سەرۆك مەسعود بارزانی، بڕیاردەر و ئەندازیاری ڕاپەڕین و سەرۆكی بەرەی كوردستانی بوو

ڕائیب جادر – هە‌ولێر

دوێنێ سی و سێ ساڵ بەسەر ڕاپەڕینی شاری ڕانیە تێپەڕی. کە لە ٥-٣-١٩٩١ سەری ھەڵدا و دواتر ھەموو شار و شارۆچکەکانی کوردستانی گرتەوە، ڕاپەڕین وانەی زۆری تێدا بوو، نھێنی سەرکەوتنی ڕاپەڕین یەکگرتوویی و یەکڕیزیی ھێزەکانی کوردستان بوو، کە خۆی لە چوارچێوەی بەرەی کوردستانیدا دەبینیەوە، کە توانرا لە ماوەیەکی کەمدا خاکی کوردستان ڕزگار بکەن و کۆتایی بە حوکمی داگیرکەر بێنن.

بەرەی کوردستانی
دوای شاڵاوی ئەنفال و کیمیاباران و ڕاگواستن و تەعریب لە ساڵی ١٩٨٨، بەرەی کوردستانی لە حەوت حیزب و لایەنی ھەرێمی کوردستان پێکھات، کە بەھێزترین لایەنی نێو بەرەی کوردستانی ھەر دوو پارتە سەرەکییەکە پارتی و یەکێتی بوون، لە دوای سێ ساڵ لە دامەزراندنی ئەو بەرەیە و ھاتنە کایەی ھەلومەرجێکی نێوخۆی و نێودەوڵەتی لە ساڵی ١٩٩١ لە ڕانیەوە ڕاپەڕینی خەڵکی ھەرێمی کوردستانی بەرپاکرا.

دەستپێکی ڕاپەڕین
ئەگەرچی ڕاپەڕین لە ٥ی ئاداری ١٩٩١ لە ڕانیەوە، کە ناسراوە بە دەروازەی ڕاپەڕین دەستی پێکرد، بەڵام لە ٣ی ئاداری ١٩٩١ بۆ یەکەمجار وەکو دەستپێکی ڕاپەڕین لە کۆمەڵگەی خەبات و کەڵەکی ھەولێر شەڕ لە نێوان پشدەرییەکان و بنکەی پۆلیس ڕوویدا، ٥ی ئادار ڕاپەرینی گەلی کورد لە شاری ڕانیە لە کاتژمێر ٩ی سەرلەبەیانی بە فەرمی دەستی پێ کرد، لە ھەموو لاوە جەماوەر ڕژانە کۆلان و شەقامەکان، لە ڕادیۆ و بڵندگۆی مزگەوتەکان خەڵکیان ھاندا بۆ ڕاپەڕین.

چیرۆکی ڕاپەڕین
خەڵک تێنووی ئازادی و چەوساوەی دەستی ڕژێمی داپڵۆسێنەری بەعس بوو، بە گەورە و بچووکەوە، تەنانەت ئەوەی پێشتر چەکداری بەعس بوو، ھاوشانی خەڵکی ئاسایی ڕژانە سەر شەقام. گەورە و بچووکی دانیشتووانی شارۆچکەکە بە خۆپێشاندان ڕۆیشتن، بەڵام لە لایەن ھێزە ئەمنیەکانەوە تەقە لە ھاووڵاتییان کرا، بە گوللە وەڵامی ناڕەزایی خەڵکی ستەم دیدە درایەوە، ئەوەش بووە بەشێکی تر لە زیادکردنی حەماسەتی خەڵکەکە و بووە چەپڵەڕێزان، بە ژن و پیاو و گەورە و بچووکەوە، کە ھەزاران کەس ئامادەبوون، چوونە ناو مزگەوتەکان و سوودیان لە بڵندگۆی مزگەوتەکان وەرگرت و بانگەوازی ڕاپەڕینیان ھاوشانی ئێزگەکانی پارتی بە گوێی خەڵکی کوردستاندا دا.
پاشان جەماوەر ھەڵیان کوتایە سەر دامودەزگاکانی حکوومەت، بۆ کاتژمێر ٣ی ئێوارە ڕانیە لە ڕژێم پاککرایەوە، ھەمان ڕۆژ چوارقوڕنە، حاجیاوا و دەشتی بتوێن و سەربازگەی سەرکەپکان ئازاد کران، جگە لە تیپی ٤٤ی چوارقوڕنە پەنجا کەس لە ڕژێم کوژران و سەد کەسیش لە ھاووڵاتییان شەھید کران، ژمارەیەکی زۆر لە سەربازانی ڕژێم گیران، ئەمڕۆژە لە مێژووی کورددا بە ڕۆژی ڕاپەرین و ڕانیەش بە دەروازەی ڕاپەڕین دادەنرێت.

سەرۆک بارزانی لە ڕانیەی دەروازەی ڕاپەڕین
ھاتنی سەرۆک بارزانی بۆ ڕانیەی ئازادکراو، بووە مایەی دروستبوونی ورەیەکی یەکجار گەورە، کە هەر خۆشی یەکێک بوو لە پلان دانەرانی ڕاپەڕین. ھەر لەو مزگەوتەی کە کرابووە ئێزگە بانگەوازی ھاتنی سەرۆک بارزانی ڕاگەیاندرا، بووە چەپڵەڕێزان و دڵخۆشیی خەڵک. دوای هاتنی سەرۆک بارزانی، جۆرێک لە پشتئەستووری دروست بوو، ھەر لە ڕانیە سەرۆک بارزانی وتارێکی پێشکەش کرد و گوتی: ڕاپەڕین و قوربانی و فیداکاری خەڵکی ڕانیە، بارتەقای سی ساڵ خەباتی شۆڕشی کوردە، ئەو وتەیەش تا ئێستە لە زیھنی ڕانیەکاندا ماوەتەوە.

