو حکومەتی عێراق و هەرێمی کوردستان پابەندی یاسایی بودجەی گشتیی فیدراڵی بن و کار بۆ ئەوە بکەن کە مووچەی مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان لە کاتی خۆی دابەش بکرێت. هاوکات سەرۆکوەزیرانی عێڕاقیش پابەند دەبێت بە پێدانی مووچەی فەرمانبەرانی هەرێم و نابێت لەمەودوا قەرز بدرێتە حکومەتی هەرێمی کوردستان بۆ ئەوەی مووچە دابەش بکات.