ڕاپەڕین، دەستکەوت، گۆڕانکاری و وەچەرخانێکی گەورەی ھێنایە ئاراوە
ڕاپەڕین لە ٥ی ئاداری ١٩٩١ لە شاری ڕانیەوە دەستی پێ کرد و تا ٢٠ ئاداری ١٩٩١ لە پاش ئازادکردنی کەرکووک، بەو شێوەیە دامودەزگاکانی ڕژێمی بەعس لە ھەرێمی کوردستان کرانە دەرەوە و ژمارەیەکی زۆر لە ئەفسەر و سەربازەکانیان کوژران و زۆریشیان ڕاونران و ژمارەیەکیش پاش بەدیلگرتنیان، ئازاد کران، ڕاپەڕینی ئاداری ١٩٩١ گەلی کورد لە ھەرێمی کوردستان، ڕووداوێکی گەورە و گرنگ و بێوێنەی مێژوویی بوو، دەستکەوت، گۆڕانکاری و وەچەرخانێکی گەورەی ھێنایە ئاراوە.
ڕاپەڕینی ١٩٩١ یان ڕاپەڕینە مەزنەکە، بریتیی بوو لە ڕاپەڕینێکی جەماوەریی خەڵکی ھەرێمی کوردستان لە دژی ڕژێمی بەعس بە پاڵپشتیی ھێزە چەکدارەکانی بەرەی کوردستانی، کە تا ئەوکات لە شاخ و دێھاتەکان لە دژی سیاسەتی کۆمەڵکوژی و پاکتاوی نەژادی کە ڕژێمی بەعس دژ بە گەلی کورد لە ھەرێمی کوردستان پەیڕەوی دەکرد، دەجەنگان.
لە پاش شکستی سیاسی، سەربازی، دیپلۆماسی و ئابووریی ڕژێمی بەعس بە داگیرکردنی دەوڵەتی کوێت ھەلێکی زێڕین بۆ گەلانی عێراق بە تایبەتی گەلی کورد لە ھەرێمی کوردستان ھاتە کایەوە، کە لە بەرامبەر ئەو ڕژێمە سەرکوتکارە ڕاپەڕین و کۆتایی بە داگیرکاری دەیانساڵە بھێنن.

ساڵێک دوای ڕاپەڕین ھەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان کرا
١٤ی ئاداری ١٩٩١ سەرۆک بارزانی وتارە مێژووییەکەی لە کۆیەدا و، مژدەی ھەڵبژاردن و دامەزراندنی پەرلەمانی کوردستان بە ھاووڵاتییانی ھەرێمی کوردستاندا، خەڵک خۆیان بڕیاری خۆیان لە بەڕێوەبردنی ھەرێمدا دەبێت.
ساڵێک دوای ڕاپەڕین سەرکردایەتی سیاسی کوردستان، دەستیکرد بە تاقیکردنەوەی ڕێگەی دیموکراسی بۆ بەڕێوەبردنی ئیدارەی ھەرێمی کوردستان، لە ١٩/٥/١٩٩٢، ھەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان بۆ یەکەمجار کرا، ئەمەش سەرەڕای ناکۆکی و ھاتنە پێشەوەی بارودۆخی نەخوازراوی ناوخۆ، بەڵام بە دەستکەوتێکی گرنگی کورد لە ھەرێمی کوردستان ئەژمار دەکرێت، چونکە لە مێژوودا بۆ یەکەمجار بوو کە کورد خاوەن پەرلەمان و حکوومەت بێت، لە ماوەی چەند ساڵی خۆبەڕێوەبردنی ھەرێمی کوردستان، وەک ھەرێم جگە لە جێبەجێ کردنی پڕۆژە لە سەرجەم بوارەکاندا، سەرکردایەتی سیاسی کورد توانیویەتی لەڕووی دیپلۆماسی پەیوەندییەکانی لەگەڵ وڵاتانی جیھان بەرفراوان بکات و مافەکانی کورد بە ناوەندە سیاسییەکانی جیھان بگەیەنێت، دەسکەوتەکانی ڕاپەڕین زۆرن، لەسەرووی ھەموویانەوە پەرلەمان و حکوومەت و سەرۆکایەتی ھەرێمی کوردستان.

کورد ھێشتا بە مافە دەستوورییەکانی نەگەیشتووە
چاودێرانی سیاسی، دەڵێن: ڕاپەڕین وەچەرخانێکی زۆر گەورە بوو لە مێژووی گەلی کورددا و پەیامێک بوو بۆ دوژمنانی کوردستان کە کورد چیدیکە ژێر دەستی و زۆرداری قەبووڵ ناکات. ئاماژە بۆ ئەوەش دەکەن، دوای سی و سێ ساڵ ھێشتا کورد لەبەردەم مەترسی لەدەستدانی مافە دەستووری و نەتەوەیەکانیدایە، کابینە یەک لەدوا یەکەکانی عێراق سزای سیاسی و ئابووری بەسەر خەڵکی کوردستاندا دەسەپێنن.

ھەواڵی زیاتر